تەها عەبدوڵڵا
لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری جۆهای كۆماری چین، كۆربەندی گەنجانی سیاسیی چینی- عەرەبی بەئامادەبوونی نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو.
هیوا عەلی نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆڕبەندەكەدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی كەلتوری و حوكمڕانی و وەرگرتنی ئەزموونی پێشكەوتووی كۆماری چین، كە روئیایەكی گەورەی بازرگانی و ئابووری و كەلتوریی هەیە، لەنێوان دامەزراوەكانی چین و گەنجانی وڵاتانی عەرەبی، كۆڕبەندی چینی-عەرەبی بەڕێوەچوو، كە ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبوو، وتیشی: بەندە وەك كورد و بە نوێنەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداربووم و وتارێكم پێشكەشكرد و سڵاوی سەركردایەتیی سیاسیی یەكێتی و گەلی كورد و لاوانی كوردستانم بە ئامادەبوان گەیاند.
ئاماژەی بەوەشكرد لە كۆڕبەندەكەدا، كە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی حزبی حاكمی چینی (حزبی شیوعی چینی) سەرپەرشتی دەكرا، چەندین پانێڵ بەڕێوەچوون، تیایاندا بیروبۆچوونەكان لەبارەی بۆچوونی گەنجان لەبوارە جیاوازەكاندا ئالوگۆڕكران، هەروەك لەچوارچێوەی بەشداریماندا سەردانی مەیدانیی چەند پڕۆژەیەكی زۆر گەورە و ستراتیژیمان كرد، هەروەها زنجیرەی كۆمپانیاكانی Gree Electric بۆ بەرهەمهێنانی وزە و كارەبا و دامەزراوەی GAIGA بۆ بەرهەمهێنان و فێركاریی فڕۆكەی خزمەتگوزاری و ئامێری چاپەمەنیی پێشكەوتوومان بەسەركردەوە.