لە لێدوانێکدا بۆ كوردستانی نوێ، د.سەربەست نەبی مامۆستای فەلسەفە لە زانكۆی كۆیە دەڵێت: ئەوەی لە سوریا روودەدات ویستی سورییەكانە بۆ رزگار بوون لە دەسەڵاتێكی داپڵۆسێنەر و بنیاتنانی سیستمێكی یەكسانی و دیموكراسی.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە لەسەر سورییەكان كە بزانن و هەست بەوە بكەن كە هەژموونی یەك ئایدۆلۆژی و مەزهەب و هەر باوەڕێك، نایانگەیەنێتە ئاستی یەكسانی، بەتایبەت كۆمەڵگەی سوریا كە كۆمەڵگەیەكی فرەیی دینی و نەتەوەییە، پێویستە لەسەر دەسەڵاتی داهاتووی سوریا بەڵێنی ئەوە بە سورییەكان بدات كە دەبێتە دەوڵەتێك بۆ هەموو سورییەكان بەبێ جیاوازی.
لەبارەی دەسەڵاتی نوێی سوریاوە، د.سەربەست نەبی رایگەیاند: نابێت دەسەڵاتی نوێی سوریا بەو شێوەیە كاربكات كە دژایەتی و ناكۆكی لەنێوان سورییەكاندا بڵاوبكاتەوە، پێویستە پەیوەست بێت بە بنەمای لێبووردەییەوە و ئەگەر لێبووردن لەنێوان تاكەكانی سوریادا دروست نەكرێت ئەوا ناتوانرێت لەیەكێتییەكی خاكی سورییدا بمێننەوە. ناكرێت كۆمەڵگەی سوریا دابەش بكرێت بۆ بەشێكی پاكی وەك فریشتە و بەشێكی تاوانبار و ناشیرین وەك شەیتانن.
لەبارەی ئەو تاوانانەشەوە كە ئۆپۆزسیۆنی سوری بەرامبەر كوردانی رۆژئاوا كردوونی، د.سەربەست نەبی وتی: ئۆپۆزسیۆنی سوریا كەوتە هەڵەیەكی كوشندەوە كە ئەویش كۆچ پێكردنی هاووڵاتی كورد بوو لە عەفرین و پرۆسەی بەناو پاككردنەوەی نەتەوەیی، ئەمانە هەمووی ئەگەرن کە لە پێكدادانی ناوخۆیی ئایندەی سوریادا رووبدەن.