تواننا لوونی-ی تەمەن ٥٣ ساڵ، دوای ئەوەی تاکە گورچیلەکەی لەکار دەکەوێت، لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە بە سەرکەوتوویی گورچیلەی بەرازی بۆ دەچێنرێت و ژیانی رزگار دەکرێت.
لوونی لە ئێستادا سێهەم کەسی زیندووە لە جیهاندا گورچیلەی بەرازی بۆ دانرابێت، ئەو دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە بەسەر نەشتەرگەرییەکەیدا رایگەیاند، "هەستدەکەم چانسی دووهەمی ژیانم پێدراوە".
ئەم ژنە ئەمریکییە دانیشتووی ویلایەتی ئەلابامایە لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٩٩ یەکێک لە گورچیلەکانی بە دایکی بەخشی، خۆشی لەدوای دووگیانبوونی، زیان بە تاکە گورچیلەکەی گەیشت و بۆ ماوەی هەشت ساڵ دەبوو بەردەوام گورچیلەی بشۆنەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە چاوەڕێ بوو بەخشەرێکی هاوتا پەیدابکات و گورچیلەی پێ ببەخشێت، بەڵام هیچ کەسێک نەبوو.
لوونی بەردەوام تەندروستی بەرەو خراپی دەچوو، هەر بۆیە لە ٢٥ـی تشرینی دووهەمی ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەی لانگۆن لە نیویۆرک لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە گورچیلەی بەرازێکیان بۆ چاند، کە لەڕووی بۆماوەییەوە دەستکاریکرابوو، تاکوو جەستەی نەخۆشەکە رەتی نەکاتەوە.
تیمە پزیشکییەکە رایگەیاند، ئەم نەشتەرگەرییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی پڕکردنەوەی پێداویستیی کەمیی ئەندامەکان بۆ نەشتەرگەریی چاندن.
جێی بیرهێنانەوەیە، ئەم تیمە پزیشکییە لە ساڵانی رابردوودا چەند نەشتەرگەرییەکی هاوشێوەیان کردووە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بۆ یەکەمجار گورچیلەیەکی بەرازیان لە جەستەی نەخۆشێکدا چاند، کە مێشکی لەکارکەوتبوو، بەڵام گورچیلە چاندراوەکە بەباشی کاری دەکرد.
لە ساڵی ٢٠٢٤ـیشدا دوو نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ دوو نەخۆش بە ناوەکانی ریک سۆڵۆمۆن و لیزا بیانسوو کرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک کۆچیدواییان کرد.
لە ساڵی ٢٠٢٢ تیمێکی پزیشکیی دیکەش لە زانکۆی ماریلاند بۆ یەکەمجار لە نەشتەرگەرییەکدا دڵی بەرازێکیان بۆ نەخۆشێک چاند، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە کۆچیدوایی کرد.