ئەگەر باس لە ژنانی رووناكبیری شاری خانەقین بكرێت لە قۆناغی ئێستای شارەكەدا، ئەوا زەینەب ئەركەوازی یەكێكە لە ناوە دیارەكان كە لە زۆربەی چالاكییە رووناكبیری و هونەری و ئەدەبی و سیاسییەكانی شارەكەدا ئامادەبوونی هەیە، خۆیشی چالاكوانەو هونەرمەندەو رۆژنامەنووسیشە و بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبیش دەنووسێت.
لە میانەی گەشتەكەی كوردستانی نوێ بۆ شاری خانەقین لە یەكێك لە دیدارەكاندا بەشدار بوو، دڵسۆزانە كۆمەڵێك رەخنەی لەوە گرت كە وەك پێویست رێگە نادرێت كە توانای ژن لە شارەكەدا دەربكەوێت و هەندێك رەخنەشی لە مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین هەبوو، بەڵام شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەند بە سینگی فراوانەوە لێی وەرگرت و بەخێرهاتنێكی گەرمیشی لێكرد بۆ هاتنەوەو بەشداربوون لە دیدارە میدیاییەكەدا، بەڵێنیشی پێدا كە زیاتر هاوكاری ئەو و هەر ژنێكی چالاكوان بێت كە پێویستییان بە پاڵپشتی مەڵبەندەكەیان هەبێت.. زەینەب ئەركەوازی لەهەمان كاتدا هاوكارێكی بەسوودی رۆژنامەی كوردستانی نوێ-یەو ناو بەناو بە نووسین و ژانری تری میدیایی بەرهەمەكانی لە كوردستانی نوێ بڵاو دەكاتەوە.