سەرۆكایەتییەكان و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، كۆبوونەوەیەكیان بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی سوریا سازكرد و جەختكرایەوە لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خاكی عیراق.
لەسەر بانگهێشتی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دوێنێ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا كۆبوونەوەیەكیان سازكرد بۆ تاوتوێكردنی پێشهات و رووداوەكانی سوریا و كاردانەوەی ئەمنی و سیاسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و تەواوی ناوچەكە، بەدواداچوونیش كرا بۆ بارودۆخی هاووڵاتیانی عیراق لە سوریا و پێویستیی دەستەبەركردنی گەڕانەوەی سەلامەتی ئەو كەسانە كە مەبەستیانە بگەڕێنەوە وڵات.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو رێوشوێنانە كرا كە گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی خاكی عیراق لە هەر كاردانەوەیەك كە لە سوریا روودەدەن، هەروەها جەختكرایەوە لەسەر گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵە ئەمنییەكان لەسەر سنوورەكانی عیراق و سوریا و پشتیوانیكردن لە رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان. گەلی عیراقیش دڵنیاكرایەوە كە رێوشوێنی ئەمنیی پێشوەختە گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان لە هەر هەڕەشەیەك. هەروەك هەڵوێستی پتەوی عیراق دووپاتكرایەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی یەكڕیزیی و ئاسایش و سەقامگیریی سوریا. جەختیشكرایەوە لەسەر گرنگی رێزگرتن لە سەروەریی خاكی سوریا و بژاردەكانی گەلی سوریا بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و ئارامی بژین، داواش لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كرا كە هەوڵەكان بخەنەگەڕ بۆ پشتگیریكردن لە سەقامگیریی ناوچەكە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە كە هەڵوێستی سیاسیی عیراق یەكگرتووە بەرامبەر پێشهاتی ناوچەكە و نەخشەڕێگایەكیش دانراوە بۆ دیاریكردنی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و سوریا، داوای چڕكردنەوەی هەوڵەكانیش كراوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی و دۆست.