بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەسرە: گەورەترین ناوەندی پزیشکی ناووکی دڕوستدەکەین

12:27 - 2025-01-02
جیهان
45 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی تەندروستی بەسرە ئاشکرایدەکات کە پارێزگاکەیان دەکەنە خاوەنی گەورەترین ناوەندی پزیشکی ناووکی (چارەسەر بە تیشک) و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددە تیشکدەرەکانیش دروستدەکەن.

لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی عیراق، عەباس تەمیمی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەسرە، ئەو زانیارییانەی ئاشکراکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە کە پارێزگای سلێمانی جاران لە چارەسەر بە تیشکدا پێشەنگی عیراق بووە و ئێستا سەنتەرەکەی بەدەست کۆنی و کەمیی ئامێرەوە دەناڵێنێت.

لە لێدوانەکەیدا تەمیمی رایگەیاندووە، بەمزووانە گەورەترین سەنتەری پزیشکیی ناووکی لەسەر ئاستی عیراق دەکەینەوە لەگەڵ کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددە تیشکدەرەکان، کە لە بەغدا و پازێرگاکانی باشووری عیراقەوە چارەخوازان دەتوانن سەردانی بکەن، ئەم پرۆژەیە بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی نەوت و پارێزگای بەسرە ئەنجامدەدرێت و کۆمپانیایەکی بیانی جێبەجێیدەکات.

لێدوانەکەی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە لەکاتێکدایە سەنتەرەکەی سلێمانی، کە جاران پێشەنگی هەموو عیراق بوو، ساڵانێکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێبەشبووە لە نوێکردنەوەی ئامێرەکانی و دابینکردنی ئامێر و تەکنۆلۆجیای نوێ، بۆیە نەک پێشەنگیی لەدەستداوە، بەڵکو هەڕەشەی پاشەکشەی زیاتر و تەنانەت راوەستانیشی لەسەرە بۆ ساڵانی داهاتوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامێرەکانی سەنتەرەکەی سلێمانی کۆنن و لە هەر خولەکێکدا دەکرێت بەهۆی کۆنییانەوە لەکاربکەون. هەروەک لە سلێمانی کەمیی ئامێرەکان وایکردووە نۆرەگرتنی چارەخواز نزیکەی چوار بۆ پێنج مانگ بێت، لە کاتێکدا بەگوێرەی رێنماییە زانستییەکان تووشبووی شێرپەنجە نابێت لە حەوت بۆ دە رۆژ زیاتر چاوەڕێی وەرگرتنی چارەسەری تیشکی بکات.

سلێمانی ئێستا دوو ئامێری چارەسەر بە تیشکی هەیە و بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە زانستییەکان چارەسەر دابینبکات پێویستی بە دوو ئامێری دیکەیە.

سەنتەرەکەی سلێمانی لەڕووی ژمارەی پزیشک و کارمەندەوە گرفتی نییە و تەنیا پێویستی بە ئامێری نوێیە و بەپێی خەمڵاندنەکان ئەگەر شەش ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دوو ئامێری نوێی چارەسەر بە تیشک تەرخانبکرێت، دەتوانرێت لە ماوەی ١٠ ساڵدا لانیکەم ژیانی ٣٠ هەزار تووشبووی شێرپەنجە رزگاربکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان