چەند شیکردنەوە و پێشنیازێک

کەلتوری پرسە و رێوڕەسمەکانی ماتەمینی لە کۆمەڵگای کوردیدا

11:43 - 2024-11-03
کەلتور
82 جار خوێندراوەتەوە

د. سەڵاح عەزیز*

زۆربەی هۆڵەکانی پرسە لە مزگەوتەکانن، له‌کاتی بوونی پرسەدا قەرەباڵغییەکی گەورە لە گەڕەکی مزگەوتەکە و شەقامەکانی دەورووبەری دروست دەکات

کاتێک یه‌کێک له‌ ئەندامی خێزانێک کۆچی دوایی ده‌کات (باوک، دایک، مێرد یان ژن، کوڕ یان کچ، برا یان خوشک)، ئەندامانی خێزانەکە دووچاری شۆکێکی سۆزداریی گەورە دەبن‌ کە کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و رەفتاری رۆژانەی ئەندامانی خێزانەکە دەبێت و هەندێکجار بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت. ئەو رێوڕەسمە کۆمەڵایەتی - ئاینییانەی کە ‌دوای پرۆسەی مردن دێت، لەسەر بنەمای دابونەریتی رەگداکوتاوی کۆمەڵگه‌ دامەزراون و زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگه‌ پێوەی پابەند ده‌بن، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی شەخسی دژایەتیشی بکات. دوای زیاد لە دە ساڵ بینینم بۆ ئەو مه‌راسیمانه‌ و ئەزموونی شەخسیم به‌ کۆچی دوایی باوک و دایکم و ژمارەیەک لە ئازیزەکانم، بە پێویستم زانی گفتوگۆی ئەو رێوڕەسمانە بکرێت و هەوڵی گەشەکردنی بدەین بەشێوەیەک کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت.

 رێوڕەسمەکانی ‌دوای مردن
 دوای مردنه‌که‌، راستەوخۆ مردووەکە دەشۆرێت و بە کفنی سپی دادەپۆشرێت، لە مزگەوت نوێژی پرسەی لەسەر ئەنجام دەدرێت، و لە گۆڕستانی موسوڵمانان بە خاک دەسپێردرێت. ئه‌وه‌ی زانراوە بۆ دابەشکردنی گۆڕەکان سیستەمی ئەندازەیی لە گۆڕستانەکاندا نییە (هاوشێوه‌ی دۆخی گۆڕستانەکانی زۆرێک لە شارەکانی جیهانی ئیسلامی)، بنەماڵەی مردووەکە دەبێ زۆر هەوڵبدەن بۆ دۆزینەوەی پارچە زەوییەک بۆ ناشتنی مردووەکانیان، خێزانی مردووەکە بەردەوام سەردانی گۆڕەکە دەکەن و بە تایبەت کەسوکاری پلە یەک. نەبوونی بەڵگە کە ناوی مردووەکان و شوێنی گۆڕەکانیان بپارێزێت، نەوەکانی داهاتوو لە سەردانیکردن بێ بەش دەکات.
مەراسیمی سەرەخۆشی
 مەراسیمی سەرەخۆشی لە گەڕانەوەی گۆڕستانەوە دەست پێدەکات، کە مەلا (یان شێخ) دوای ناشتنی مردووەکە وتارێک پێشکەش دەکات‌ و له‌ شوێنی پرسه‌که‌ به‌ئاگایان ده‌کات. ریزێک لە پیاوان لەبەردەمی مزگەوت یان سەرەتای هۆڵی پرسەکە دەوەستن. که‌ بە زۆری خزم، هاوڕێ، دراوسێ، یان ئەندامانی خێڵن. بنەماڵەی کۆچکردووه‌که‌ بۆ وەرگرتنی سەرەخۆشی لەناو مزگەوتەکە ده‌وه‌ستن. قورئانخوێن چەند ئایەتێک دەخوێنێت و بۆ ماتەمینەکان دەوەستێت بۆ ئەوەی فاتیحە بخوێنن و سڵاو لە کەسوکاری مردووەکە بکەن. بنەماڵەی مردووەکە بەخێرهاتنی میوانەکان دەکەن و دادەنیشن. ماوەی مانەوەی سەردانیکەر بەندە بە نزیکی لە مردووەکە یان یه‌کێک له‌ ئەندامێکی خێزانەکەی. لەکاتی دانیشتنی سەردانیکەر، ئاوی پێشکەش دەکرێت. بە گشتی پێشوازیکردن له‌ سەردانیکەران بۆ پرسه‌که‌ لەماوەی نێوان نوێژی نیوەڕۆ وعه‌سردا ده‌بێت. دوای نوێژی عەسر، ئیمامی مزگەوتەکە وتارێک پێشکەش دەکات و مردن به‌ بیری خەڵک ده‌هێنێته‌وه‌ و نزا بۆ مردووەکان دەکات. بە گشتی ژمارەی رۆژانی پرسه‌ لە مزگەوت لەوانەیە یەک - دوو رۆژ بێت. لەهەمان کاتدا خێزانەکە لە دەرەوەی ماڵی کۆچکردوو خێوه‌تگه‌یه‌ک دادەنێن بۆ پێشوازیکردن له‌ خه‌ڵک. نانی نیوەڕۆ و ئێوارە لەلایەن بنەماڵەی مردووەکەوە بۆ ئامادەبووان دابین دەکرێت. 
سەبارەت بە سەردانیکەرانی ژنان، لە ماڵەوە پێشوازییان لێدەکرێت، یان لە هۆڵێکی تایبەت بە ژنان لە مزگەوتەکەدا، یاخود وەک پیاوان خێوه‌تگه‌یان بۆ دادەنرێت. هەندێک جیاوازی هەیە لە نێوان پیاوان و ژنانی سەردانیکه‌ر بۆ پرسه‌. پیاوان وەک ئەرکێک سەردانی هۆڵی پرسه‌ دەکەن و ماوەیەکی کەم بەسەر دەبەن، لە کاتێکدا ژنان بە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی دەزانن و زیاتر دەمێننەوە. بۆیە گرنگی بە پۆشینی جلوبەرگ دەده‌ن کە رەنگدانەوەی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بێت. هەروەها پیاوان لە کاتی خوێندنی قورئاندا بێدەنگ دەبن، لەکاتێکدا هەندێک لە ژنان قسە دەکەن. لە کۆتاییدا پیاوان دەستتێوەردان ناکەن لە جۆر و بڕی ئەو خواردنەی کە لە ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارەدا پێشکەش دەکرێت. لە کاتێکدا هەندێک لە ژنان دەستتێوەردان لەم کارەدا دەکەن و له‌کاتی رازی نەبوون، رەخنە لە بنەماڵەی مردووەکە دەگرن. بێگومان ناتوانرێت ئەوە گشتگیر بکرێت به‌سه‌ر هەموو پیاوان و ژناندا، بەڵام ئەزموونم رەنگدانەوەی تێبینییەکانمە.
دوای لابردنی خێوه‌تگه‌کان، بنەماڵەی مردووەکە لە ماڵەکانیاندا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، یان بەیانیان، یاخود پاشنیوەڕۆ یان شەوانە، پێشوازی لە میوانەکان دەکەن. هەروەها بەردەوام لە سەردانکردنی گۆڕی مردووەکەدا ده‌بن لە ماوەی چه‌ند هەفتەیه‌کەدا، بەتایبەتی رۆژانی پێنجشەممە و هەینی،‌ لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئازیزەکەیاندا چله‌ دەگرن، یان لە جەژندا سەردانی گۆڕەکەی ده‌که‌ن و...هتد. 

رێوڕەسمەکانی دوای پرسە
 دوای کۆچی دوایی ئازیزێک، خەم و پەژارە بەسەر بنەماڵەی کۆچکردوودا زاڵ دەبێت، جلوبەرگی رەش دەپۆشن، ماوەی پۆشینیان لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر دەگۆڕێت، هەندێک بۆ سێ مانگ و هەندێکیش بۆ ساڵێکی تەواو. لەم ماوەیەدا ئەندامانی خێزان بەشداریان لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا کەم دەکەنەوە و خۆیان لە به‌‌شداربوونی ئاهەنگەکان دەپارێزن، خۆیان بۆ خەم و ئازارەکانیان تەرخان دەکەن. لەگەڵ تێپەڕبوونی ماوەیەکی دیاریکراو لە دوای کۆچیدوایی مردووەکە، هەستی خەم و پەژارە وردە وردە کەم ده‌بێته‌وه‌، و‌ ئەندامانی خێزانەکە دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، یادەوەری ئازیزەکەیان لە دڵیاندا هەڵدەگرن. ژیان گەشتێکه‌ ناوه‌ستێت و خەم و پەژارە ئەگەر گەورەش بێت، دەبێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کاڵ ببێتەوە، شوێنێک بۆ یادەوەریی خۆش و هەستی جوان بەجێده‌هێڵێت.
بەو پێیەی دانیشتوانی شارەکانی کوردستان بایه‌خی زۆر به‌ مەراسیمی سەرەخۆشی ده‌ده‌ن، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەنجامدانی مەراسیمی پرسه‌ دابونەریتێکی گرنگی کۆمەڵایەتییە. زۆرێک ناتوانن دەستبەرداری ببن بە هۆی ترسیان لە رەخنەی کۆمەڵایەتی.

مردن و پرسه‌ لە ئیسلامدا
 قورئانی پیرۆز باسی هیچ رێوڕەسمێکی نه‌کردووه‌ که‌ هاوه‌ڵی مردن و پرسه‌ بێت. ئایەتەکان بە شێوه‌یه‌کی گشتی باسی مردنیان کردووە. دەکرێت هەندێک بڕگەی گشتی لەبارەی مردنەوە وەربگیرێت، کە بنەماڵەی مردووەکان دەبێ چی بکەن و چارەنووسی مردووەکە چییە. لە چەند ئایەتێکدا باس لەوە کراوە مردن یەکێکە لە هەقیقەتی ژیان (سورەتی ا‌لعمران، ئایەتی 185) و ئەگەر ئەوە روویدا، دەبێت بنەماڵەی مردووەکە سەبر بگرن. (سورەتی  البقرة‌ ، ئایەتی 155) خودا وەبیری خەڵکی دێنێتەوە کە شوێنی پشوودانیان لای خۆیەتی و بە پێی کارەکانیان پاداشتیان دەداتەوە. (سوره‌تی یونس، ئایەتی 21). سەبارەت بەو فەرموودانەی کە لە پێغەمبەرەوە (د.خ) گواستراونەتەوە، گریان یان له‌خۆدان یاخود دڕاندنی جلوبەرگ و قوڕکردن به‌ دەموچاو وهاوشێوەکانیدا قەدەغەیە. هەروەها پێغەمبەر (د.خ) ئامۆژگاری بنەماڵە و ئازیزانی مردووەکانی کردووه‌ کە سەبر بگرن و نزا بۆ مردووەکان بکەن. 

پێشنیازەکان
 ئاماژەماندا کە رێوڕەسمی ناشتن و پرسە رێوڕەسمی ئاینی/کۆمەڵایەتییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە شوێنکەوتووانی ئاینە جیاوازەکان رێوڕەسمی جیاوازیان هەیە. نموونەی ئەمەش ئەوەیە کە موسوڵمانێک لە کفنێکدا دەنێژرێت، لەکاتێکدا مەسیحییەک لەناو تابوتێکدا دەنێژرێت. بە هەمان شێوە ژمارەی رۆژانی ماتەمینی لە ئیسلامدا سێ رۆژە، بەڵام لە ئاینی جولەکەدا حەوت رۆژە. ئایا دەتوانین پەرەبدەین  به‌ دابونەریتی کۆمەڵایەتی پەیوەست بە رێکارەکانی مردن و پیاده‌کردنی ماتەمینی بۆ ئەوەی لەگەڵ رێوڕه‌سمه‌ ئاینەکەماندا بگونجێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگه‌دا پتەو بکات؟ بە بۆچوونی من وەڵامەکە پەیوەستە بە گەیشتن بە دوو ئامانج، پابەندبوون بە رێوڕه‌سمه‌ ئیسلامییەکان، ئه‌وه‌ش بە سادەکردنی ئەو پیاده‌کردنانه‌ و رێکخستنی بە شێوەیەکی سه‌رده‌میانه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاسانکردنی رێوڕەسمەکان بۆ بنەماڵەی مردوو و ماتەمینی. له‌پێناو سه‌رکه‌وتنی هەر پێشنیازێک، پێویستە لایه‌نه‌ بەرپرسه‌کان لە کاروباری ئاینی لەگەڵ بەشی فه‌رمانگه‌ کۆمەڵایەتی و کارگێڕییه‌کاندا هاوکار بن بۆ هێنانه‌دی ئه‌و دوو ئامانجەی باسکران. لێرەدا چەند پێشنیازێک دەخەینەڕوو:
یەکەم: دامه‌زراندنی سیسته‌می ئەندازیاریی بۆ گۆڕستانەکان، کە ئاسانکاریی دەکات بۆ پرۆسەی ناشتن و سەردانی گۆڕستان. 
دووەم: دانانی رێنمایی روون بۆ گواستنەوەی مردووەکان، هەڵکەندنی گۆڕ، دانانی مردوو لەناو گۆڕدا، بە ئامانجی دابینکردنی ئاسوودەیی بۆ ئامادەبووان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی بنەماڵەی مردووەکان و به‌کارنه‌هێنانیان.
سێیەم: دانانی رێنمایی بۆ ماوەی ماتەمینی و رەفتاری ماتەمینییه‌کان. 
چوارەم: سنووردارکردنی رۆژانی ماتەمینی بە گشتی بۆ دوو یان سێ رۆژ و هاندانی ئەوانەی ئارەزووی ماتەمینی دەکەن لە هۆڵە دیاریکراوەکاندا و سەردانینه‌کردنی خێزانی مردووەکە.
پێنجەم: دانانی دوو کاتی جیاواز لە وەرزەکانی ساڵدا بۆ پێشکەشکردنی سەرەخۆشی، لە وەرزی زستاندا لە نێوان نیوەڕۆ و عه‌سردا و هاوینیش لە نێوان عه‌سر و خۆرئاوابووندا.  
شەشەم: زیادکردنی هۆڵی هاوچەرخ تایبه‌ت به‌ پێشکەشکردنی سەرەخۆشی بۆ پیاوان و ژنان، شوێنی دانیشتن و وەستان و وەستانی ئۆتۆمبێلی تێدا دا‌بینکرابێت. وەک دەزانرێت زۆربەی هۆڵەکانی پرسە لە مزگەوتەکانن، له‌کاتی بوونی پرسەدا قەرەباڵغییەکی گەورە لە گەڕەکی مزگەوتەکە و شەقامەکانی دەورووبەری دروست دەکات. ئەمەش ده‌کرێت لە رێگەی کەسانی خێرخوازەوە جێبەجێ بکرێت، هەروەها لابردنی بەکارهێنانی خێوه‌تگه‌ لە شەقامەکاندا، چونکە زیان بە خەڵک و دانیشتوانی گەڕەکەکە دەگەیەنێت. 
حەوتەم: دابەشنەکردنی خۆراک بۆ ئامادەبوون. لەکاتی ئارەزووکردنی خاوەن پرسەکە بۆ دابینکردنی خۆراک، پێشنیازی  دیزاینکردنی سندوقێکی تایبەت بە خواردن دەکەم (وەک ئەوەی لە فڕۆکەدا پێشکەش دەکرێت) بەشێوەیەک نرخەکەی بۆ زۆرینەی خەڵک گونجاو بێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت  وتاره‌که‌م  به‌ باسکردنی دوو راستی کۆتایی پێ بهێنم:
 یەکەم: رێوڕەسمی ناشتن و سەرەخۆشی لە دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە دەبێت میکانیزمەکانیان بە شێوەیەک گه‌شه‌ی پێبدرێت کە لەگەڵ سەردەمی مۆدێرندا بگونجێت.
دووەم: رێوڕه‌سمه‌ کۆمەڵایەتییەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر مردووەکان نییە، لە ئایەتە قورئانییەکان و فەرموودەکانەوە دەزانرێت ئه‌وه‌ی دوای مردنی مرۆڤ سوودی بۆ مرۆڤ هەیە، ئەو کارە چاکانەیە کە لە ماوەی ژیانیدا ئەنجامیداوە و بڕوابوونی بە خودای مەزن، و نزای خەڵکی چاکەکار بۆی. 

*سەرۆکی پێشووی زانکۆی کۆمار/ سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان