راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عیراق لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان

08:52 - 2025-01-12
عیراق
48 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی  دارایی عیراق رایگەیاند، بە گوێرەی خشتەکانی بودجە، ساڵی رابردوو زیاتر لە 11 ترلیۆن دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و دەشڵێت، هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە نەبووە و داهاتی ناوخۆی بۆ بەغدا نەگەڕاندۆتەوە.

وەزارەتی  دارایی عیراق راگەیەندراوێکی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی 2024دا بڕی 11 ترلیۆن و 561 ملیار و 522 ملیۆن دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.

وەزارەتی دارایی عیراق باسی لەوەشکردووە، بە گوێرەی خشتە پەسەندکراوەکانی ناو یاسای بودجە شایستە داراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان ناردووە بۆ سەرجەم توێژەکانی خانەنیشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە و داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا نەناردووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، بەگوێرەی تەرازووی پێداچوونەوە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان چوار ترلیۆن و 350 ملیار دیناربووە، مانگانە مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگانە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە پارەکەی مانگانە دابیندەکرێت، هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی.

وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیار نین لە خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و دواخستنی خەرجکردنی ئەو مووچانە لە ئەنجامی پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان