رۆژنامەی (السوري) بڵاویكردەوە، لەناو دیمەنە ئاڵۆزەكانی سوریادا، بانگهێشتی تازە هەیە بۆ گفتوگۆی سورییەكان بۆ دەرچوونی وڵات لە گێژەڵۆكەی ناكۆكییەكان، لەكاتێكدا بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان هاتووەتەسەر ساحەی سیاسیی سوریا.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: دوای چەندان دەیە لە قەدەغەكردنی چالاكیی سیاسی لە حزبەكان و رێكخراوە سەربەخۆكان لە سوریادا پێش دەسەڵاتە رووخاوەكەی ئەسەد، ئێستا رێگە دەكرێتەوە لەبەردەم گەلی سوریادا بۆئەوەی گوزارشت لە مافی خۆیان بكەن لەچوارچێوەی رێكخراوەكان و دەستە سیاسییەكان كە هەمووان بانگهێشت دەكەن بۆ گفتوگۆی نیشتمانیی و وێنەكردنی رووخسارەكانی قۆناغی راگوزەر لە وڵاتدا و گەیشتن بە پێكهێنانی حكومەتێكی هەڵبژێردراو.
هاوكات ئیدارەی نوێی سوریا بەنیازە دەست بە هەوڵەكانی بكات بۆ بەستنی كۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی لە دیمەشقی پایتەخت، ئەوەش بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنێكی راوێژكاریی تا بتوانێت سەرپەرشتی و چاودێری كارەكانی حكومەتی نوێ بكات، رۆژنامەكە دەڵێت: گفتوگۆی نیشتمانیی دەبێتە نەخشەڕێگەیەكی گرنگ بۆ ئاراستەیەكی دروستی وڵات كە تەواوی پێكهاتەكانی سوریا بەشداری تێدا بكەن تا ئایندەی وڵات دابڕێژنەوە.