بورهان ئەمین ئامادەی دەکات
هەموو جیهان چاویان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە کە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچیت. جگە لە میدیاکانی خودی ئەمریکا، لە زۆربەی میدیاکانی وڵاتان سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی جەنگی روسیا – ئۆکرانیا و غەززە و لوبنان و ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، باس هەر باسی ئەو هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەیە بەو پێیەی سیاسەتی ئەمریکا و پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە زلهێزە لەجیهاندا کاریگەریی لەسەر زۆربەی دۆسێ گەرمەکانی جیهان هەیە.
لەوبارەیەشەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکا رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکایی لە راپۆرتێکیدا نووسیوویەتی: «ئێمە چوار ساڵ سەرۆکایەتیی ترەمپمان بینیووە و دەزانین چەندە زیانی بە وڵاتەکەمان گەیاندووە، ئەو دادوەرە نوێیانەی کە لە دادگای باڵادا دایمەزراندن، ژنانمانیان لە کەمترین مافەکانیان بێبەشکرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە باشەکانماندا تێکدا و دیکتاتۆری وەک «ڤلادیمێر پوتین»ی روسیا و» کیم جۆنگ ئون» ی کۆریای باکووری کردە دۆستی ئەمریکا لە قۆناغێکدا، بۆ «کامالا هاریس»یش لەوکاتەوەی کە بایدن بڕیاریدا خۆی کاندید نەکاتەوە، کەمتر لە چوار مانگی لەبەردەمدا بوو بۆئەوەی خۆی بە میللەت بناسێنێت، ئەو ئێستا جێگری سەرۆکە و لە چوار ساڵی رابردوودا هیچ پێشینەیەکی نەبووە و جێگرێکی بێ دەسەڵات بووە.
واشنتۆن پۆست دەشڵێت: «ئەو پرسیارەی دەنگدەران دەبێت لە 5 ی ئەم مانگەدا وەڵامی بدەنەوە ئەوەیە ئایا میللەت دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی پێش هەڵبژاردنی ترەمپ کە ئەوکات ملیۆنان هاووڵاتی هەڵخەڵەتاندبوو بە گەشەپێدانی دیموکراسی؟
بایدن گۆبەندی گەورەی ناوەتەوە
رۆژنامەی «نیساڤێسیمایا گاسیتا»ی چاپی روسیا لە مانشێتی سەرەکیدا نووسیوویەتی «هەڵبژاردنی ئەمریکا بۆ هەموو جیهان گرنگە» و دەشڵێت: «ئەنجامی شەڕی کۆشکی سپی دەتوانێت بە تەواوی ئاڕاستەی چەند ململانێیەک بگۆڕێت، ئێستا لە کاروباری نێودەوڵەتیدا زۆر شت پەیوەستە بە ئەمریکاوە، کاتێک سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە هەڵدەبژێردرێت، دەبێت مامەڵە لەگەڵ میراتی سیاسەتی دەرەوەی بایدندا بکات، کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا سێ قەیرانی گەورە روویانداوە، شەڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چین و لەکۆتاییشدا گرنگترین ململانێ بۆ ئێمە روسەکان، قەیرانی روسیا – ئۆکرانیایە.
ئەڵمانیا قەرەبووی یۆنان دەکاتەوە؟
هەفتەی رابردوو، سەرۆکی ئەڵمانیا بە سەردانێک چووە یۆنان و لەوێ هەرچەندە داوای لێبوردنی کرد لەئاست ئەو کارەساتەی کە لەساڵی 1941دا لەلایەن نازییەکانەوە بەسەریاندا هاتووە، بەڵام سەرۆکێکی یۆنان پرسی قەرەبووکردنەوەی ورووژاند و ئەمە بووە شۆک لەلایەن گەل و حکومەتی ئەڵمانیاوە، لەمبارەیەوە پۆرتاڵی ئۆنلاینی یۆنانی Nuws 247 دەڵێت: هەشت دەیە بەسەر کۆتایی جەنگی دووەمی جیهاندا تێپەڕیووە، ئەڵمانیای دۆڕاوی جەنگ ئاوەدانکرایەوە و بوو بە زلهێزێکی ئابووری، بەڵام بەرپرسیارێتییەکەی بەرامبەر ئەو وێرانکارییەی کە لە وڵاتانی داگیرکراودا دروستی کرد چارەسەر نەکرد، ئەوان پێیانوایە یاسا کۆنەکان بەسەرچوون، حکومەتەکانی یۆنان بە تێپەڕبوونی کات پرسەکەیان وروژاندووە، ئێستا بە داوای لێبووردنێکی سەرۆک و چەند رستەیەکی جوان رازی نابن، بەڵام رۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگێماینەی ئەڵمانی پێیوایە نابێت لەئەوروپایەکی یەکگرتوودا لاپەڕەی حیساباتە کۆنەکان هەڵبدرێتەوە و (کای کۆن بەبا بکەین)، بەڵام ناشبێت ئەو تاوانانە لەیادبکەین کە ئەڵمانییە نازییەکان دەرهەق بە میللەتانی دی کردوویانە لە دەرکردن و کوشتن و بۆردومانکردنی ملیۆنان کەس و دەیان تاوانی دیکە، ئەم قوربانیانە بوون کە بوونە هەوێنی ئەوروپا و نابێت بە پارەی زۆر و قەرەبوو حسابیان بۆ بکەین.
قەدەغەی دەزگای فریاگوزاریی UN چی دەگەیەنێت؟
لە ساڵی ئایندەوە ئیسرائیل دەزگای فریاگوزاریی فەلەستین UNRWA ی لەناو خاکەکەیدا قەدەغە دەکات، ئەو بڕیارەش ژیان لەناو فەلەستیندا هێندەی تر زەحمەت دەکات.
شرۆڤەکاران رۆشنایی دەخەنە سەر ئەو کەیسە و لەوبارەیەوە رۆژنامەی « لێ تێمپس» کە لەجنێڤ دەردەچێت، نووسیوێتی: «ئەمە راگەیاندنی جەنگە کە نەک تەنها دژی فەلەستینییەکان کە ملیۆنانیان پشت بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستن، بەڵکو دژی سیستمی نێودەوڵەتیشە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا و پرەنسیپەکانە، زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا ئیسرائیلیان لە مەترسیەکانی ئەم هەنگاوە ئاگادار کردووەتەوە.
پاساوی بەرگری لەخۆکردن بێ بنەمایە
هەروەها رۆژنامەی «ڤۆلکسکرانت»ی هۆڵەندیش هەمان بۆچوونی هەیە و نووسیوێتی: «بەرگریکردنی رەوای ئیسرائیل لەخۆی بەرامبەر بە حەماس لە مێژە بووەتە سزایەکی بەکۆمەڵ بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە، ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئەمریکا و ئەوروپا دەبێ سزاکان بەکاربهێنن، بۆئەوەی دیاربێت کە چیتر بەرگەی سیاسەتی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان ناگرن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر ناتوانێت لەبەرامبەر دیمەنە تراژیدییەکانی دۆخی غەززەدا بێدەنگ بێت.