بە هاوکاریی بەریتانیا، سێ کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتی لە سلێمانی دەستگیرکران

09:21 - 2025-01-15
کوردستان
271 جار خوێندراوەتەوە

 بە هاوکاریی بەریتانیا، سێ کەس لە شارى سلێمانى بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی کۆچبەران بۆ ئەوروپا و بەریتانیا دەستگیرکران. تۆڕی هەواڵی بی بی سی لە زاری دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەوە بڵاویکردووەتەوە، هەر سێ کەسەکە لە شاری سلێمانی لەنێوان 8 بۆ 12ی ئەم مانگە دەستگیرکراون و ئێستا بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەرکراون و لێپێچینەوەیان لێدەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە یەکەم ئۆپراسیۆنی لەو جۆرەیە، کە دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان بەهاوکاریی ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە. گوماندەکرێت ئەو گرووپەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە هەمان تۆڕی قاچاخچێتییەکەی (ئامانج حەسەن زادە)وە هەبێت، ئەو کەسەی ساڵی رابردوو بەهۆی رۆڵی لە گواستنەوە کۆچبەران بە بەلەمی بچووک لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزەوە دەستگیرکرا و بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزا درا. میدیای بەریتانیا دەڵێت، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان پیاوێکی تەمەن 38 ساڵە، تۆمەتبارە بە کارکردن لەگەڵ تۆڕی قاچاخچێتی بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بۆ یۆنان و ئیتاڵیا لەڕێگەی یەختەوە. دەستگیرکراوی دووەم، خاوەنی کۆمپانیایەکی حەواڵەیە و لە چلەکانی تەمەنیدایە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی بەناو زادەوە. کەسی سێیەم لە سییەکانی تەمەنیدایە، وەک نێوەندگیرێک لەناو ئەو گرووپەدا کاریکردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆچبەران بە مەبەستی گواستنەوەیان لە لایەن تۆڕەکەوە. ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکە لە چوارچێوەی رێکەوتنی ئەمدواییەی بەریتانیا لەگەڵ عیراق بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان ئیمزایان کردووە، ئەنجامدراوە. کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی عیراق و هەرێمی کوردستانی کرد و رێکەوتنی هاوبەشییان واژۆ کرد. بەگوێرەی رێکەوتنەکە، بەریتانیا بەبڕی 800 هەزار پاوەن هاوکاریی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی، کۆچی نایاسایی، تاوانە رێکخراوەکان و بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان