چــــۆن تـــووتنی مـــەلا بوو بـــە پــەتــاتــە

11:56 - 2025-01-15
دووتوێ
14 جار خوێندراوەتەوە

 د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی

لە عەرەبییەوە: رەنج جەعفەر


سەرەڕای ئەوەی كە باوكم خوا لێی خۆشبێت، پیاوێكی باش و قوڵ بوو لە زانستە شەرعی و رۆحییەكان، هەرگیز باوەڕی نەدەكرد كە كەرامەتێكی هەبێت كە تووتن بكات بە پەتاتە، بەڵام ژیانی سەخت و سیستەمە دیكتاتۆرییەكان كە بۆ چەندین دەیە وڵاتیان بەڕێوەدەبرد، وەك هەموو خەڵكی وڵاتەكەمان، هەندێكجار رژێمەکە ناچاری دەكردن، پەنا بۆ فێڵ بەرن، بۆئەوەی ژیانی خۆیان رزگار بكەن یان لە سزایەكی ناڕەوا دەربازیان بێت.  ئەمەش یەكێكە لەو چیرۆكە سەیر و كۆمیدی و تراجیدیانەی كە باوكم لە كتێبی(لەبیرچوونەوەی خەمەكان)دا نووسیویەتی. 

 

لەم چیرۆكەدا پۆلیسێكی نەزان و توندوتیژ لە دووری سەدان كیلۆمەتر لە شوێنی خۆی، كە تێناگات لە سروشتی ژیانی خەڵكی ناوچەكە، مافی ئەوەی هەیە كە موحتاجێكی هەژار سزا بدات و دەست بەسەر كیسە تووتنێكدا بگرێت كە مەترسیدارتر نییە لە پەتاتە

باوكم خەریكی خوێندنی زانستە ئایینییەكان بوو، لای هەندێك مامۆستا و زانا لە ناوچەی رواندز، لە كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوو، ئەوكاتە زۆربەی فێرخوازانی ئایینی هەژار بوون، بۆیە وا باو بوو لە كۆتایی وەرزدا، بچن بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی لە گوندە كشتوكاڵییەكان، جووتیارەكان بەزەییان پێیاندا دەهاتەوە و بڕێكی كەم لە بەروبوومەكەیان پێدەدان، فێرخوازەكانیش ئەوەی كۆیاندەكردەوە، دواتر  دەیانفرۆشت بۆ كڕینی كتێب و پێداویستییە سەرەتاییەكانیان. 
جارێكیان بەر باوكم كەوت كە بچێت بۆ ناوچەی حاجی ئومەران، كە لە نزیك سنووری ئێران بوو، ئەم ناوچانەیە، هەمووی گوندی كشتوكاڵی و شاخاوی بوو، باسی ئەوە دەكات، كە ئەوەی كۆی كردبووە كیسەیەك تووتن بوو، دواتر سواری یەكێك لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگڕەكان دەبێت بۆ گەڕانەوە، لە رێگادا لە خاڵی پشكنینی پۆلیس دەوەستێت، ئەو پۆلیسەشی پشكنینەكەی دەكرد خەڵكی باشووری عیراق بوو، نە زمان و نە دابونەریتی ناوچەكە و ژیانی خەڵكەكەی نەدەزانی(ئەوكات حكومەت خەڵكی باشووری دەنارد بۆ كوردستان و خەڵكی كوردستانی دەنارد بۆ باشوور). 
باوكیشم نەیدەزانی كە تووتن لە لیستی كاڵا قەدەغەكراوەكاندایە، كاتێك پۆلیسەكە كیسەكەی باوكمی دۆزییەوە، سووربوو لەسەر دەستبەسەرداگرتنی، مشتومڕێك دروست بوو كە باوكم و پۆلیس و شۆفێر و خەڵكی تریش بەشداریان تێدا كرد، بەڵام پۆلیسەكە لەسەر هەڵوێستی خۆی سووربوو، شۆفێرەكە ویستی بە شێوەیەكی تر یان بە بەرتیلێكی بچووك رازی بكات، بۆیە دووریخستەوە تا بەرتیلێكی بچووكی بداتێ، كەچی دەركەوت كە پۆلیسەكە كەللەڕەق و توندە. 
لەوكاتەدا باوكم هەلی قۆستەوە و كیسە تووتنەكەی گۆڕی بە كیسێكی تر لە باری ئۆتۆمبێلەكە كە نەیدەزانی چی تێدایە، ئینجا بە پۆلیسەكەی وت كە ئامادەیە خۆیی و كیسەكە رادەستی پۆلیس بكات و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، باوكم و پۆلیسەكە رێگایەكی دوورودرێژیان بڕی، تا گەیشتنە بنكەی پۆلیسی ناوچەی گەڵاڵە، لەوێ چیرۆكەكە بۆ بەرپرسی بنكەكە دەگێڕنەوە، ئەویش فەرمانی دا، كیسەكە بكرێتەوە. 
كاتێك كیسەكە كرایەوە دەركەوت كە پەتاتەی تێدایە نەوەك تووتن، لەوكاتەدا ئەو پۆلیسەی لەگەڵ خۆی هێنابووی تووڕە بوو و ویستی باوكم سزا بدات، بەڵام بەرپرسی بنكەی پۆلیس فەرمانی دا، كیسەكە بگەڕێننەوە بۆ شۆفێرەكە و لەسەر حیسابی پۆلیسەكە ئۆتۆمبێلێك بوەستێنن بۆ گەڕاندنەوەی باوكم بۆ رواندز.
ئەوەبوو باوكم ئازاد كرا و لەگەڵ كاكی پۆلیس بەخۆیی و بە كیسە پەتاتەكەی گەڕایەوە بۆ سەر شەقامی گشتی، بە درێژایی رێگا سوێندی بە خوا دەخوارد كە تووتنی تێدا بووە، تا ئۆتۆمبێلێك هات و پۆلیسەكە رایگرت بۆ گەڕاندنەوەی باوكم.
 كاتێك گەیشتنە رواندز گەڕان بۆ دۆزینەوەی كیسە تووتنەكە و گەڕاندنەوەی كیسە پەتاتەكە، شۆفێرەكە چاوەڕێی دەكردن و پێی وتن: كیسە تووتنەكەمان دۆزییەوە، بەڵام كیسە پەتاتەكەمان لە دەست چوو! باوكم پێكەنی و جارێكی تر هەردوو كیسەكە گۆڕدرانەوە.
لەم چیرۆكەدا پۆلیسێكی نەزان و توندوتیژ لە دووری سەدان كیلۆمەتر لە شوێنی خۆی، كە تێناگات لە سروشتی ژیانی خەڵكی ناوچەكە، مافی ئەوەی هەیە كە موحتاجێكی هەژار سزا بدات و دەست بەسەر كیسە تووتنێكدا بگرێت كە مەترسیدارتر نییە لە پەتاتە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان