چیرۆک بۆ منداڵان

کڵاوسوور، کتێبێک لە نێوان قەدەغەکردن و رێپێداندا

12:45 - 2024-11-07
ئەدەب و هونەر
320 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئەرسەلان حەسەن

چیرۆکـــی «کڵاو ســــوور» یەکەمجار لەدەرباری لویی چواردە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان کرا بە کتێب. لەسەرەتای سەدەی هەژدەدا وەرگێڕدرا بۆ ئینگلیزیی و لەسەدەی نۆزدەدا برایانی گریم بۆ ئەڵمانی ئیقتباسیان کرد. چیرۆکەکە لەهەر چاپێکدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی تووندوتیژییەکەی دەگۆڕدرا. رەخنە  هەم توندوتیژیی چیرۆکەکە و هەم لە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ مەیدا دەگیرێت و باوەڕوایە پێویستە لەکتێبەکانی ئەمڕۆدا نەمێنن. 
کڵاوسوور، بەشێکە لە کۆمەڵە چیرۆکێکی پەند و ئەفسانەئامێز، یەکەمجار ساڵی 1697 لە پاریس بڵاوکرایەوە و «چارڵز پێرۆڵت» بە مەبەستی پەروەردەکردنی منداڵانی دەرباری لویی چواردە، لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی ئەورووپا وەریگرتبوو. ساڵی 1729 رۆبێرت سامبەر، چیرۆکەکانی پێرۆڵت بەناونیشانی (چیرۆک و حیکایەتەکانی رۆژگاری رابردوو)ی کرد بە ئینگلیزیی. چیرۆکی کڵاوسوور بەتێپەڕبوونی کات گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. وەشانە بەناوبانگەکانی چاپکردنی کتێبی چیرۆکی منداڵان لە ئەمریکا، جیکۆب و ویلهێلم گریم بەچیرۆکەکەدا چوونەوە و لە ساڵی1821 لە ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە. یەکەم وەرگێڕانی وردی ئەم کۆمەڵەیە بۆ ئینگلیزیی لە ساڵی 1942 دا بەناوی ئەفسانەکانی برایانی گریم چاپکرا. 
پووختەی چیرۆکی کڵاوسوور
چیرۆکـــی «کڵاو ســــوور» حیکایەتی کچۆڵەیەکی خوێنشیرینە، بە مەبەستی سەردانیی کردنی نەنکی بە زەمیلەیەکی پڕ لە میوە و شەرابەوە دەڕوات، رێگای ماڵی نەنکی بەناو دارستاندا تێپەڕ دەبێت، لە ناوەڕاستی رێگاکە گورگێکی لێ پەیدا دەبێت و لێی دەپرسێ بۆکوێ دەچیت؟ ئەویش مەبەستەکەی خۆی پێ دەڵێت، گورگەکە قەدبڕ خۆی دەگەیەنێتە ماڵی نەنکی کڵاوسوور و دەیخوات و بەجلی نەنکییەوە چاوەڕوانی دەبێت. کچۆڵەکە بە بینینی نەنکی رادەچڵەکێت و سەبارەت بە ئەندازەی چاو و گوێ و ئەندامەکانی دیکەی لە گوورگەکە دەپرسێت.
دوا دیالۆگیش ئەمەیە: «وەی نەنە ددانێکی گەورەی چەندە سەیرت هەیە!» گورگ بەبیستنی بەرەوپێشەوە بازدەدا و هاوار دەکات «بۆ ئەوەیە بتخۆم.» پاشان کڵاوسوور دەخوات و کاتێک گورگەکە دەخەوێت، راوچی دەردەکەوێت، ورگی گورگەکە هەڵدەدڕێ و کچۆڵەکە و نەنکی رزگار دەکات. بەردی زل کۆدەکەنەوە و ورگی گورگەکەی پێدەئاخنن. پاشان ئاهەنگ دەگێڕن، شەراب دەخۆنەوە و ئەوخواردنە دەخۆن کە کچۆڵەکە بۆ نەنکی هێنابوو. 
چیرۆکی سانسۆرکراوی کڵاوسوور
چیرۆکی پێڕۆڵت لە بنەڕەتدا لەو شوێنەدا تەواو دەبێت، گورگ کڵاوسوور دەخوات و باسی راوچی و رزگارکردنیان ناکات. بە راشکاویی دەرئەنجامی ئاکاری پیڕۆڵت نەگوتراوە، بەڵام ئامانجی چیرۆکەکە هۆشیارکردنەوە بووە لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ غەریبە و گەشتی بەتەنیا. هەندێک نووسەر لـــــەو باوەڕەدان چیرۆکــەکە بەشێوەیەکی تایبەت بۆ ژنان و کچان نووسراوە تا بوونی هاوڕێ و پشتگیریی پیاوانیان بیربهێنێتەوە. 
برایانی گریم کۆتایی چیرۆکی کڵاوسووریان رازاندەوە، چونکە ئامانجیان زیاتر سەرگەرمیی بوو تا پەیامە ئاکارییەکەی چارڵز پێرۆڵت. ئەوان رواڵەت و رەفتاری تووندوتیژی گورگەکەیان پاراست، بەڵام جەنگەڵبانێکی بەهێزیان هێنایە ناو چیرۆکەکەوە تا دوو ژنە قووربانیەکە رزگار بکات. گێڕەرەوە ئەمریکییەکانی چیرۆکەکە، کۆتایییە تازەکەی برایانی گریمیان پاراست، بەڵام بەرکەوتنیان لەگەڵ تووندوتیژیی رووداوەکــــان جیـــابوو، جەنگــــەڵبانی تووندوتیژییان بە راوچیی بەخشندە گۆڕیی کە کڵاوسوور و نەنکی رزگار دەکات. 
زیاتر ئاڵنگاریی چیرۆکەکە لە ئەمریکا، پەیوەست  بوو بەو چاپانەوە کە ساڵی1989  وەشانی (Houghton Mifflin) بڵاویکردنەوە. ساڵی1990 لە شاری ئیمپایەری ویلایەتی کالیفۆرنیا، قوتابخانەی هەرێمەکە کتێبەکەی قەدەغەکرد چونک بەگوتەی دایبابان، شووشەی شەرابەکە لەکۆتایی چیرۆکەکەدا «خواردنەوەی مەی قەدەغە ناکات»، جگەلەوەش بەڕێوەبەری هەرێمەکە نیگەرانیی دەربڕی کە دیمەنی رزگارکردنی کڵاوسوور و نەنکی لە ورگی گورگەکە زۆر تووندوتیژە و بۆمنداڵان گونجاو نییە. 
هەمان ساڵ کتێبەکە لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی شــــــاری کالڤەر سیتی کایلفۆرنیاش قەدەغەکرا، چونکە بەگوتەی بەرپرسان کتێبەکە «وێنەیەکی نادروستی خواردنەوەی مەی نیشانی منداڵان دەدات»، بەتایبەتی لەبەشی کۆتایی چیرۆکەکە نیگەران بوون کە راوچی گورگەکە دەکوژێت و نەنکی قومێک شەراب دەخواتەوە و دوای ئەوە خۆی بەساغ و بەهێز دەبینێت. بوونی بتڵی شەراب لە وێناکردنی چیرۆکی کڵاوسووردا لە ساڵی1990  لە قوتابخانەی بنەڕەتیی کێلی کاونتی فلۆریداش ناڕەزایی دایک و باوکانی منداڵانی پۆلەکانی پێنجەم و شەشەمی لێکەوتەوە. دەستەی ئەمینداری قوتابخانە لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ تاوتوێ کردنی ناڕەزایی دایکان و باوکان لە ناوەڕۆکی کتێبەکە، بڕیاربوو تاڕاگەیاندنی رای لیژنەکە کتێبەکە لەبەرنامەدا لاببرێت، پاش راگەیاندنی رای لیژنەکە، بەمەبەستی پاراستنی کتێبەکە لە ناو بەرنامەی خوێندندا دووبارە کڵاوسوور بۆ ناو پۆلەکان گەڕاێنرایەوە.
ساڵی1991 مامۆستایەک لە برادفۆرد کاونتی فلۆریدا، بەهەنجەتی ئەوەی لە کتێبەکەدا رەفتاری گورگەکە هاندەری تووندوتیژییە، چەند پرسیارێکی لە گونجاوبوونی کاری کچۆڵەکە کرد، کە شەراب بۆ نەنکی دەبات و نەنکی شەرابەکە دەخواتەوە، کتێبەکەیان لەناو دۆڵابی کتێبەکانی «متمانەی سنووردار»دا دانا.
واتا کتێبەکە تەنیا بەخواستن دەدرا بەخوێندکاران و بڕیاربوو خوێندنگەکە چاپێکی بێ مەی ئامادە بکات. هەروەها دوو مامۆستا لە لیڤی کاونتی فلۆریدا دژی ئەم کتێبە بوون و داوای کۆکردنەوەیان کرد، بەڵام لیژنەی پسپۆڕانی فێرکردن و دایکان و باوکان، دژیان بوون.
 vinesh.ir

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان