رێكخراوی رۆشنبیرانی كەركوك لەسەر دەستی كۆمەڵێك نووسەری خەمخۆری شاری كەركوك دامەزراوە لەپێناو خزمەتكردن و دابینكردنی مافە رەواكانی رۆشنبیرانی كەركوك بەهەموو نەتەوەكانییەوە.
نووسەر سەید غەریب خالید سەرۆكی رێكخراوەكە بە دوالاپەڕەی وت: رێكخراوەكە لە بواری كاری رۆشنبیریی و خزمەتی ئەدەبی و پێشخستنی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی كار دەكات و دەستەی دامەزرێنەری رێكخراوەكە پێكدێت لە نووسەران، جگە لە بەندە وەك سەرۆك و فەیسەڵ تاهیر هەمەوەندی و خالید كاوێس قادر و عارف حوسێن كوردە و هێدی گەڵاڵی و ئەیوب بامبوغچی و ئارام مەلا عومەر.
وتی: رێكخراوەكە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا كۆمەڵێ چالاكی هەمەجۆری کردووە و سەرپەرشتی چەندین چالاكی رۆشنبیریی و بە چاپگەیاندنی بەرهەمی ئەدەبی کردووە و مەراسیمی رێزلێنانیشی بۆ (57) نووسەر و هونەرمەند و رۆژنامەنووس لە سەرجەم پێكهاتەكانی شاری كەركوك سازكردووە، ئەویش بە بەخشینی قەڵەمی شكۆی زێڕین و قەڵغانی رێزلێنان و پێدانی كتێب و فەرهەنگی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) بە نووسەران.
سەرۆكی رێكخراوەكە سوپاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەڵبەندی دووی كەركوكی كرد كە هەردەم پاڵپشت و هاوكاریان بوون لە پێناوی خزمەتكردنی نووسەران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان، داواشی لەحكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد چیتر نووسەران و هونەرمەندانی كەركوك پشتگوێ نەخرێن و رێز لە ژیان و قەڵەم و بەرهەمەكانیان بگیرێت.
رزگار كەركوكی