بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا ، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەکە بکەن. دەبێت لە سووریای نوێدا مافی هەموو لایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حکومەتی نوێوە روونە و نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی رابردوو دووبارە بکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتوو دادپەروەرانە و دوور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات. ئێمە ناکۆکی و لێکترازان بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین. بۆیە هیوادارین هەموو لایەنەکانیتریش بەم نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێکەوە هەرێمەکان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بکەین.
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و رایگەیاند، یەکخستنەوەی پێشمەرگە پرۆسەیەکی نیشتمانی و چارەنووسسازە، هیوادارین ئاستەنگە حزبییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە و هەموومان هێزێکی تۆکمە بۆ کوردستانەکەمان بونیادبنێین.