یادی 33 ساڵەی کوردستانی نوێ لە دیدی نووسەران و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەولێر

11:31 - 2025-01-12
ڕاپۆرت
61 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تەها عەبدوڵڵا
مام جەلال، هەمیشە پشتیوانی سەرەكیی قەڵەمی ئازاد و رەخنەگر و فراوانكردنی پانتایی ئازادییەكانی کوردستانی نوێ     بووە

نووسەران و رۆشنبیرانی هەولێر هاوشێوەی شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان، ساڵیادی رۆژنامەی كوردستانی نوێ پیرۆز دەكەن و رۆڵی رۆژنامەكە لە گەیاندنی زانیاری بەراستگۆیی و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرز دەنرخێنن، هیوای بەردەوامی بۆ دەخوازن و بەو بۆنەیەوە چەندین پێشنیاز بۆ بەرەو پێشبردنی كوردستانی نوێ دەخەنەڕوو.
حەمەزیاد مەولود نووسەر و ئەندامی ئەكادیمیای كوردی بەو بۆنەیەوە  بەكوردسنانی نوێی راگەیاند: سەرەتا بە گەرمی 33یەمین ساڵیادی رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە یەكەمین دەستەی سوارچاكانی  پیرۆز دەكەم، لەگەڵ هەموو ئەو قەڵەم بەدەستە دڵسۆزانەی دوای ئەوان هاتن، لە سەرنووسەر و تەواوی رۆژنامەنووس و میدیاكار و كارمەندان و هەموو ئەوانەی لەم رۆژنامەیەدا چ وەك نووسەر چ وەك هونەرمەندی بوارە جیاجیاكان بەشدارییان كردووە. دروود بۆ گیانی رەوانشاد مام جەلال دەنێرم كە هەمیشە پشتیوانی سەرەكیی قەڵەمی ئازاد و رەخنەگر و فراوانكردنی پانتایی ئازادییەكانی كوردستانی نوێ بووە. دروود بۆ گیانی ئەوانەی کۆچیانکرد و ئەوانەی مەرگ مەودای نەدان لەم كاروانەی كوردستانی نوێدا بەردەوام بن. 
وتیشی: كوردستانی نوێ لە دوای راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991بوو بە یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی كوردی، لە هەمانكاتدا بوو بە شانازییەكی مەزنی مێژووی رۆژنامەگەری. ئەو سەردەمەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ تێیدا چاوی هەڵێنا، سەردەمی پشێوی و ناسەقامگیری و نەبوونی بوو. بۆیە دەركردنی رۆژنامەیەكی رۆژانە، هەستكردن بە بەرسیارێتی و خەمخۆری بوو، نیشتیمانپەروەری و خۆشەویستیی وشەی كوردی بوو، لەهەمانكاتدا مێژوویی بوو لە تۆماركردنی رووداوەكانی ئەوكاتدا، كە تائێستاش بەردەوامە. 
ناوی كوردستانی نوێ، ناوێكی لەباری پڕ مانا، ناوێكی پڕ هیوا كە وامان لێدەكات چاومان لە ئایندەیەكی باشتر و نوێتر بێت. ناوێكی گونجاو بۆ گەلی هەمەڕەنگی كوردستان. راشیگەیاند: پەیامم بۆ كوردستانی نوێ ئەوەیە، زیاتر و زیاتر پابەندی ئیتیك و كاری پیشەییانەی رۆژنامەگەری بن، بە گەشەپێدان و رەخنەلەخۆگرتنەوە، لەسەر ئەم رەوت و رێڕەوە بەردەوام بن و پانتاییەكانی ئازادیی فراوانتر بكەن، پەرە بە عەقڵی رەخنەگرانە بدەن، لە هەمانكاتدا گیانی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان قووڵتر بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: هیوادارم كوردستانی نوێ بەم دەستەیەی ئێستایەوە، نموونەی رۆژنامەیەكی نوێگەر، ئازاد و كراوە بێت. لەناو ئەم ئاڵۆزی و نابەرپرسیارێتی و سەرلێشێوانە میدیاییەدا نموونەی هەست بە بەرپرسیارێتیكردن بێت. رۆژنامەیەكی بابەتی و سەنگین و راستگۆ بێت و مەزاجی كوردەواری تێكنەدات. 
هەر بەو بۆنەیەوە شاناز هیرانی نووسەر و چالاكوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی پەیامی خۆی بەمجۆرە ئاراستەی كوردستانی نوێ دەكات و رایدەگەیەنێت: كوردستانی نوێ بۆ ئێمە ئەو سەكۆ و مینبەرە ئازادەیە، كە تێیدا ئازادیی سیاسی و بیروڕای جیاوازی تێدا بەرجەستە بووە. لەساڵانی رابردوودا توانییویەتی بەهاو رەونەق و گرنگی خۆی بپارێزێ. لە رۆژگارێكدا كە خوێندنەوەی رۆژنامەی كاغەزی بەرەو كاڵبوونەوە دەڕوات، بەڵام كوردستانی نوێ بە درێژەدان بەو ئامانج و مەبەستەی لەپێناوی هاتە بەرهەم، وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی دوای راپەڕین بەردەوامە. دڵخۆشین بە مانەوەو بەردەوامیی كوردستانی نوێ.
