خالید ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی راپەڕین لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، هۆشداریی دەداتە جووتیارانی سنووری ئیدارەی راپەڕین كە زەوییەكانیان بە بەرهەمی هەمەجۆر دابچێنن و تەنها پشت بە گەنم نەبەستن.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی راپەڕین، رایدەگەیەنێت: ساڵی رابردوو رووبەری 158 هەزار دۆنم زەوی لە ئیدارەی راپەڕین بە گەنم و جۆ داچێنرا و بەرهەمەكەشی بە 60 هەزار تۆن خەمڵێنرا، كە لەلایەن پێنج هەزار جووتیارەوە سەرپەرشتی دەكرا، وتیشی: ئەوەش گرفتی بۆ زۆرێك لە جووتیاران دروستكرد لەكاتی رادەستكردنی گەنم و جۆكانیان بە سایلۆكان، پێشبینیش دەكرێت ئەمساڵ رێژەیەكی زیاتر لە گەنم و جۆ بەرهەمبهێنرێت، بۆیە داوا لە جووتیارانی سنوورەكە دەكەین هەموو زەوییەكانیان بە گەنم و جۆ دانەچێنن تا تووشی وەرنەگرتنی بەرهەمەكانیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە نەبنەوە، لەكاتێكدا ئەوە روونە كە حكومەتی عیراق رێژەیەكی سنووردار لە گەنم و جۆ وەردەگرێت.
باسی لەوەشكرد، پێویستە جووتیاران بیر لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی دیكە بكەنەوە و بازاڕی ئەو بەرهەمانە ببوژێننەوە و بەگشتیش هاووڵاتیان خواستێكی زۆریان بۆ بەرهەمی خۆماڵی، بەتایبەت بەرهەمهێنراوی دەشتەكانی پشدەر و بیتوێن هەیە.