لە كێشەی مووچەدا، تەنها فەرمانبەر زەرەرمەندە..

سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكان بۆ کوردستانی نوێ : لایەنە سیاسییەكان پێشوەخت رێكنەكەوتبوون لەسەر پۆستە سیادییەكان

12:59 - 2024-12-09
کوردستان
55 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكان لە لێدوانێكدا بۆ ستۆدیۆی دیجیتاڵ میدیای كوردستانی نوێ، باس لە پرسی پێكهێنانی حكومەت و تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات لە دوای یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان.
جەبار محەمەد ساڵح سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكان وتیشی: پێشوەخت دەزانرا دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان ئاسایی نابێت، چونكە لایەنە سیاسییەكان پێشوەخت رێكنەكەوتبوون لەسەر پۆستە سیادییەكانی وەك سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان، هەروەك مەزەندە دەكرا ئەم دانیشتنە تەنها سوێندخواردنی ئەندام پەرلەمانەكان بێت. بەڵام گرنگ بوو كە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بكرێت، چونكە یەكێك لە دامەزراوە گرنگەكانی كوردستان كە دەزگای یاسادانانە، شەرعییەتی تەواوەتی خۆی وەرگرت، دوای ئەوەی دەنگی هاووڵاتیانی بەدەستهێناوە.
باسی لەوەشكرد، كاتێك دەرگای خۆپاڵاوتن كرایەوە بۆ پۆستەكان، كێشەی نێوان لایەنەكانی ئاڵۆزتركرد، چونكە بەپێی پەیڕەو و پرۆگرام دەرگای پاڵاوتن یەكجار كرایەوە جارێكیتر كەسێكی تازە بۆی نییە لە دانیشتنێكی داهاتووتردا زیادبكرێت و خۆی بپاڵێوێت.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداشەوە، جەبار محەمەد وتی: مەسەلەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكێكە لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و تێیدا تەنها هاووڵاتیان و فەرمانبەران زەرەرمەندن، بۆیە دەبێت چارەسەر بكرێت و لەسەر تەوتینیش هەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتن.
سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكان رایگەیاند: یەكێكی تر لە كێشەكان مەسەلەی هەموواری یاسای بودجەی ساڵی 2025ە كە بڕیاربوو لە دانیشتنەكانی پێشتردا ئەنجومەنی نوێنەران كاری لەسەر بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان