تاهیر حەمە ساڵح عەلی، ناسراو بە تاهیر غولامی ساڵی 1971 لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە دایكبووە.
وێنەگر تاهیر غوڵامی بە دوالاپەڕەی وت: لە هەڵەبجە لە دایكبووم و ئێستا لە سلێمانی دەژیم، تا پۆلی شەشم خوێندووە و ئێستاش پێشمەرگەم لە لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی.
وتی: هەر لە منداڵییەوە هۆگری وێنە و كامێرا بووم و لە ساڵی 2013 بە شێوەیەكی جدی دەستم بە وێنەگری كردووە و بووم بە خاوەنی كامێرای خۆم و سەربەخۆ كار دەكەم و بە پێی توانا هەموو چالاكییەكانی سلێمانی روماڵ دەكەم بە بێ جیاوازی و بەشداریشم لە خولی راهێنان كردووە و ئەركی وێنەگر گواستنەوەی جوانییەكانە و زۆرجار لەگەڵ گروپە شاخەوانییەكان دەچم بۆ گەشت و سەیران بۆ ئەوەی وێنە جوانیەكانی سروشتی كوردستان بگرم، بەداخەوە مۆبایل تەنگی بە كامێرا هەڵچنیوە.
سنورم دانەناوە بۆخۆم، بەڵام زۆرترین كارم هەڵەبجە و سلێمانی و دەوروبەری زۆرجاریش لەگەڵ گروپە شاخەوانیەكان گەشت دەكەم بۆ گەیاندنی جوانییەكانی سروشتی كوردستان.
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە خولی راهێنەكان بۆ وێنەگران زیاد بكرێت، چونكە رۆژ بە رۆژ دنیای تەكنۆلۆژیا گەشە دەكات و ئامێر و كەرەستەی نوێ دێتە ئاراوە.
ئالان محەمەد جەزا