شوناس... و ئازادیی ئەدەبی

ئەو نووسەرە کوردانەی بە زمانێکی دیکە دەنووسن

12:27 - 2024-11-07
ئەدەب و هونەر
294 جار خوێندراوەتەوە

نووسینی: هەیسەم حسێن

و/ نەرمین عوسمان محەمەد



چی شوناسی ئەدەب دیاریی دەکات؟ ئایا زمان یان ئەو مەسەلە و بابەتانەی کە چارەسەریان دەکات؟ ئایا نووسەر مافی هەڵبژاردنی زمانێکی دیکەی هەیە بێجگە لە زمانی دایک، بەبێ ئەوەی بە ناپاکیی بۆ شوناسە رۆشنبیرییەکەی هەژمار بکرێت؟ ئایا زمانێک دەتوانێت تەنها پێوەر بێت بۆ پۆڵین کردنی ئەدەب؟ سەبارەت بە ئەدەبی کوردیی کە بە زمانی عەرەبیی یان تورکیی یان فارسیی نووسراوە نووسەران بەرەو پرسیار گەلێکی زۆر دەبنەوە سەبارەت بە ئینتیمای ئەم ئەدەبە و ئایا ئەم ئەدەبە دەچێتە خانەی ئەدەبی کوردیی یاخود لە کتێبخانەی ئەدەبی عەرەبیی یان تورکیی یان ئەو زمانەی کە پێی دەنووسرێت پۆڵێن دەکرێت.
ئەم پرسیارگەلە دەرگا لەبەردەم گفتوگۆیەکی فراوانتردا دەکاتەوە سەبارەت بە پێناسەی ئەدەب و ئازادیی ئەدەبیی لە هەڵبژاردنی زمان و رەهەندەکانیدا، بەهۆی ئەوەی تێڕوانین بۆ ئەدەب تەنها لەرووی زمانی نووسینەکەیەوە ئاسۆی تێگەیشتنمان بۆ شوناسەکەی تەسک دەکاتەوە بە تایبەتی لە ژێر سایەی توندڕەوییە زمانەوانییەکان کە رەنگدانەوەی پیاکێشانە رامیارییەکان و ململانێ مێژووییە تازەبووەوەکانە.
شاردراوە نییە میللەتی کورد بە درێژایی مێژوو بە دەست دۆخێکی رامیاری وکۆمەڵایەتی سەختەوە ناڵاندویەتی کە بۆتە مایەی فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنی زمان و رۆشنبیرییەکەیان لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە تێیدا ژیاون، ئەم دۆخە مێژووییانە یەکێک بووە لەو هۆکارانەی پاڵی بە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرانی کوردەوە ناوە چەند زمانێکی دیکە بخوێنن لە جیاتی زمانی دایکیان، وەکو زمانەکانی عەرەبیی و تورکیی و فارسیی و بەکارهێنانیان لە نووسینەکانیاندا.
ئەم دۆخە بووبە واقعێکی سەپێنراو بەسەر نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کورددا، بە جۆرێک کە زۆرێک لە رۆشنبیران و نووسەران ناچاربوون بە زمانی ئەوانی دیکە بنووسن کە بووە بە زمانی دایکیان لە پاڵ  زمانە کوردییەکەیاندا لە پێناو بەردەوام بوونیاندا لەگەڵ چەند کۆمەڵگەیەکی فراوانتردا یاخود تەنانەت لەگەڵ خودی کۆمەڵگەکانی خۆیاندا و گەڕان بە دوای دەرفەتدا بۆ بڵاوبوونەوەی کارەکانیان لە سایەی ئەو ستەمەی سەپێندراوە بە سەر زمانی دایکیاندا.
ئەم پەستانە مێژووییانە کاریگەرییان هەبوو بۆ کورد، بەڵام شوناسە رۆشنبیرییەکەیانی لاواز نەکرد و قەدەغەیشی نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆرێک لە نووسەرانی کورد توانیان ئەم زمانە نوێیانە وەبەربهێنن بۆ دەربڕینی مەسەلە و ئەزموونەکانیان بە پارێزگاریی کردن لە رۆحییەتە کوردییەکە بە روونیی لە ناواخنی کارەکانیاندا.                     
کاتێ دەڕوانینە ئەو ئەدەبە کوردییەی بە زمانەکانی دیکە نووسراوە دەبینین دەربڕینی ئەزموونێکی هەمەجۆر و ئاڵۆزە. ئەو نووسەرە کوردەی کە بژاردەی نووسین بە عەرەبیی یاخود تورکیی یان فارسیی دەکات، دەستبەرداری شوناسی خۆی نابێت، بەڵکو خۆی بەو زمانە دەردەبڕێت کە دەرقەتی هاتووە و زانیاریی و زانستەکان و لێکۆڵینەوەکانی پێ فێر بووە و دەگەڕێت بە دوای جەماوەرێکی فراوانتردا و بەردەوامییەکی گەورەتر لەگەڵ جیهاندا، لەرێگەی زمانێکەوە دەکرێت ئامێرێکی گونجاوتر بێت بۆ هێنانە دی ئەو ئامانجە. لەم سۆنگەیەوە پێویستە بەرگریی لە ئازادیی نووسەر بکرێت لە هەڵبژاردنی زمانەکەیدا و ئەوەی گرنگە لەم دۆخەدا ئەو مەسەلانەن کە نووسەر لێیان دەکۆڵێتەوە و چۆنێتی باسکردنیەتی بۆ ئەزموونە مرۆڤایەتییەکە.
ئەو نووسەرە کوردەی بە زمانێکی دیکە دەنووسێت ناکرێت جیا بکرێتەوە لە شوناسە کوردییەکەی تەنها لەبەر ئەوەی زمانەکەی خۆی بەکار ناهێنێت و ئەم زمانە نوێیەش دەبێتە ئامڕازێک بۆ گواستنەوەی ئەزموونەکەی و رۆشنبیرییەکەی بۆ جەماوەرێکی فراوانتر. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە شوناسی ئەدەبی مرۆڤایەتیی فراوان پابەند نیە تەنها بە زمانەوە بەڵکو بەو ئەزموون و ناواخنەوەی کە نووسەرەکە پێشکەشی دەکات، بۆ نموونە (سەلیم بەرەکات) ئەو نووسەرە کوردەی بە زمانی عەرەبیی دەنووسێت و سەدانی دیکەی وەکو ئەویش لە نووسەرانی کوردی سوریا و عیراق کە نووسەری ئەم بابەتە(هەیسەم حسێن) یەکێکە لەوان. ئەم نووسەرە بە وەفا دەمێنێتەوە بۆ رەگ و شوناسە کوردییەکەی ئەگەر چی زمانە ئەدەبییەکەشی زمانی عەرەبیی بێت، بابەتەکانی و دیدە ئەدەبییەکەی رەنگدانەوەی رۆشنبیرییە کوردییەکەی و ئەزموونە تایبەتییەکەیەتی لە بواری فراوانی ئەدەبی عەرەبیدا و ئەو (یەشار کەمال)ەی کە بە تورکیی دەینووسیی باسی لە چەند مەسەلەیەکی تەواو کوردانە دەکرد کە ئەمەش وا لەئەدەبەکەی دەکات لە ناوەڕۆکدا کوردیی بێت تەنانەت ئەگەر ئامرازی دەربڕینەکەیشی تورکیی بێت، لێرەوە دەڵێین بەرەکات و کەمال و هاوشێوەکانیان بە ناپاک یاخود دەستبەرداری شوناسەکانیان هەژمار ناکرێن لەبەر ئەوەی بە عەرەبیی یان تورکیی دەنووسن، بەڵکو ئەوان زمانەکانی نووسینیان بۆ فراوان کردنی بازنەی خوێنەرانیانە و گواستنەوەی ئەزموونە تایبەتییەکانیان بۆ جەماوەرێکی فراوانتر بەکار دەهێنن.
جێی داخە ئەو نووسەرەی کە نووسین بە زمانێکی دیکەی جیاواز لە زمانی دایکی هەڵدەبژێرێت  هەندێک جار بە ناپاکیی تۆمەتبار دەکرێت یاخود وەکو خۆهەڵقورتێنەر لە ئەدەبەکەی دیکەدا تێی دەڕوانرێت، ئەم بیرکردنەوەیە دەرگا لەبەردەم فرە ئەزموونیی و دەوڵەمەندیی ئەدەبدا دادەخات و ئەو نووسەرەی بە زمانی ئەوی دیکە دەنووسێت نە نامۆیە و نە بەکتوپڕیی هاتووە، بەڵکو بەشێکە لە ئەزموونێکی ئەدەبی جیهانیی کە کۆکەرەوەی نێوان رۆشنبیرییەکانە و لە پۆڵێن کردنە ئاسۆتەسکەکان باڵاترە.
