خۆشنووس رەجەب نورەدین حوسێن كە بە رەجەب كەركوكی ناسراوە، لە نەتەوەی توركمانە، لە ساڵی 1965دا لە شاری كەركوك لەدایكبووە، لەساڵی 1994 ەوە ئەندامە لە كۆمەڵەی خۆشنووسانی عیراق و ئەندامیشە لەسەندیكای هونەرمەندانی عیراق .
خۆشنووس رەجەب كەركوكی بە دوالاپەڕەی وت: لە سەرەتای هونەری خۆشنووسیم زۆر كاریگەربووم بە گەورە خۆشنووسان محەمەد عیزەت و عەبدولڕەحمان دەروێش و عەونی نەقاش و هاشم بەغدادی، هەروەها خۆشنووسان شاهین كەركوكی و ئەیوب قوشچی پشتگیریی سەرەكیم بوون .
وتی: زۆربەی جۆرەكانی خۆشنووسیی دەزانم، بەتایبەتی (دیوانی و ئیجازە و تەعلیق) و تا ئێستا بەشداریم كردووە لە دوو پێشانگەی تایبەت، یەكەمیان ساڵی 2016 كە بە سەرپەرشتی كۆمەڵەی خۆشنووسانی كەركوك رێكخرابوو و سەدایەكی گەورەی هەبوو لەسەر ئاستی عیراق و نیشتیمانی عەرەبی، پێشانگەی دووەمم ساڵی 2017 بە سەرپەرشتی ماڵی رۆشنبیری كەركوك رێكخرا.
وتیشی: چەند دراساتێكی رەخنەیی لە دووتۆیی كتێبێك چاپكراوە لەلایەن د. ورەخنەگری میسری مەحمود فەتحی سەبارەت بەو رۆڵەی گێڕاویەتی، ئەمە جگەلە بە دەستهێنانی چەندین خەڵاتی تایبەت بە كارە هونەرییەكانی خۆشنووسی لەناوەوەو دەرەوەی عیراق.
رەجەب كەركوكی رۆڵی لقی كەركوكی كۆمەڵەی خۆشنووسانی عیراقی بەرز نرخاند لە هەوڵی بەردەوامی بۆ پێگەیاندنی خۆشنووسە بەهرەمەندەكان و كردنەوەی خولی بەردەوام و رێكخستنی پێشانگەی هاوبەش بۆ نمایشكردنی تواناكانیان .
رزگار شوانی – كەركوك