بەرهەمهێنانی دەرمانسازیی نیشتمانیی
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند: لە دیدارێکی سەرۆک وەزیران لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دەرمانسازیی عیراقی رایگەیاندووە: بەرنامەی حکومەت ئەوەیە کە پشتگیریی پیشەسازیی دەرمانسازیی نیشتمانی بکات، بە جۆرێک کە بتوانێت پێداویستیی ناوخۆیی دابین بکات. وتیشی: خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەرهەمی دەرمانسازیی ناوخۆیی، لەچاو ساڵانی پێشوودا، سێ هێندە زیاتر بووە.
الصباح
حەماس و فەتح لە میسر کۆبوونەوە
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی بی بی سی ی بەریتانی راگەیاند: لە قاهیرەی پایتەختی میسر، بەسەرپەرشتی دەزگای هەواڵگریی میسری، هەردوو رێکخراوی فەتح و حەماسی فەلەستینی کۆبوونەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە هەوڵەکان کراوە بۆ راگرتنی جەنگ. هەروەها باس لە پێشنیازێکی میسری کراوە بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە دوای تەواوبوونی جەنگ.
بی بی سی
داڕمانی سیستمی تەندروستیی لوبنان
د.لونا حەماد نوێنەری رێکخراوی «پزیشكانی بێسنوور» بە رۆژنامەی «الشرق الاوسط»ی راگەیاند: بەهۆی ئەو رەوشە خراپەی کە لوبنان تێیکەوتووە، سیستمی تەندروستیی لوبنان بەرەو داڕمانی تەواوەتی دەچێت. وتیشی: نەخۆشخانەکان دەرمان و کەلوپەلی تەندروستیی پێویستیان نییە بۆ چارەسەرکردنی بریندار و نەخۆشەکان. هەروەها مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەکرێت، بەتایبەتی لەپاش تێكچوونی کەرتی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆی لوبنان.
الشرق الاوسط