ئا: ئارێز حسێن
ئەڵقەی سێیەم
ناوچەی حەلایب لە نێوان میسر و سوداندا
ناوچەی حەلایب ناوچەیەکە دەکەوێتە بەرە ئەفریقییەکی سنووری دەریای سوورەوە و رووبەرەکەی 20.580 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
ئەو ناوچەیە هەرێمێکە سێ شارۆچکە لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە حەلایب و ئەبو رەماد و شەلاتین. حەلایب بە گوێرەی دیفاکتۆ لە رووی سیاسیی و کارگێڕییەوە لەژێر قەڵەمڕەویی میسردایە، بەڵام لە راستیدا ناوچەیەکی جێناکۆک و مایەی مشتومڕە لەنێوان هەریەکە لە میسر و سوداندا.
لەلایەن سودانەوە بەو ناوچەیە دەوترێت سگا بە ناوە ئینگلیزییەکەی سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیا لەو ناوچەیە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لەیەک ئیتنیکن و چەند کەمینە و ئیتنیکێکی دیکەشی لەخۆگرتووە وەک بەگا کە سەربە هۆزەکانی بەشاریین و حەمداو شەنیترات و عەبابیدەن.
سەنتەری شارۆچکەی شەلاتیین بە سامانی ماسی بەناوبانگە و چیای عەلبەش دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتییەوە و پێنج گوند لەخۆ دەگرێت و بەگشتی ناوچەکە زەوییەکی بەپیتی هەیە بۆ کشتوکاڵ کە پشت بە باران و ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت بۆ ئاودێری.
لە رۆژی 18 ی شوباتی ساڵی 2014-وە میسر لای خۆیەوە خاوەندارێتیی حەلایبی بۆخۆی یەکلایی کردۆتەوە و کردوێتی بە شار و بۆ ئەو مەبەستەش بڕێکی باش بودجەی بۆ تەرخانکردووە بەمەبەستی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی بۆ دانیشتوانەکەی، بەتایبەتیش دابینکردنی چەند کارگە و کارخانەیەک لەڕێ بەرهەرمهێنانی کارەباوە بە وزەی خۆر.
خزمەتگوزارییەکانی میسر بۆتە مایەی راکێشانی خەڵکێکی زۆر لە سودانەوە بەرەو حەلایب، چونکە ئەو خزمەتگوزارییانەی کە میسر بۆ ئەو ناوچەیەی دابینکردووە، لە سوداندا نییە، وەک خانووی ئامادە بە هەموو پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک ئاوو کارەبای بێ بەرامبەر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و خوێندنی بەخۆڕایی و دابینکردنی مووچەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵەوەیە و بیمەی بێکاریی و خەرجیی رۆژانە بۆ خوێندکاران.
کنە و پشکنین بەشوێن نەوت و غازدا
لە ساڵی 2019ەوە میسر زیادکردنێکی ئاشکرای راگەیاند بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بەمەبەستی کنە و پشکنین بۆ نەوت و غاز لە کەنارەکانی دەریای سوور بەتایبەتی لە سنووری حەلایب کە پێکهاتووە لە 10 سەکۆ بۆ گەڕان، ئەوەش وایکرد خەرتوم باڵیۆزی میسر لە وڵاتەکەی بانگ بکات و هۆشداریشی دا بە کۆمپانیاکان بۆ گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە حەلایب.
ریشەی ناکۆکییەکە و دەستی ئینگلیز
رەگ و ریشەی ناکۆکیی میسر و سودانیش لەسەر حەلایب، هەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکاریی ئینگلیزەکان بەرلە جیاکردنەوەی سودان و میسر لە یەکتری، چونکە لە ساڵی 1899دا کاتێک حکومڕانیی هاوبەشی میسر و بەریتانیادا هەبوو، ئینگلیزەکان لە کێشانی نەخشەی سیاسیدا حەلایب-یان خستبووە ناو قەڵەمڕەویی هاوبەشی میسر و بەریتانیاوە، بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند و پاش سێ ساڵ لە جیاکردنەوەی سودان لە میسر لە ساڵی 1902، حەلایبی خستە سەر سودان، بەوپێیەی حەلایب لە خەرتومەوە نزیکترە وەک لە قاهیرە!.
هەوڵە شکستخواردووەکەی عەبدولناسر
لە 18ی شوباتی 1958دا جەمال عەبدولناسری سەرۆکی ئەوکاتی میسر هێزێکی گەورەی وڵاتەکەی رەوانەی سنوورەکانی حەلایب کرد بەمەبەستی دەستبەسەردا گرتنی، بەڵام هەرزوو هێزەکانی سودان بەخۆ کەوتن و ناچاریان کرد هێزەکانی بکێشێتەوە.
ئەو کێشە و ناکۆکییە بەهۆی تێوەگلانی میسر لە جەنگەکانی 1967 و 1973 و رێکەوتنی کامپ دەیڤد 1979 و کوژرانی سادات و گیرۆدەبوونی بە جەنگی ناوخۆیی لەگەڵ گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک بزووتنەوەی جیهاد و ئیخوانەکانەوە بە هەڵپەسێردراویی مایەوە هەتا ساڵی 1992 کاتێک سودان بانگهێشتی کۆمپانیا بیانییەکانی کرد بۆ کنەو پشکنین بەشوێن نەوت و غازدا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی میسرەوە کە لەو کاتەدا میسر بەشدارێکی کارای جەنگی دووەمی کەنداو بوو و ئەوەش لە ئەمریکای نزیک کردبۆوە و رۆڵە میحوەرییەکەی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، هەڕەشە و ناڕەزاییەکەی بۆ چووە سەر، بەتایبەتیش کە سودان لە ژێر حکومڕانییەکی ئیخوانیدا بوو و وردە وردە قاعیدەش لەوێ بە نهێنی بنە و بارگەیان دادەنا، هەم سودان بێ پشتیوان مایەوە و هەم کۆمپانیا کەنەدییەکەش کە بەنیازبوو پاشەکشەی کرد و کۆمپانیاکە رایگەیاند تا ناکۆکیی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئەو ناوچەیە یەکلایی نەبێتەوە ئەوان ئامادە نین کاری کنە و پشکنین لەو ناوچەیە بکەن.
هەوڵی تیرۆرکردنەکەی موبارەک
بەگوێرەی یاداشتێکی خەرتوم لە ئاراستەی هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێکخراوی یەکێتیی ئەفریقا و جامیعەی وڵاتانی عەرەبیی کردووە لە ساڵی 1994دا، لە ماوەی یەک ساڵدا لە 1993 – 1994 میسر 39 هێرشی ئاسمانیی کردۆتە سەر ئەو ناوچانە و بەو هۆیەشەوە حوسنی موبارەک رەتیکردەوە وڵاتەکەی بەشداریی کۆبوونەوەی ساڵی 1995ی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەفریقا بکات کە لە ئەدیس ئابابا بەڕێوەچوو بەمەبەستی چارەسەری ناکۆکییە سنوورییەکانی نێوانیان، جگەلەوەش قاهیرە خەرتومی تۆمەتبارکرد بەوەی لەپشت هەوڵی تیرۆرکردنی موبارەکەوە بووە لەکاتی بەشداریی لوتکەی سەرانی یەکێتیی ئەفریقا، بەو هۆیەشەوە موبارەک هێزی رەوانەکرد و بەیەکجاری هێزەکانی سودانی لە حەلایب دەرپەڕاند و خستییە ژێر قەڵەمڕەویی میسرەوە لەڕووی ئیداریی و سیاسییەوە. ئیتر لەدوای ئەوەوە لەساڵی 2000-ەوە خەرتوم بەتەواوەتی هەموو هێزەکانی لە هەموو سنووری حەلایب و دەوروبەری کشاندەوە، بەڵام لە دوا یاداشتیدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2004دا خەرتوم دووپاتیکردەوە کە بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری خاوەندارێتی حەلایب نابێت.
هەوڵێکی نوێی شکستخواردووی خەرتووم
لە سەروبەندی شۆڕشی بەهاری عەرەبیشدا جارێکی دیکە سودان لەڕێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی وڵاتەکەیەوە داوای بەشداریی خەڵکی ئەو ناوچەیەی کرد وەک بازنەی هەڵبژاردنی دەریای سوور کە گوایە دانیشتوانی حەلایب هاووڵاتیی سودانن، بەڵام ئەوە هەر لە چوارچێوەی قسەدا مایەوە و نەبوو بە کردار.
هەڵبژاردنی 2011 و سەردانەکەی مورسی
لە مانگی 11 ی ساڵی 2011دا و دوای شۆڕشی یەنایەر خەڵکی حەلایب وەک هاووڵاتی میسر بەشداریی هەڵبژاردنەکەیان کرد، بەڵام لە ساڵی 2013دا محەمەد مورسی سەرۆکی کۆچکردووی میسر سەردانی خەرتومی کرد و لەو رووەشەوە موسا محەمەد ئەحمەد یاریدەری عومەر حەسەن ئەلبەشیر-ی سەرۆکی لەکارلادراوی سودان دەڵێت: «لەو سەردانەدا باسوخواس لەبارەی سێگۆشەی حەلایبەوە هاتۆتە گۆڕێ و مورسی بەڵێنی بە سەرۆکی سودان دا کە ئەو ناوچەیە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی بەرلە گۆڕانکارییەکانی 1995، ئەو قسەیەش لەلایەن ئیهاب فەهمی وتەبێژی سەرۆکایەتیی میسرەوە رەتکرایەوە و بە هەواڵێکی بێ بنەما وەسفکرا.
لە دوایین پێشهاتیشدا فەریق سدقی سوبحی سوپاسالاری میسر لە ساڵی 2013 دا سەردانی سودانی کرد و راست و رەوان پێی راگەیاندن کە حەلایب و شەلاتین دوو ناوچەی بێ ئەملاولای میسرین و هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت.
بەڵام بە گوێرەی راو بۆچوونی چاودێرانی سیاسی ناوچەی حەلایب هەربە ناوچەی جێناکۆکی دەمێنێتەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا و کۆتایی نایەت، بە هەوڵێکی داوەریی نێودەوڵەتی نەبێت.