ساڵیادی کوردستانی نوێ لەهەولێر

11:52 - 2025-01-15
دووتوێ
28 جار خوێندراوەتەوە

ئەمساڵ بەبۆنەی یادی 33 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، چەندین چالاكی و كۆڕوكۆبوونەوە بەو بۆنەیەوە بەڕێوەچوو. ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوانی حزبی و حكومی و نووسەران و رۆژنامەنووسان، پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی سەرنووسەر و كارمەندانی رۆژنامەكە كرد و هیوای بەردەوامیان بۆ خواست.
بەو پێیەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ یەكەم رۆژنامە و دێرینترین رۆژنامەیە لە هەرێمی كوردستان، خوێنەران بەگرنگییەوە لێی دەڕوانن و لەگەڵ كەمبوونەوەی میدیای نووسراو، كەچی بەردەوامبوونی كوردستانی نوێ بە پێویست دەزانن، وەك رۆژنامەیەكی سەنگین و ئازاد و هەمەچەشن.
ئەوەشی تایبەتە بە هەولێر، ئەو یادە نووسەران و رۆشنبیرانی شارەكەی لە ساڵۆنی لاپەڕە 9ی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆكردەوە، گفتوگۆیەكی فراوان و بەرهەمدار لە بارەی مێژووی دەرچوونی رۆژنامەكە و كاریگەریی دەركردنی رۆژنامەیەكی رۆژانە بۆ ئەو كاتە خرایەڕوو. هاوكات لەلایەن رۆژنامەنووسانی دێرین و پسپۆڕانی بواری میدیایی، ئاماژە بە پانتایی ئازادییەكانی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی كوردستانی نوێ كرا، لەو كاتانەی هەرێمی كوردستان لەگەرمەی ململانێ و شەڕی ناوخۆیی و بارودۆخێكی سەختی ئابووریدا بوو، كەچی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، ببووە سەكۆیەك بۆ نووسەران و رۆشنبیران و سەرجەم هاووڵاتیان، تا لە رێگای وتار و بابەتە رۆژنامەوانییەكان رەخنە و گللەییەكانیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بكەن، بەجۆرێك ئەو رەخنە و گللەییانە خودی رۆژنامەكە و سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی گرتبۆوە و لە رۆژنامەكە بڵاودەكرایەوە.
هەرئەوەی پەیوەندی بە هەولێرەوە هەیە، یادكردنەوەی كوردستانی نوێ لەكاتێكدا بوو، ماوەیەكە دووتوێی(كورستانی نوێ هەولێر) دەردەچێت و  لە چوارچێوەی كوردستانی نوێ هەشت ژمارەی لێ چاپكراوە، وەك لە كۆڕەكەی ساڵۆنی لاپەڕە9 ئاماژەی پێكرا،(كوردستانی نوێ هەولێر) سەرجەم بابەتەكانی تایبەت بە سنووری پارێزگای هەولێری تێدا بڵاودەكرێتەوە، داوا لە نووسەران و رۆشنبیران كرا بە نووسین و وتارەكانیان، لەبواری سیاسی و رۆشنبیری و هونەری و كەلتوری و وەرزشی هاوكار بن، بۆئەوەی رەنگدانەوەی هەولێر لە كورستانی نوێ باشتر و كاریگەرتر دەربكەوێت.

کوردستانی نوێ هەولێر

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان