رۆژی 21/12/2024، لەشاری سلێمانی، لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی سلێمانی و رێكخراوی دیالۆگ و كەلتور، دیدارێكی كراوە بۆ چەند كەناڵ و میدیایەكی سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەند ئەندام پەرلەمانێكی كوردستان و عیراق و پسپۆڕانی بواری میدیا رێكخرا.
لە دیدارەكەدا، سەرەتا كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان، ئامانجی دیدارەكەی باسكرد كە بە ناونیشانی: تیڤییەكان لەبەردەم هەڕەشەی سۆسیال میدیادا بوو، كە باسی لە پێویستی بوونی یاسایەك كرد بەهاوكاریی هەموو لایەك كاری بۆ بكرێت، تا لەو خولەی پەرلەمانی كوردستان دەربچێت بۆ رێكخستنەوەی كاری میدیایی لە كوردستان بەتایبەت لەگەڵ ئەو برەوە خێرایەی لە بواری میدیای نوێدا هاتۆتە ئاراوە.
لەبارەی دیدارەكەوە، مەریوان مەسعود جێگری سەرنووسەری كوردستانی نوێ كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی دیدارەكە، بە دوالاپەڕەی وت: ئەمجۆرە دیدارانە گرنگە، بۆ ئەوەی كار بۆ رێكخستنەوەی میدیا بكرێت، لەم قۆناغەشدا قسە لەسەر میدیای بینراو كرا كە مەبەست كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان بوو، بۆ ئەمەش پێشنیاز و بۆچوونی باش باسكران و بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیكدا دیداری تر بكرێت بۆ گەیشتن بە داڕشتنی پرۆژە یاسایەك بۆ رێكخستنی میدیا بەتایبەت ئەوەی پێی دەوترێت میدیای نوێ.
پاشان، لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی كەناڵە جیاجیاكانی میدیا لە كوردستان، راو سەرنج و پێشنیار خرانەڕوو.
بەرزی عەلی