خاتوو مەیس مۆفەق شەمعون حەداد یەكێكە لە بێژەرەكانی كەناڵی ئاسمانی كەركوك لە نەتەوەی سریانییە، ساڵی 1987 لە بەغدا لەدایكبووە خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بەشی رادیۆ و تەلەفزیۆنی كۆلێژی راگەیاندنی زانكۆی بەغدا.
خاتوو مەیس مۆفەق بەدوالاپەڕەی وت: باوكم پاڵپشتی یەكەمم بوو بەهۆی كاركردنی لە بواری راگەیاندندا و توانیم بچمە كۆلێژی راگەیاندن و ساڵی 2009 كۆلێژم تەواو كرد، سەرەتای دەستپێكردنی كاری میدیاییم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی خوێندن كە لە رادیۆی كۆلێژی راگەیاندن لەگەڵ هەڤاڵانم و ژمارەیەك لە مامۆستایانی راگەیاندن كارم كرد، دوابەدوای ئەوە لە رادیۆی كلدۆ ئاشووری و رادیۆی ئازادی لە هەولێر وەك هەواڵساز و بێژەری هەواڵ كارم كرد.
وتی: ساڵی 2011 لە بەشی هەواڵسازی كەناڵی كەركوك دەستبەكار بووم، بەڵام لەبەر بارودۆخێكی تایبەتی خۆم وازمهێنا تا ساڵی 2024 دووبارە كەناڵی ئاسمانی كەركوك ئامێزی بۆ كردمەوە و دووبارە دەستم بەكاركردن كردەوە.
مەیس مۆفەق وتیشی: كەناڵی ئاسمانی كەركوك لەناو میدیای كوردیدا پێگەی خۆی هەیە و رێچكەی تەبایی و پێكەوە ژیانی گرتۆتەبەر، ئەویش بە هۆی بەرنامە رەنگاوڕەنگەكانی بە هەر چوار زمانە، رۆحی برایەتی و دۆستایەتی هەیە لەناو ئەو كەناڵەدا و ئەمەش وایكردووە كە ئیرادە و سووربوونم لە بواری میدیادا هەبێت.
مەیس وەك پێكهاتەیەكی مەسیحی، كەركوكی بە شارێكی فرە ئایینی و فرە رەگەز وەسفكرد كە خەڵكەكەی بە خۆشەویستی و ئاشتی دەژین و میدیاش رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لەبەرەوپێشبردنی ئەم پێكەوەژیانە و پاراستنی ئەو شوناسە لە رێگەی گواستنەوە و روماڵكردنی رووداوەكان و گەیاندنیان لەسەر رێبازی پیشەیی و بێلایەنانە.
كەركوك - رزگار شوانی