چوونی (TBI) بۆ ناو «هەژماری من» كۆنە و بە مانای «تەوتین» نایەت

01:11 - 2024-11-05
کوردستان
104 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: چوونی بانكی (TBI) بۆ ناو «هەژماری من» بە مانای تەوتین و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی نایەت و وەڵامی داواكاریی مووچەخۆرانیش نییە.
كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: حەوت مانگ لەمەوبەر بانكی (TBI) لەناو فۆڕمی پڕۆژەی «هەژماری من» زیادكرا، بۆیە سەیرە لەكاتێكدا هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی «تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم» چڕبووەتەوە، ئەو بانكە چوونی بۆ ناو «هەژماری من» رادەگەیەنێت. ئاماژەی بەوەشكردووە كە لەو كاتەوە تائێستا (TBI) تەنها چەند سەد هەژمارێكی بانكی كردووەتەوە، تائێستاش رێوشوێنی كردنەوەی لقی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و سۆران و زاخۆ، دانانی ئامێری ئای تی ئێم نەخراونەتەگەڕ.
كاروان یاروەیس، دەڵێت: لە فۆڕمی «هەژماری من»دا، مووچەخۆر دەتوانێت لە خانەی هەڵبژاردنی بانكەكان لە خانەی سەرەكی (TBI) هەڵبژێرێت، بەڵام لە خانەی یەدەگدا ناچاردەكرێت دەبێت بانكێكی ئەهلی هەڵبژێرێت، ئەوەش سەیرە.
هەر لەوبارەیەوە، كاروان یاروەیس، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی: لەگەڵ د.خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی نوێنەران، رۆژی 4/11/2024 لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق كۆبووینەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی مووچەی هەرێم، تەوەری سەرەكی بوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو كە نووسراوی فراكسیۆنی یەكێتی و یاداشت و ئیمزای چوار فراكسیۆنی كوردستانی و 138 پەرلەمانتار و سەرۆكی فراكسیۆنی عیراقی، درایە پارێزگاری بانكی ناوەندی، كە پشتیوانی لە داوای مووچەخۆرانی هەرێم دەكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ تەوتین لەڕێگای بانكە فیدراڵییە حكومییەكانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان