کوردستانی نوێ لە روانگەی ژمارەیەک لە نووسەران و هاوکارانەوە

پیرۆزبایی و رەخنە و پێشنیاریان هەیە

11:16 - 2025-01-12
ڕاپۆرت
90 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جەواد حەیدەری 


بەبۆنەی 33 هەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ ‌و داگیرسانی 34 هەمین مۆمی تەمەنی، ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ و نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووسان بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ، وێڕای پیرۆزباییكردن، راوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەدای رۆژنامەكە دەربڕی و رایان وایە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بەها و سەنگینی خۆی پاراستووە و هاوكات هەمیشە سەكۆیەك  بووە بۆ دەنگە جیاوازەكان و دەرگای لەسەر رەخنە دانەخستووە و رۆڵێكی گرنگی لە ناو جیهانی رۆژنامەگەریی كوردیدا گێڕاوە.

كوردستانی نوێ، قوتابخانەیەكی میهرەبانە 
نووسەر و رۆژنامەنووس خەلیل عەبدوڵڵا وتی: رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە سەنگەری خەباتی مەدەنیی و رۆژنامەگەرییدا خزمەتێكی زۆری بە وشەی پیرۆزی كوردیی كردووە و پێگەیەكی سەنگینی لەناو میدیای كوردیدا هەیە و ئەمەش یەكێكە لە داهێنانەكانی مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. 
باسی لەوەش کرد كە كوردستانی نوێ بۆ ئەو قوتابخانەیەكی میهرەبان بووە و ماوەی 33 ساڵە بابەتی تێیدا بڵاودەكاتەوە و لەسەر ئاستی كوردستان رۆژنامەیەكی بێ ركابەر و شاسواری كاروانی رۆژنامەگەریی نوێی كوردییە.
پێشنیاریشی بۆ كوردستانی نوێ ئەوەیە كە بایەخی زیاتر بە بواری كەلتوری كوردیی بدات.

مینبەرێك بۆ دەنگ و رەنگە جیاوازەكان 
نووسەر و توێژەر دیمەن عەبدوڵڵا دەڵێت: هێگێل قسەیەكی هەیە و دەڵێت: خوێندنەوەی رۆژنامە وەك نوێژی بەیانیانی ئیماندارانە، بۆیە بە پێی هەموو پێوەرێكی رۆژنامەوانی، رۆژنامەی كوردستانی نوێ، نامەی رۆژانەی خۆی بە جوانیی و نوێبوونەوە گەیاندۆتە خوێنەرەكانی، ئەم رۆژنامەیە توانیویەتی ببێتە قەڵغانێكی زێڕین بۆ نووسەران و رۆشنبیرانی كورد و هاوكات ببێتە مینبەرێك بۆ دەنگ و رەنگە جیاوازەكان، هەمیشە بوێرانە بەبێ جیاوازیی رەگەزیی و ئایینیی و چینایەتیی خزمەتی تاك و كۆمەڵگەی كوردیی كردووە.  
ئەو توێژەر وتیشی: لەسەردەمی تەكنۆلۆژیاشدا كوردستانی نوێ بە هێز و گڕوتینێكی زیاترەوە دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران و ئەمەش لە دەرئەنجامی ئەو مۆراڵە بەرزەیە كە هەیەتی و بۆتە سەكۆیەكی ئازاد بۆ نووسەران.  
سەرچاوەی زانیاریی و رۆشنبیریی
نەوزاد ساڵح نووسەر و شارەزا لە كاروباری هەڵبژاردندا لەبارەی كوردستانی نوێ-وە دەڵێت: رۆژنامەی كوردستانی نوێ كاتێك دەرچوو كە خوێنەری كورد زۆر تامەزرۆی دەرچوواندنی رۆژنامەیەك بوو، ئازایانە و ئازادانە بیر و رای خۆی تێدا بڵاوبكاتەوە و مینبەری هزر و سەرچاوەی زانیاریی و رۆشنبیریی بێت، كە رۆژنامەی كوردستانی نوێ هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانە بوو و بەردەوامیشە.
نەوزاد ساڵح پێشنیار دەكات لاپەڕەی كەمتر بۆ فەلسەفە تەرخان بكرێت و لەبری ئەوە زیاتر گرنگیی بە ناساندنی ئەدیب و نووسەر و شاعیرانی كورد بدرێت.

كوردستانی نوێ، هەمیشە نوێبوونەوە 
پ. ی. د.عومەر عەلی ئەحمەد مامۆستای زانكۆی سلێمانی لەبارەی كوردستانی نوێ-وە دەڵێت: رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە تەمەنی خۆیدا خزمەتێكی زۆری بە رەوتی فیكر و رۆشنگەریی كردووە، هەرچەندە زمانحاڵی رەسمیی پارتێكی سیاسیی دیاریكراوە، بەڵام تا رادەیەكی زۆر توانیویەتیی ببێتە مینبەری دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و هەمیشە دەرگای كراوە بووە بۆ رەخنە و بیروڕای جیاواز، هاوكات بە چەندین رێگە بەشدارییكردووە لە كۆبوونەوە و كۆڕ و سیمناری نووسەران و رۆشنبیران بە تایبەتی لە رێگەی ساڵۆنی كوردستانی نوێ-وە. 
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت: بۆ یەكەمجارە لە رۆژنامەگەریی كوردیدا لاپەڕەیەك بە ناوی كۆمەڵناسیی دەربچێت كە ئەمەش دەسكەوتە بۆ رۆژنامەكە، پێشنیاریش دەكەم هەوڵەكان زیاتر چڕبكرێنەوە لەسەر شیكاریی زانستیی پرسە هەنووكەییەكان و گرنگی بە نووسەرە پەراوێزخراوەكان بدرێت. 

ئەستێرەیەكی سەر زەوی 
د.سەمەد ئەحمەد مامۆستای زانكۆ پێی وایە كوردستانی نوێ ئەستێرەیەكە لەسەر زەوی. ئەو دەڵێت: بە سەد بەڵگە دەتوانم بیسەلمێنم كە كوردستانی نوێ لە رووی سیاسیی و فەرهەنگیی و كۆمەڵایەتیی و هونەریی و ئەدەبیی و وەرزشیی و پەروەردەیی و زانستیی و ... هتد، هەمان رۆڵی ئەستێرە گەشەكەی ئاسمانی بینیووە. خۆم بەشێك بووم لە خێزانی كوردستانی نوێ و زیاتر لە 12 ساڵ كارم تێدا كردووە.
د. سەمەد ئەحمەد وتیشی: كوردستانی نوێ دوو تایبەتمەندی دژ بەیەكی هەیە، لەلایەك وەك ئیسفەنجە و لەلایەكی تریش وەك بەرد، لەبەرامبەر دەنگی هەقخوازاندا وەك ئیسفەنج نەرمە و لەبەرامبەر دوژمنانی كورد وەك بەرد وایە. پێشنیاریش دەكات كە كوردستانی نوێ زیاتر گرنگی بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بدات، چونكە ئەو ناوچانە بەبێ هەرێم وەك باڵندەی ناو قەفەزن و هەرێمیش بەبێ ئەوان، چەند پێشكەوتوو بێت هەر كەمئەندامە.
كەناڵێكی كەلتوریی بێت زیاتر لەوەی حزبی بێت 
بەندی عەلی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی یەكێتیی نووسەران لقی سلێمانی دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی ئەم رۆژنامەیە بڵاوكراوەیەكی تایبەتە بە حزبێكی سیاسیی، بەڵام دەبێت خەمی گەورەی گێڕانی رۆڵی هۆشیاریی و فەرهەنگیی و رۆشنبیریی بێت بۆ هەموو نووسەرانی كورد، زیاتر كەناڵێكی زانیاریی و كەلتوریی بێت تا كەناڵێكی حزبی، ئەگەرچی كوفرێكی مەزنیش نییە كە هەر حزبێكی سیاسیی خاوەنی بڵاوكراوەی سیاسیی و فەرهەنگیی خۆی بێت، بەڵام سەنگی مەحەك چەندێتی خزمەتكردنێتی بە كۆمەڵگە بە گشتی.

سەنگ و بەهای خۆی پاراستووە 
عەتا مەحمود بەڕێوەبەری ناوەندی چاپەمەنیی و رۆشنبیریی كارۆ دەڵێت: رۆژنامەی كوردستانی نوێ توانیویەتی سەنگ و بەهای خۆی بپارێزێت و بنەماكانی ئیتیكی رۆژنامەوانیی پەیڕەو بكات و متمانەی خوێنەرەكانی لەدەست نەدات. 
وتیشی: هیوادارم كوردستانی نوێ زیاتر بچێتە ناوخەڵك و پرس و را بە كەسانی پسپۆڕ شارەزا و بە دواداچوون بۆ كێشەكانی كۆمەڵگە بكات، هاوكات پاشكۆی ئەدەب و هونەر و لاپەڕەی كەلتور بەردەوام بێت و گرنگی زیاتری پێ بدرێت و بەردەوام وێنە و هەواڵی كۆڕ و چالاكییە ئەدەبی و هونەرییەكان لەسەر دوالاپەڕە رەنگبداتەوە.  

رۆژانە چاوەڕێی هاتنی كوردستانی نوێم 
كەوسەر محەمەد بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئەوقافی ناوەندی سلێمانی دەڵێت: رۆژانە لەكاتی دەوامدا چاوەڕێی هاتنی رۆژنامە دەوڵەمەند و پڕ زانیارییەكەی كوردستانی نوێ دەكەم و ئەگەر رۆژێك نەیخوێنمەوە پێموایە ئەو رۆژە پڕ چالاكی نابم. 
وتیشی: رۆژنامەی كوردستانی نوێ رۆژنامەیەكی جوان و رەنگین و بەهادارە و ئاستێكی بەرز و باشی هەیە و دڵنیام خەڵكی تریش هەروا لێی دەڕوانن و لە رووی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و هونەرییەوە پڕ زانیارییە و زانیاری بە خوێنەر دەگەیەنێت. 

قەشەنگ و ئازا و بوێرە 
گوڵزار فەرەج شاعیر و رۆژنامەنووس و چالاكوانی ژنان دەڵێت: لە نێو بڵاوكراوەكاندا كوردستانی نوێ ئەو گوڵە خۆڕسك و دەلاقە واڵایەیە و دەروازەیە بۆ هەموو نووسەرێك و بۆ هەموو ئەو دەنگانەی دەیانەوێت خزمەت بە بواری رۆشنبیریی بكەن و گرنگی بە بواری رووناكبیریی و لێكۆڵینەوە لە شوناسی گەل و سەكۆیەكی ئازادیش بووە بۆ دەرخستنی توانا و روانینە جیاوازەكان.  
گوڵزار فەرەج باس لەوەش دەکات کە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، رۆژنامەیەكی قەشەنگ و شیرین و بوێرە و بەردەوام  زەمینەیەكی ئازادی بۆ هەمووان رەخساندووە، لەگەڵ خوێندنەوە لاپەڕەكانی كوردستانی نوێ-دا یادی وتە شیرینەكانی سەرۆك مام جەلال دەكەینەوە و بە هەمان دید و روئیای مامەوە سەیری لاپەڕەكانی ئەو رۆژنامەیە دەكەین. 

زمانحاڵی هەموو چینەكانە 
ئامانج شارباژێڕی لێپرسراوی ناوەندی رووناكبیریی شارباژێڕ دەڵێت: باش لە یادمە، پاش شەش مانگ و چوار رۆژ لە دوای راپەڕینە مەزنەكەی رەوانشاد (جەنابی مام جەلال) لە گۆڕەپانی گەورەی یاریگای سلێمانی، لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی جەماوەریدا رایگەیاند، كوردستانێكی نوێ بەڕێوەیە. ئەو وتەیەی بەڕێزیان بوو، كە بووە ناوێكی گەشاوە و درەوشاوە و پرشنگدار بۆ لەدایكبوونی تاكە رۆژنامەی رۆژانەی كوردیی بە ناوی كوردستانی نوێ.
كوردستانی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەیان پاشكۆ و بڵاوكراوەی دەركردووە، بەجۆرێك كە خۆی كردۆتە زمانحاڵی (منداڵ، گەنج، پیر، ژن و پیاو) هەروەها هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵگەی بەسەركردۆتەوە.
لەلایەكی ترەوە كوردستانی نوێ بۆتە پارێزەرێكی راستەقینەی زمان و كەلتور فەرهەنگی رەسەن، هەر ئەوەش وایكردووە لە دڵی هەموواندا جێی بێتەوە. 

كوردستانی نوێ فێرگەیە 
نەجات رۆستی مامۆستا و بەڕێوەبەری رێكخراوی میدیا بۆ راهێنانی رۆژنامەنووسان دەڵێت: رۆژنامەی كوردستانی نوێ فێرگەیەكی گەورەی راهێنان و پەروەردەكردنی كەسانی رۆژنامەنووس و میدیاییە و شانازیی دەكەم كە كوردستانی نوێ بۆ من گەورەترین قوتابخانەی میدیایی بوو و شەرەفێكی گەورە بوو بۆ من كە چەند ساڵێك تێیدا كار بكەم.
وتیشی: ئەم رۆژنامەیە لە ماوەی 33 ساڵی رابردوودا زانیاریی گشتی و رۆشنبیریی هەمەلایەنە بۆ بنیادنانی كەسایەتی تاكی كورد خستۆتەڕوو، سەرەڕای پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و سەرهەڵدانی سۆشیال میدیا، كوردستانی نوێ زیاتر پەرەی بە خەباتی نەپساوی رۆژنامەنووسیی خۆی داوە و كەسانی دیار بە وێستگەكانی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا تێپەڕیوون. 

كوردستانی نوێ بۆ خوێندنگەكان بنێردرێت 
عەلی كەریمی، سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسیی دەڵێت: بە هەق كوردستانی نوێ بە پێشەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بواری ئازادی رادەربڕین و نووسینی ئازاد كەمی نەكردووە و لە دوای راپەڕین لەگەڵ هەموو تەنگ و چەڵەمەكان كە كەمیش نەبوون دوانەكەوتووە و بگرە رۆژنامەگەریی خستە ئەولەوییەتی قەیرانەكانی ئەو سەردەمە، كوردستانی نوێ لەسەر دەستی كۆمەڵێك جوامێری شار و شاخ و كوڕان و كچانی بە وره و قابیل و هونەرمەند دامەزرا و ئەسپی سەركەشی كوردایەتی و نووسینیان تاودا. ئەوەتا 33 ساڵە بە سەربڵندیی درێژە بە تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی بواری رۆژنامەگەریی داوە و شادم بەوەی بە درێژایی ئەو مێژووە یار و دۆستێكی نزیكی رۆژنامەكە بووم.
ئەو سیاسەتمەدارە پێشنیار دەكات كە رۆژنامەكە هەوڵی زیاتر لە بواری گەنج و منداڵاندا بدات بۆ پەروەردەیەكی سەلامەت و پێشكەوتوو بە دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار و بە ئاگا، رۆژانە رۆژنامەكە بنێرێت بۆ خوێندنگەكان بۆ ئەوەی منداڵان بە خوێندنەوەی ئاشنا بكرێن.

 گرنگیی بە سینەما بدرێت 
دەرهێنەر و مامۆستای زانكۆ كەریمۆك غەفور دەڵێت: داوا دەكەم رۆژنامەكە بە شێوەیەكی ستراتیژی و لە ئاستێكی باشتر كار لەسەر بوارە كەلتورییەكان بكات، بە تایبەتی هونەری سینەما، چونكە سینەمای كوردیی پێویستی بە دەیان جۆر پاڵپشتی هەیە، ئێستا پاڵپشتیی میدیایی راستەقینە بۆ سینەما زۆر گرنگە و كوردستانی نوێ دەتوانێ بەشێك لەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت. 

زمانی كوردستانی نوێ پاراوە
دەوەن مەعروف نووسەر و شاعیر دەڵێت: رۆژنامەی كوردستانی نوێ رەچەشكێن بووە، چونكە لە ماوەی تەمەنیدا توانیویەتی خزمەتێكی بێوێنە بە خاوەن هزر و قەڵەمی نوێ بكات بە هەموو پێكهاتەكانەوە، خاڵی سەرنج و گرنگ لەبارەی كوردستانی نوێ ئەوەیە تا ئەم ساتە وەختە زمانی كوردستانی نوێ، زمانێكی پوخت و پاراوی بۆ هەموو بابەتەكان هەیە و بە بایەخەوە لە بیروبۆچوونەكان دەڕوانێت، دوور لە رق و كینە، پێشنیاریش دەكەم وەك هەمیشە گرنگیی بە رەخنەی ئەدەبی و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی بە گشت ژانرەكانی ئەدەبەوە بدرێت. 

كوردستانی نوێ گۆڕاوە 
نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ، محەمەد كەساس دەڵێت: دوای راپەڕین كوردستانی نوێ هەرچەندە رۆژنامەیەكی حزبیی بوو، بەڵام بە گوڕوتێنێكی تاڕادەیەك بێلایەنانەوە دەستیپێكرد و توانیی بەشێكی باش لە نووسەر و رۆشنبیر و ئەدیبان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە و لە رێی ئەو رۆژنامەیەوە دەیان نووسەری سیاسیی و قەڵەمی لاوی تازە هاتنە مەیدان و خۆیان ناساند. 
بە ویژدانەوە دەڵێم گۆڕانكاریی زۆر باش و نەوعیی كراوە لە رۆژنامەكەدا لە رووی دیزاین و هەڵبژاردنی بابەت و ئاستی نووسەران و خستنەڕووی كێشە و گرفت و پێداویستی هاووڵاتیان و خۆزگە پەیوەندییە شەخسییەكان نەدەبوونە پێوەر بۆ بڵاوكردنەوەی بابەتەكان، بەڵكو جۆری بابەت و ئاست و پێویستیی دەبوونە پێوەر بۆ ئەوەی ناعەدالەتی چەكەرە نەكات، بۆ كوردستانی نوێ تەمەنی نووح و سەبری ئەیوب بە ئاوات دەخوازم.

   

بابەتە پەیوەندیدارەکان