شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخ

12:33 - 2024-11-07
ئەدەب و هونەر
339 جار خوێندراوەتەوە

دانا رەئووف
بەشی یەکەم


کۆمیدیای یۆنانی، کە بە کۆمیدیای ڕیالیزمی ئاماژەی بۆ دەکرێت، لە ژێر کاریگەرییەکانی ڕیالیزمی ئەورووپیدا دروست بووە

گومان لەوەدا نییە، بۆ ئێمە شانۆی یۆنانی هەمیشە ئەو شانۆ دێرینەی بەر لە سێ هەزار ساڵە، کە سەرەتا و دەستپێکی شانۆی ئەوروپییە و ڕۆڵێکی گەورەی لە شارستانییەت و دروستکردنی شانۆی ئەوروپی و جیهانیدا بینیووە. شتێکی تر سەبارەت بە شانۆی یۆنانی، لە دەرەوەی ئەو شانۆ دێرینەوە نازانین. بێگومان شانۆیەکی تری یۆنانی لە دەرەوەی ئەم کولتوورە دێرینە شانۆییەوە هەیە، کە زۆر دوورە لە بنەماکانی شانۆی گرێکی کۆنەوە. لەم شانۆ هاوچەرخ و نوێیەی یۆناندا، ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یوربیدس نەبوونەتە سەرچاوەیەک بۆ بەردەوامی و گەشەی شانۆی یۆنانی نوێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆتە بەربەستێک. 
  لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، نەوەیەکی نوێی شانۆنووسان لە یۆنان دەرکەوتوون، کە بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز و پێچەوانەوە کارییان کردووە، هەوڵیان داوە پشت بکەنە ئەو کولتوورە شانۆییە دێرین و دەوڵەمەندەی خۆیان و ڕووبکەنە ئەورووپا. ئەم شانۆنامەنووسانە دەکەونە ژێر کاریگەری شانۆی ئەورووپییەوە، نەک شانۆ دێرینەکەی خۆیان. گەر لەم ڕووەوە، ئاوڕێکی خێرا لە شانۆی هاوچەرخی یۆنانی بدەینەوە، بە ئاشکرا دەبینیین، کە لە ژێر کاریگەری شانۆی ناتورالیزم و ڕیالیزمی ئەورووپیدا گەشەی کردووە، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ له‌ گه‌شه‌کردندا بگاته‌ ئاستی گه‌شه‌کردنی شیعر و ڕۆمانی گریکیی هاوچه‌رخ. 
  بەشێکی زۆری دەقە شانۆییە نوێیەکانی یۆنان لەسەر بنەماکانی کۆمیدیایەکی سۆزداریی ساکار بنیاتنراوە، کە پشت بە داب و نەریتە میللییەکانی خۆیان ده‌به‌ستن، تێکه‌ڵه‌یه‌کن لە کۆمیدیایەکی ساکار و گۆرانی میللی. لەم ڕووەوە، بە تایبەتیش لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکیشەوە، کاریگەری شانۆی فودفێلی فەڕەنسییان بەسەرەوەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەو فۆرم و ناوەڕۆکەیان لەنێو گۆرانییە میللییەکانی خۆیاندا بەرجەستە کردۆتەوە. دەکرێت بڵێین، کاریگەرییەکانی شانۆی فەڕەنسی بەسەر شانۆی یۆنانییەوە، بە تایبەتیش لەم لایەنەوە بە ڕوونی دیارە. شانۆی کۆمیدی و فودفێلی فەڕەنسی، کە پێوەندانگە درامی دەقەکانییان هێندە بەهێز نین و زیاتر لە کۆمیدیایەکی ساکاردا چڕ دەبنەوە، کە هەندێ جار ڕەخنەیەکی توند و ڕاستەوخۆیە لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو کۆمەڵگە، بە تایبەتیش سیاسییەکان. شانۆنامه‌نووسه‌کان پشت بەوە دەبەستن، کە تا چەند دەتوانن بینەرەکانییان بخەنە پێکەنین. ئەم شێوازەیش بۆ یۆنانییەکان زیاتر گونجاوە، بەتایبەتیش گەر سەیرێکی مێژوو و شانۆنامەکانی «ئەرستۆڤانیس» بکەین، وێنەیەکی ئەو شانۆیەیە. ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە، زۆربەی ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوانی بواری شانۆ، ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە سەرچاوەکانی ئەم تەوژمەی شانۆی یۆنانی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ دەقە کۆمیدیاکانی «ئەرستۆڤانیس». ئەوەیشمان لە بیر نەچێت، کە ئەرستۆڤانیس و کۆمیدیای کۆنی گرێک، کاریگەرییەکی بەهێزی بەسەر شانۆی فەڕەنسییەوە هەبووە؛ ئێستا ئەم کاریگەرییە بە شێوەیەکی تر دەگەڕێتەوە و لە شانۆی یۆنانی هاوچەرخدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم کاریگەرییەی ئەرستۆڤانیس، زیاتر لە ڕووی ناوەڕۆکەوەیە، بۆ نموونە ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە ڕێی شانۆی فەڕەنسییەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخ. 
  لە پاڵ ئەم شانۆ کۆمیدییە ساکارەدا، شانۆیەکی تراجیدی نوێش لە شانۆی یۆنانیدا دەرکەوتووە. لە بری ئەوەی ئەم شانۆ تراجیدییە نوێیە لە ژێر کاریگەری ئەو کولتوورە دەوڵەمەندەی خۆیاندا گەشە بکات، گەڕاونەتەوە بۆ شانۆی ئەوروپی. نووسەرە شانۆییە نوێیەکانی یۆنان کاریان لەسەر شەکسپیر کردووە، نەک تراجیدیا دێرینەکەی خۆیان. دەبێت لێرەدا، بە ڕوونی ئەوە دووپات بکەینەوە، کە نووسەرانی شانۆی تراجیدی نوێی یۆنانی، توانیویانە ئەو کاریگەرییە شەکسپیرییە لە فۆرمێکی تازەدا دابڕێژنەوە و بەرجەستەی بکەن. ڕەخنەگرە یۆنانییەکان، تەنانەت شانۆکارەکانیشیان، باسی ئەوە دەکەن، کە کاریگەرییەکانی شەکسپیر لە دیمەنێک یان ڕەوشێکی دیاریکراوی شەکسپیریدا دەرناکەوێت، بەڵکو ئەو کاریگەرییە لە به‌کارهێنانی فۆرم و ناوەڕۆکە هونەرییە گشتگیرە شەکسپیرییەکەدا دەردەکەوێت.
بە شێوەیەکی گشتی گەشەی شانۆی یۆنانی، جگە لە شەکسپیر، وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، لە ژێر کاریگەرییەکانی قوتابخانەی ڕیالیزمی ئەورووپیدا بووە؛ تەنانەت کۆمیدیای یۆنانی، کە بە کۆمیدیای ڕیالیزمی ئاماژەی بۆ دەکرێت، لە ژێر کاریگەرییەکانی ڕیالیزمی ئەورووپیدا دروست بووە و گەشەی کردووە، بە شێوەیەک کۆمیدیای واقیعی بۆتە تەوژمێکی تازە بۆ شانۆی یۆنانی ئەمڕۆ. بێگومان لەم ڕووەوە، دەبێت باسی ئەوەیش بکەین، کە ڕیالیزم لە شانۆی یۆنانی نوێدا، بە هەمان شێوەی ڕیالیزمی ئەورووپی، جگە لە کۆمیدیا، چەندین ئاڕاستەی تری لەخۆ گرتووە، بۆ نموونە کۆمەڵایەتی و دەروونی. 
  شانۆی ڕیالیزمی یۆنانی سروشتی لە ئیبسن، چێخەف، هوبتمان و سترییندبێرگ وەرگرتووە، بە تایبەتی لای هەندێک لەو شانۆنامەنووسانەی توانیویانە، لە ژێر کاریگەری ستریندبێرگ-دا خەون و واقیع تێکەڵاو بکەن.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان