کوردستانی نوێ لەدیدی نووسەران و رۆشنبیرانی شارەزوورەوە

11:34 - 2025-01-12
ڕاپۆرت
99 جار خوێندراوەتەوە

ئا: محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

کوردستانی نوێ  بووە بە سەکۆیەکی ئازاد بۆ ئازادیخوازان و رەخنەگران و گشت بیروڕا جیاوازەکان

نووسەران و رۆشنبیرانی شارەزووریش هاوشێوەی شاروشارۆچكەكانی دیكەی كوردستان، ساڵیادی رۆژنامەی كوردستانی نوێ پیرۆز دەكەن و رۆڵی رۆژنامەكە بەرز دەنرخێنن. 
سەروەت نیعمەتوڵڵا ساڵح مامۆستای زانكۆ لە یادی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا دەڵێت: رۆژنامەنووسی کوردی، هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە، دەلاقەیەکی نوێ و گرنگ و فراوانبوو بەرەو ئاسۆی رووناکبیریی و رۆشنکردنەوەی رێی نەزانیی و دواکەوتوویی تاکی کورد، منەوەر و خاوەن ئەزموون و کەسایەتییە دیارە رۆشنبیرەکانمان وەک پیرەمێرد و گۆران و شێخ نوری و محەمەد ئەمین زەکی بەگ و دەیانی تر، هەر لەسەرەتاوە درکیان بەوەکرد، کە دەتوانن لەڕێی رۆژنامەوە کاریگەریی دروستبکەن و لەگەڵیشیدا کەلەپوری ئەدەبیی و زمانی شیرینی کوردی بپارێزن، بە نموونە رۆژنامەی کوردستان لە ساڵی 1898 بەش بەش و تا کۆتا ژمارەی هەرجارێک بەشێکی لە قەسیدەی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بڵاودەکردەوەو لە فەوتان ئەو بەرهەمە دەستنووسە ئەدەبییەی بۆ هەتاهەتایە پاراست.
دەشڵێت: بەم شێوەیە و تا دەگاتە سەدەی هاوچەرخ، رۆژنامە کوردییەکان و لەگەڵیشیدا رۆژنامەی کوردستانی نوێ، بەو خەباتە دێرینەی لە رۆشنفکریی و هەمەجۆریی بابەت و بوونی گۆشەی سیاسی و ئەدەبی و رێخۆشکردن بۆ هاتنەپێشەوەی خوێنی تازە و نوێ و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی خاوەن قەڵەمە بە ئەمەکەکان، توانی خزمەتێکی بەرچاو و دیار بە میدیای نووسراوی کوردی بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەروەت نیعمەتوڵا ئەوەشی وت: هەمیشە بەو ئومێدەوە لە كوردستانی نوێ دەڕوانرێت، کە بابەتییانە و سەردەمیانە و قووڵ بۆ بابەتەکان بڕوانێت، تا بەردەوامیی بەو زنجیرە ئەرێنییە مێژووییەی خۆی بدات، کە بریتیبووە لە راستگۆیی و متمانە و زانیاریی پڕسوود.
دەشتی عەلی لێپرسراوی بەشی گەنجانی مەڵبەند6ی شارەزوور لە یادی 33ساڵەی كوردستانی نوێ-دا رایگەیاند: رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەستپێشخەرییەکی گرنگ و پڕ بایەخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ رەوتی ئازادیی لە رۆژنامەی کوردییدا، چونکە بووە سەکۆیەکی ئازاد بۆ ئازادیخوازان و رەخنەگران و گشت بیروڕا جیاوازەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ببووە خوێندنگەیەک بۆ پێگەیاندنی سەدان رۆژنامەنووسی بەتوانا و لێهاتوو کە ئەمڕۆ ئەو رۆژنامەنووسانە ناوی دیارن  لە بواری راگەیاندنی کوردیدا.
‎لە بارەی پێشنیازەكانی بۆ كوردستانی نوێ دەشتی علی دەڵێت: داواكارم وەك هەمیشە گەیەنەر و دەرخەری كێشە و گرفت و داواكاریی هاووڵاتیان و كەموكورتییەكان بن، هەروەها پێشنیاز دەكەم زیاتر گرنگی بە گەنجان و ژنان بدرێت و گۆشەیەكی تایبەتیان لە رۆژنامەدا بۆ تەرخان بكرێت وەك هاندانیان بۆ برەودان بە تواناكانیان، زیاتر هاوكاری خوێندكارانی میدیا و دەرچوانی راگەیاندن بن لە خۆپێگەیاندندیان لە رێگەی خولەكانەوە، چونكە كوردستانی نوێ لە لووتكەی ئیتیك و زانینی كاری  رۆژنامەنووسییدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان