بەهۆی هێرشی چەکدارێک بۆ سەرچێشتخانەیەک لە گوندێکی باشووری مۆنتینیگرۆ ی ئەوروپا ١٠ کەس کوژرا.
دانیلۆ سارانۆڤیچ، وەزیری ناوخۆی مۆنتینیگرۆ رایگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە گوندی باگیس لە نزیک شارۆچکەی سێتینیە روویداوە و چەکدارەکە ١٠ کەسی کوشتووە، لەنێویاندا دوو منداڵی تەمەن ١٠ و ١٣ ساڵ هەیە، کە خاوەنی ئەو چێشتخانەیەن تەقەکردنەکەی تێدا روویداوە.
پۆلیسی مۆنتینیگرۆش رایگەیاند، تەقەکەرەکە تەمەنی ٤٥ ساڵە و لە سێ شوێنی دیکەش تاوانی ئەنجامداوە، بەڵام لەکاتی گەمارۆدانی فیشەکێکی ناوە بە خۆیەوە و برینداربووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس دەشڵێت، رووداوەکە تیرۆریستی نەبووە و تەقەکەرەکە پێشتر کێشەی لەگەڵ چەند کەسێک دروستکردووە و لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کهولییەکانیشدا بووە.
حکومەتی مۆنتینیگرۆ بەهۆی رووداوەکەوە ماتەمینی نیشتمانیی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند.
مۆنتینیگرۆ دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە نیمچەدوورگەی بەڵکان، رووبەرەکەی نزیکەی ١٤ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و تەنیا ٦٢٤ هەزار تیایدا دەژین.