تەها عەبدوڵڵا
دوێنێ لە هەولێر، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ وەفدێكی ئەمریكا كۆبووەوە و تەئكیدی لەسەر «چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان كردووەتەوە لەچوارچێوەی دەستوور و یاسادا».
فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ وەفدێكی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەی ئەمریكا لە عیراق و هەرێم، گفتوگۆمان كرد لەبارەی پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان و گرفتی زەویی جووتیاران و تەئكیدمان لەسەر خواستی هەرێمی كوردستان كردەوە کە ئەویش چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانەیە لەچوارچێوەی دەستوور و یاسادا و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنەكانیان. وتیشی: كۆبوونەوەی دەستەكەمان لەگەڵ لایەنی ئەمریكا لە عیراق و هەرێم، مانگانە بەڕێوەدەچێت و لە هەموو كۆبوونەوەكاندا جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان دەكەینەوە، بەتایبەتی كێشەی زەویی جووتیاران و هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە ئێستا مشتومڕی لایەنەكانی ناو نوێنەرانی لەسەرە.
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وتی: وەفدی ئەمریكا بەڵێنیاندا لە چوارچێوەی یاسادا هاوكارمان دەبن لە كۆتاییهێنان بە كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان كە بە هەڵواسراویی ماونەتەوە.