جۆرێک لە دووفاقی لەمامەڵە کردن لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا هەیە لەلایەن کوردەوە، هەندێک کورد سەر بەو بۆچوونەن کە نووسین بە زمانێکی بیانی وەکو ئینگلیزیی یان فەڕەنسیی و ئەڵمانیی و ئیسپانیی جۆرێکە لەکرانەوەی ئەدەبیی و وەها دەڕوانێتە ئەو نووسەرانە کەوا دەستکەوتێکی گەورە بە دەستدەهێنن چونکە دەتوانن بگەنە فەزایەکی جیهانیی فراوانتر و ئەمەش دانپیانانی تواناکانیان بۆ بەزاندنی گۆڕەپانە ئەدەبییە جیهانییەکە دەنوێنێت بە هیوای کارتێکردنی، لە بەرامبەردا تێروانینێک هەیە بۆ نووسین بە عەرەبیی یا تورکیی یا فارسیی وەکو ئەوەی جۆرێک بێت لە ناپاکیی بەرامبەر زمانی دایک و هەندێک لەو نووسەرانەی ئەم زمانانە هەڵدەبژێرن دەناڵێنن بە دەست چەندین فشاری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە چونکە بژارەدەکانیان بە جۆرێک پاشگەز بوونەوە لە شوناسی رۆشنبیرییان و باپەند بوون و ئینتیمایان بۆ زمانەکەیان.
زۆرێک لە کوردەکان وا هەست دەکەن زمانەکانی عەرەبیی و تورکیی و فارسیی کۆمەڵە ئامرازێک دەنوێنن بۆ بەردەوامبوونی دەستبەسەردا گرتنی خۆیان و بژاردە رۆشنبیریەکانیشیان، چونکە ئەو زمانانە وەکو کۆمەڵە هێزێکی دەسەڵاتدار هەژمار دەکرێت کە زمانە بنەڕەتییەکەیان قەدەغە و فەرامۆش دەکات بە دیدی خۆیان، بەکارهێنانی ئەم زمانانە جۆرێک لە خۆبەدەستەوەدان و پاشکۆیی بۆ زمانی ئەو وڵاتانەی لە خۆیان دەگرێت، دەنوێنێت. ئەمەش دەبێتە مایەی لە دەستدانی شوناسی رۆشنبیریی و زمانەوانیی.
ئەم دیدە لەو ململانێ زمانەوانییەدا بۆ پاراستنی زمان و شوناسیان لە بەرەو رووبوونەوەی ئەم زمانە باوانەدا بەرجەستە دەبێت و بەشداریی دەکات لە چەسپاندنی هەستەکانی لە دەستدان و بێبەش بوونی رۆشنبیریی لەلای کورد، بۆیە نووسین بە زمانی دایک وەکو جۆرێک لە بەرگریی لە شوناس هەژمار دەکرێت لە کاتێکدا نووسین بە زمانێکی بیانیی «دوور» بە ئامرازێک بۆ هەڵهاتن لەو کۆتە رۆشنبیرییەی  کە زمانەکانی دیکە «نزیکەکان» دەیسەپێنن هەژمار دەکرێت. دوور لە پۆڵێن کردنە ئامادەکراوەکان، ئەدەبی کوردیی نووسراو بە زمانەکانی دیکە، رەنگدانەوەی ئەو هەمەجۆرییە رۆشنبیری و مێژووییەیە کە نەتەوەی کورد تێیدا ژیاوە بە درێژایی مێژوو و ئەو نووسەرە کوردانەی بە زمانی ئەوانی دیکە دەنووسن و بۆتە زمانیان، سەر لەنوێ شوناسی ئەدەبیی خۆیان دەکێشنەوە لە رێگای چەند زمانێکی نوێوە و دەوڵەمەندییەک و هەمەجۆرییەک زیاد دەکەن بۆ جیهانی ئەدەب لە جیاتی بچووک کردنەوەی.
“ئەو نووسەرە کوردەی بە زمانی عەرەبیی یاخود تورکیی یان فارسیی دەنووسێت، دەستبەرداری شوناسی خۆی نابێت بەڵکو خۆی دەردەبڕێت بەو زمانەی کە توانای بەسەریدا  هەبووە”.
ئەم هەمەجۆرییە زمانەوانییە  رەنگدانەوەی ژیانی ئەو کوردانەیە کە بۆ چەند سەدەیەک لە ژێر کاریگەریی چەندین شارستانییەت و کەلتوری هەمەجۆردا ژیاون، پاشان نووسین بە زمانەکانی دیکە بە بەردەوام بوونێکی سروشتیی بۆ ئەم ئەزموونە مێژووییە  هەمەجۆرە هەژمار دەکرێت،  بۆیە پێویست ناکات ئەو ئەدەبە کوردییەی  بە زمانەکانی دیکە نووسراوە لە شوناسە کوردییەکەی دووربخرێتەوە، چونکە زمان لەوانەیە ئامرازێک بێت بۆ دەربڕین بەڵام  تاکە پێوەرێک نییە بۆ دیاریی کردنی شوناسی ئەدەب، ئەو ئەزموونە مرۆڤایەتییەی نووسەرەکە پێیدا تێدەپەڕێت و ئەو مەسەلانەی چارەسەریان دەکات، هەموو ئەمانەش لە نێو ئەو پێکهاتانەن کە ناوەڕۆکی ئەدەب و شوناسەکەی پێکدەهێنن.
پێویستە لە بازنەی ئەم تاوانبار کردنە بێینە دەرەوە و دووربکەوینەوە لە وەسف کردنی نووسەر بە ناپاکیی یاخود نکۆڵیکردن یان دەستدرێژیی کردن تەنها لەبەرئەوەی زمانێکی دیکە بەکار دەهێنێت، چونکە ئەدەب لە سەرەتاوە تا کۆتایی دیلی زمانێک یان نەتەوەیەک نییە، بەڵکو دەربڕینە لە رۆحی مرۆڤایەتی بە هەموو هەمەجۆرییەکانی و دەوڵەمەندییەکەیەوە. لە جیهانی ئەدەبیشدا شتەکان بەو توندییە پێکدادەرە پۆڵێنکراوە لە چوارچێوەدراوە ناپێورێت چونکە شوناس زیندان و کۆت نییە، بەڵکو پانتاییەکی کراوەی ئازادە بەسەر هەمەجۆریی و جیاوازیدا و ئەدەبی راستەقینە سنوورە جوگرافی و زمانەوانیەکان دەبەزێنێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی مرۆڤایەتی گشتگیر، هەروەها ئەو نووسەرەی نووسین بە زمانێکی دیکە هەڵدەبژێرێت دەستبەرداری شوناسەکەی نابێت بەڵکو سەرلەنوێ دەیکێشێتەوە، بە رێگایەک کە توانای بەردەوام بوونی بۆ فەراهەم بکات لەگەڵ چەند چینێکی گەورەتر و فراوان کردنی ئاسۆکانی.
لێرەوە دەتوانین بڵێین شوناسی ئەدەبیی بە تەنها خاوەندارێتیەکەی بۆ یەک زمان نییە بەڵکو کرانەوەیە بە رووی جیهان و ئەزموونەکانی مرۆڤایەتیدا و سوور بووونی هەندێک لەسەر دیاریی کردنی شوناسی ئەدەب بە یەک زمان یاخود یەک رۆشنبیریی بەربەستێکە لە بەردەم ئازادیی ئەدەبیی و لەبەردەم کرانەوەی ئەدەب بەسەر جیهاندا، ئەم ئازادییە ئەدەبییەشە کە وا لە ئەدەب دەکات ئازاد و داهێنەر بێت لە ناوەڕۆکیدا، چونکە سنوورە زمانەوانییەکان و رۆشنبیرییەکان دەبەزێنێت تاوەکو بگاتە  جەماوەرێکی فراونتر و لە چەندین مەسەلەی مرۆڤایەتی هاوبەش بکۆڵێتەوە. زمان بێگومان یەکێکە لە بنەما سەرکییەکانی شوناس و پایەیەکە لە پایەکانی شوناسی ئەدەبیی، بەڵام شوناس نییە بە واتا فراون وکراوەکەی، شوناسی ئەدەبیی لە زمانێکی دیاریکراودا کورت ناکرێتەوە بەڵکو پەل دەهاوێژێت بۆ بیرۆکەکان، مەسەلەکان و ئەزموونە مرۆڤایەتییەکان کە نووسەر باسیان دەکات. نووسەر دەتوانێت لە نێو نووسینەکانیدا هەڵگڕی رۆحی رۆشنبیرییەکەی و شوناسەکەی بێت، تەنانەت ئەگەر بە زمانێکی دیکەش دەریببڕێت.


سەرچاوە: aawsat.com

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان