لە 250 هەزار هێکتار زەویی پێش جەنگی ناوخۆی سوریا، ئێستا کەمتر لە 35 هەزار هێکتار کاری چاندن و بەرهەمهێنانی پەمووی تێدا دەکرێت
بڕی چاندنی پەموو لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی پێش قەیرانی سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ههروهها بەرلە شەڕی ناوخۆی سوریا، بەرهەمی پەموو لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان، زیاتر له 500 هەزار تۆنی تێپەڕاندبوو، کە بە پلهی دووەم دههات لهسهر ئاستی سوریا و رۆژئاڤای کوردستان بهگشتی، بەڵام دوای شەڕی بەردەوامی سوریا و ئاوارەبوونی هاووڵاتیان و جووتیاران لەسەر گوند و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، ئێستا کۆی بەرهەمی پەموو لە 20 تۆن تێناپەڕێت، واتە نزیکەی 80 % کەمیکردووە.
لە 250 هەزار هێکتارەوە دابەزیوە بۆ چەند؟
هاوکات، لە 250 هەزار هێکتار زەویی پێش جەنگی ناوخۆی سوریا، ئێستا کەمتر لە 35 هەزار هێکتار کاری چاندن و بەرهەمهێنانی پەمووی تێدا دەکرێت.
هاوكات جووتیارانی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی زۆریی تێچووی نرخی كێڵان و سووتەمەنی و ماددەی كیمیایی و قڕکهری زیانبهخشەوە، ئامادە نین ئەم بەرهەمە بچێنن، چونکە نرخی فرۆشتنەکەی و سوودەکەی بە بەراورد بە تێچووەکەی و نرخەکانی ساڵانی پێشوو زۆر کەمە.
ههروهها ئیدارەی خۆسەر نرخی کڕینی تۆنێک پهمووی بە 600 دۆلار دیاریکردووە، و حکومەتی دیمەشقیش نرخی تۆنێکی به 680 دۆلار بۆ جووتیارانی وڵاتهكهی دیاریکردووە.
تا هەندێک بازرگانی مشەخۆر نەیقۆزنەوە
لەلایەکی دیکەشەوە ئەمساڵ ئیدارەی خۆسەریی باکووری خۆرهەڵاتی سوریا رایگەیاندووە: بهرههمی پەموو لە جووتیارانی ناوچەکەیان دەکڕێت، بۆئەوەی دڵنیابێت لەوەی بەرهەمی جووتیاران لەلایەن بازرگانەكانهوە نەقۆزرێنەوە و تووشی زیان نهبن و جووتیارانی رۆژئاوای کوردستانیش ئهم هەنگاوهیان بەرزنرخاندووه بۆ وەرگرتنی بەرهەمەكانیان.
جێی ئاماژەیە، پێش جەنگی ناوخۆی سوریا، رۆژئاوای کوردستان وهك پارێزگای حەسەکە، درباسییە و عامودا و سهرێ كانی، ناوچەی بەپیتی بەرهەمهێنانی پەموو بوون لە رۆژئاوای کوردستان و جووتیارانی ئەو بەشەی کوردستان گرنگییەکی زۆریان بە بەرهەمهێنانی پەموو دەدا.
ئیبراهیم قامیشلۆیی ئەم لاپەڕەیەی ئامادەکردووە