هێمن ئەحمەد
مامۆستایانی خۆبەخش، بەمەبەستی دامەرزاندنیان، لەبەردەم بینای پارێزگای كەركوك كۆبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی و داواكاربوون هاوشێوەی مامۆستایان بە هەمیشەیی دابمەزرێنرێن. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش رایدەگەیەنێت: بۆ گوێگرتن لە داواكارییەكانیان، پارێزگاری كەركوك لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی خۆبەخش كۆبووەوە و دڵنیایی پێدان لە گەیاندنی داواكارییەكەیان و دامەزراندنیان.
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی لیژنەی پەروەردە، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای گوێگرتن لە داواكارییەكانیان، پارێزگاری كەركوك دڵنیایكردنەوە كە نووسراو ئاڕاستەی پەروەردەی كەركوك دەكرێت و داوای رێژەی پێویستی مامۆستا بۆ خوێندنگەكان دەكرێت بۆ دامەزراندنیان. وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە، پارێزگاری كەركوك بەندەی راسپارد نووسراو بۆ وەزارەتی پەروەردەی عیراق بكەم تا لەو حەوت هەزار پلە وەزیفییەدا كە بۆ كەركوك دیاریكراوە، كەرتی پەروەردەش بگرێتەوە و مافی لەپێشینەی دامەزراندن بەوان بدرێت.