وتیشی: بۆ من و دەیانی تریش، یەكەم فێرگە بوو بۆ پەرەدان و پێشكەوتن و هاندان قەڵەم بەدەستەكان، تا رۆژانە ئایدیا و دید و بۆچوون و شرۆڤەكانیان لە لاپەڕەكانی كورستانی نوێ بخوێندرێنەوە. بۆیە پڕ بەدڵ، هیواخوازم هەمیشە لەنوێبونەوەو داهێناندا بن. 
لەبارەی پێشنیازەكانی بۆ بەرەو پێشچوونی رۆژنامەكە وتی: پێشنیاز دەكەم لەئایندەدا كار لەسەر هاندان و هێنانەوەی ئەو نووسەر و رووناكبیر و كەسایەتییانە بكەن، كە كەسانی خاوەن ئەزموون و  دیار و پەسەندكراوی خوێنەرن. گرنگی زیاتر بە قەڵەمی ژن و بایەخ بدرێت بە تێڕوانین و دیدی ژنانە. 
سەردار عەبدولكەریم عەبدوڵڵا نووسەر و رۆژنامەنووس ئەوەی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەرچەندە كوردستانی نوێ زمانحاڵی یەكێتییە، بەڵام ئەم كاراكتەرەی وایكردووە كارەكانی هەستیار بن، حسابی ورد بۆ وشە و وتارەكانی بكرێت، لەوانەیە بەكارهێنانی تەنیا رستەیەك بە هەڵە، یان وروژاندنی بابەتێكی هەستیار بە ناوەختی، كۆمەڵێك لێكەوتەی سلبی هەبێت، لەوانەیە بۆ رۆژنامەی دیكە وانەبێت، بۆیە سەختە كوردستانی نوێ سەركێشی بكات.
 وتیشی: باس لە ئازادی نووسین دەكرێت، دەبێت باس لە كاریگەرییەكانی وروژاندنێكی ناوەختیش بكرێت، بە قەبارە و سەنگی خاوەنەكەی كە یەكێتییە سەیری بكرێت، لە دۆخە زاتی و بابەتییەكانیان دانەماڵرێت. 
پێشنیازیشكرد: رۆژنامەكە هەوڵبدات گەشە بە بەشی لێكۆڵینەوەی سیاسییەكەی بدات، بۆ هەر وڵاتێك، یان دامەزراوە‌ جیهانییەكان، خەڵكی پسپۆر و ئەكادیمی تەرخان بكات بۆ‌ تێركردنی تاكی كورد بە زانیاری ورد و وشیاركردنەوەیان، بۆ ئەو مەبەستەش هانی كادیرەكانی بدات بۆ زیاتر شارەزابوون و فێربوونی زمانە زیندووەكان.
هەروەها بە پێویستی زانی: بابەتە گەرمەكان بە مەلەفی دیارییكراو بخرێنەڕوو، پاشانیش بەنامیلەكە چاب بكرێن. بۆ ئەو بابەتە هەوڵبدرێت زیاتر سوود لە ئەكادیمییەكان وەربگیرێت و گرنگی زیاتر بە وەرگێڕانی پرۆفیشناڵ لە بوارە جیاجیاكانیش بدرێت، دواتر ئەوانیش بكرێنە نامیلكە.
تانیا تەڵعەت نووسەر و چالاكوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی هەر بەو بۆنەیەوە پەیامی خۆی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەساڵیادی دەرچوونی ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، وەك یەكێك  لە رۆژنامە رەسەن و دێرینەكان و راستگۆکانی كوردستان، زۆر خۆشحاڵین لە ماوەی 33 ساڵی رابردوودا بەردەوام بووە بەتایبەتی بەشێوەی چاپی كاغەزی، چونكە ئێستا رۆژنامەی كاغەزی و چاپكراو بەرەو كەمی چووە، بەڵام مانەوەی كوردستانی نوێ  بەو جۆرە، دڵخۆشكەرە و منیش شانازی بەوە دەكەم، كە هەمیشە بۆ زانیاری سوودم لە لاپەڕەكانی وەرگرتووە.
پێشنیازیشیكرد: هیوادارم كوردستانی نوێ بەم جۆرە بەردەوام بێت لە پێشكەشكەشكردنی راستگۆیی، لە داهاتووشدا كاری زیاتر بكات لە پێشكەشكردنی هەواڵ و زانیارییكان بەكۆمەڵگا، بەجۆرێك كاریگەریی ئەرێنییان لەسەر هاووڵاتیان هەبێت. هەروەها بە پێویستی دەزانم  رۆژنامەكە  بایەخی زیاتر بە بابەتە فكریی و كەلتوری و رۆشنبیرییەكان بدات، تا بتوانن كاریگەریی زیاتریان هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان