نزار ئامێدی بۆ کوردستانی نوێ :

لە سەردانی سودانی بۆ هەرێم، پرسی نەوت و بودجە و مووچە و هەڵبژاردنی پەرلەمان تاوتوێ دەكرێن

11:12 - 2024-11-12
کوردستان
165 جار خوێندراوەتەوە
#سەردانێكی پێشتری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ سلێمانی فۆتۆ: ئەرشیف

تەها عەبدوڵڵا

بڕیارە سەرۆك وەزیرانی عیراق بەسەردانێك بگاتە هەرێم و چەندین كۆبوونەوە لە هەولێر و سلێمانی بکات. وەزیرێكی كابینەكەشی، باس لە ئامانجی سەردانەكەی دەكات.
ئەندازیار نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی بۆ هەرێم، گرنگی زۆری هەیە و لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەماهەنگی نێوان هەردوولا لەسەرجەم بوارەكاندا گفتوگۆدەکرێت، وتیشی: ئەوەی چاوەڕواندەكرێت لەو سەردانەی سودانی بۆ هەرێم گفتوگۆیان لەبارەیەوە بكرێت، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە، تا ئەو گرفتانە چارەسەربكرێن، كە پەیوەندییان بە حەقدەستی كۆمپانیاكانەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ باس لە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی گرفتەكان دەكات، كە ماوەیەكە قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەكرێت، وتیشی: پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، خاڵێكی تری گفتوگۆكانی سودانی و لێپرسراوانی هەرێم دەبێت، كە بەغدا دەخوازێت هەرچی زووە حكومەتێكی شەرعی نوێ پێكبهێندرێت و پەرلەمانی كوردستان دەستبەكارببێتەوە.
باسی لەوەشكرد لە گفتوگۆكاندا، تیشك دەخرێتەسەر بابەتە ئەمنییەكان و مەترسیی تێوەگلاندنی عیراق لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەدا، هاوكات رەوشی ئەمنیی سنوورەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكان دەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان