ئا/ سامان یاروەیس
لە میانی سێ کورتە دیداری کوردستانی نوێ – دا بەبۆنەی 34 – ەمین ساڵیادی دەرچوواندنی رۆژنامەکەوە، بەرپرسانی حزبی و حکومیی سنووری خانەقی و گەرمەسێر هەم ستایشی رێباز و بوێریی رۆژنامەکە دەکەن و هەم رەخنە و پێشنیازەکانیشیان دەخەنەڕوو بەمەبەستی گەشەپێدانی لە ساڵانی داهاتووی کارکردنیدا و لەو رووەشەوە هەریەک لە شێرکۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین، سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نوێنەری خانەقین و جواد فەیزوڵڵا محەمەد قائیمقامی قەزای خانەقین بەمجۆرە دید و تێڕوانینی خۆیان دەخەنەڕوو:
سەرەتا شێركۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی خانەقینی رایگەیاند: كوردستانی نوێ بەشێكە لە مێژووی رۆژنامەوانیی كوردی، بەردەوامی رۆژنامەكە و رۆڵ و پێگەی لە راگەیاندنی كاغەزیدا توانیویەتی بناغەیەك بێت بۆ كاری رۆژنامەی رۆژانە، لەکاتێکدا ئەم كارە ئاسان نییە و بەردەوامییەكەی و ناوەڕۆكەكەی و وزەی بڵاوكردنەوەی بە بەردەوامی، خاسییەتی خۆی هەیە، لەم مەیدانە چۆڵەی رۆژنامەی كاغەزیدا کوردستانی نوێ توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزێت و بەردەوام بێت، بۆیە شایەنی خۆیەتی لەم ساڵیادەی تەمەنیدا ستایشی ستافەکەی بكرێت، چ ئەوانەی پێشتر كاریان تێدا كردووە، چ ئەم ستافەی ئێستاش كە خۆنەویستانە ئەركی خۆیان لەسەر بنەمای ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و پاراستنی بەها جوانەكانی كۆمەڵگە و گەیاندنی پەیامی رەخنە ئامێز و كێشە و گرفتی خەڵك و پەیامی سیاسیی یەكێتی جێبەجێ دەکەن.
رەخنەو پێشنیار
لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین وتیشی: پێویستە گرنگیدان بە ناوچە جێناكۆكەكان رووبەرێکی زیاتری بدرێتێ و كێشە و گرفت و پیلانە سیاسی و ئەمنییەكان و ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەی خەمی بەردەوامی رۆژنامەکە بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مێژووی ئەو ناوچانە بەشێكی زیندوی مێژووی گەلەكەمانە و گەرمیی رووداوەكان و هەستی نیشتمانپەروەری خەڵكەكەی هەموو ئەمانە دەبێت زەق بکرێتەوە، هەروەها پێکەوەژیانی پێكهاتەكان و چەندین لایەنی تر هەن کە شایستەی ئەوەن رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەدواداچوونیان بۆبکات.
لە بەشێکی دیکەی پێشنیازەکانیدا شێرکۆ میروەیس وتی: زۆر گرنگە کوردستانی نوێ وەک رۆژنامەیەکی رۆژانە تۆماری رۆژانەی رووداو و هەڵوێستەكان بکات، ئەوکاتە بۆخۆی بەشێك دەبێت لە مێژووی تۆمارکردنی رووداوەکان و هەوڵبدات بگاتە دەست خەڵکی تەواوی ناوچەكان.
هەر لەوبارەیەشەوە سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ-وە وتی: یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕین کە تائێستا بەردەوامە، هەر ئەمە بۆخۆی نازناو و ئەركێكی گەورە و گرانی كایەی رۆژنامەوانی كوردی خستووەتە سەرشانی ستافەکەی، چونكە لەراستیدا كاری دەرکردنی رۆژنامەی رۆژانە زۆر قورسە، هەموو رۆژێك دەبێت تۆ ئاگاداری ژیانی خەڵك و سیاسەت و حكومەت و هونەر و وەرزش و بوارەكانی تر بیت، كە ئەمە زەروورەتێكی گەورەیە، بۆیە كوردستانی نوێ مێژوویەكی گەورەیە بۆ كایەی رۆژنامەوانی و كاری راگەیاندن، و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و ستافە ماندونەناسەكەی دەكەم، خۆڕاگری و بەردەوامییان سەلمێنەری وزەی راستەقینەیانە و شایەنی رێز و پێزانینە.
پێشنیازیشی کرد کە كوردستانی نوێ چاوتیژانە رووماڵی دۆخی ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان بکات، لەبەرئەوەی مەینەتی و گرفتیان لە خەڵکی ناوچەکانی دیکە زیاترە، چونكە جگە لە لایەنی خزمەتگوزاری، لە دۆخێكی سیاسیی سەختیشدا دەژین و پێشتریش روبەڕووی دۆخێكی ئەمنی توند ببوونەوە لە ڕووی تیرۆر و زۆرجار مامەڵەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش.
ئەگەرچی کوردستانی نوێ ئەو لایەنەی فەرامۆش نەکردووە سەبارەت بە خستنەڕووی مێژووی ناوچەكان، رووداوەكان، پێشهاتەکان، بەڵام پێویستە لە وەرزی نوێیدا گرنگیی زیاتری پێبدات و بوار بە قەڵەمی نوێ بدات، سەرەڕای ئەوەی دەرگاتان كراوەبووە و پاشكۆ و دووتوێی زۆر گرنگتان بۆ تەرخانکردووە.
لای خۆیشییەوە جواد فەیزوڵڵا قائیمقامی قەزای خانەقین وێڕای پیرۆزبایی ساڵیادی كوردستانی نوێ، وتی: جێگە و پێگەی كوردستانی نوێ شانازییەكی گەورەیە بۆ كایەی رۆشنبیری و هەموو كوردێك دەبێت سەنگینی و گرانیی ئەم كەناڵە جوانەی كاری راگەیاندن بزانێت، چونكە رۆژنامەی رۆژانە پێویستیەكی هەنووكەییە بۆ هەر گەلێك، كوردستانی نوێ خۆڕاگر و بەردەوام و ماندونەناسانە سەلماندوویەتی كە تاچەند راگەیاندنی یەكێتی دەتوانێت پێشبكەوێت.
خودی یەكێتی لەبنەڕەتدا بۆ هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردی و پاراستنی پێگەی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری خەباتی كردووە، كوردستانی نوێش پەنجەرەیەكی روونی ئەو خەباتەیە.
هەروەک قایمقامی خانەقین پێشنیازیکرد ئەو متبوونە رۆژنامەوانییەی لە خانەقین هەیە، كوردستانی نوێ رچەشكێنی بووبێت، بە هاتنی سەرنووسەر و ستافەكەی بۆ شارەكەمان کە دڵخۆشییەكی گەورەیان هێنا، بەجۆرێك دەتوانێت ببێتە خاڵێكی دەستپێك بۆ كەناڵەكانی تر تائەوانیش بێنە ناوچەكە و كێشەو گرفتەكان لە نزیکەوە ببینن و بەدواداچوونی بۆبکەن و ئەرک و جووڵەی ئیدارەی ناوچەکەش ببینن و رووماڵی چالاكییە هونەریی و وەرزشییەكانی سنوورەکە، کە بەداخەوە لەماوەی رابروودا پێش کوردستانی نوێ راگەیاندنە کوردییەکانی تر وەک پێویست نەیتوانیبوو رووماڵی ئەوانە بکەن و خانەقینیان پەراوێزخستبوو.
پێنشیازیشی کرد ئەو متبوونە رۆژنامەوانییەی لە خانەقین هەیە، كوردستانی نوێ رچەشكێنی بێت.