سەرۆكی زانكۆی كۆیە بۆ کوردستانی نوێ :

سەرۆك بافڵ، پێداویستیی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆكەمانی دابینكردووە

11:18 - 2024-11-12
کوردستان
82 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

سەرۆكی زانكۆی كۆیە رایدەگەیەنێت: لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی زانكۆكان، بەشە ناوخۆییەكان پێویستیان بە رێكخستنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكان هەیە، ئاماژە بەوەش دەكات لەم كاتە پێویستەدا لەلایەن سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، هاوكاریی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی كۆیە كراوە و پێداویستییەكانیان بۆ دابینكراوە، وتیشی: بەناوی سەرۆكایەتیی زانكۆوە سوپاسی دەكەین.
پ.ی.د.محەمەد حەسیب سدیق سەرۆكی زانكۆی كۆیە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو هاوكارییەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بەسەرپەرشتی د.هاوڕێ شێخ دارۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، گەیەنرایە زانكۆی كۆیە، لەكاتێكی زۆر پێویستدا بوو. وتیشی: ئەو هاوكاریانە لەكاتێكدا بوو چەند رۆژێكە ناوی خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی زانكۆكان دەرچووە و پێویستیان بە بەشە ناوخۆییەكی گونجاو هەیە، بەتایبەتی ئەمساڵ ژمارەی خوێندكارانی قۆناغی یەكەم لە زانكۆكەمان بەراورد بە ساڵی رابردوو 800 خوێندكار زیاترە.
راشیگەیاند: ئەو هاوكارییانەی پێشكەشكراون، پێداویستی زۆر گرنگ بوون بۆ بەشە ناوخۆییەكان، وەك ژووری نووستن و چێشتخانە و ساردكەرەوە و چەندین پێداویستی تری كارەبایی، ئەمە جگەلەوەی ماوەی سێ هەفتەیە تیمێكیان لێرەن كار بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان دەكەن.
سەرۆكی زانكۆ وتی: ئەو خەمخۆرییەی سەرۆك بافڵ، نیشانەی تێگەیشتنی بەڕێزیانە لە پێگە و رۆڵی زانكۆ لەسەر كۆمەڵگە، كاتێك خزمەتی زانكۆیەك دەكەیت، واتا خزمەتی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستانت كردووە، بەوپێیەی ئەوانەی لە بەشی ناوخۆیی دەمێننەوە خەڵكی هەموو شوێنەكانی تێدایە، نەك تەنیا ناوچەیەكی دیاریكراو. وتیشی: هەڵوێستی لەو جۆرە لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چاوەڕوانكراوە، بەتایبەتی بۆ زانكۆی كۆیە كە بەردی بناغەكەی لەلایەن سەرۆك مام جەلال-ەوە دانراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان