ئا: رەوەست نەوزاد
لە چوارچێوەی یادی 33 ساڵەی كوردستانی نوێ -دا رۆژی شەممە11/1/2025 لە ساڵۆنی لاپەڕە 9 ی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری(ی.ن.ك) بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیران، كۆڕێكی بۆ هەریەك لە مامۆستا مومتاز حەیدەری نووسەر و رۆژنامەنووس و دكتۆر عەبدولواحید ئیدریس مامۆستای زانكۆ و تەها عەبدوڵڵا رۆژنامەنووس سازكرد.
لەسەرەتای كۆڕەكەدا مامۆستا مومتاز حەیدەری وتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ وەكو خوێندەوارێكی كورد بتوانم لەو یادەدا كە یادێكی گەورە و مەزنە بەشداری بکەم، چونكە بەر لە 33 ساڵ بۆ یەكەمجار لە خاكی نەتەوەیی كوردستان، رۆژنامەیەكی سەرتاسەری كوردستانی، وەكو ئەستێرەیەكی گەش لە شاری هەولێر گەشە دەكات.
وتیشی: بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە تێكڕای ئەو كەسانە دەكەم كەبوونە هۆی دامەزراندن و دەركردن و پێشخستنی ئەو رۆژنامەیە و دەستخۆشیان لێدەكەم، بەتایبەتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە توانیان لەو سەردەمە ئاڵۆزەی پاش راپەرین، بیر لە دەركردنی رۆژنامەیەكی رۆژانە لە كوردستاندا بکەنەوە، كە ئاواتێكی دێرینی كورد بووە بەتایبەتی جەنابی رەوانشاد مام جەلال و كاك كۆسرەت و كاك ئەرسەلان بایز و ئەوانی تر.
سەبارەت بەدەستبەكاربوونی لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ وتی: رۆژێكیان هەریەكە لە نووسەران كەریم دەشتی و سەعدوڵڵا پەرۆش، هاتنە ماڵەوە بۆ لام، وتیان برادەرانی یەكێتی بەنیازن رۆژنامەیەكی رۆژانە لە هەرێم دەربكەن، بۆیە پێیانخۆشە كاریان لەگەڵ بكەیت، منیش وتم كێشەم نییە و پێشمخۆشە، بەڵام بە مەرجێك وەكو رۆژنامەنووسێكی سەربەخۆ كاربكەم، ئەوانیش وتیان بەهەر چۆنێك بێت ئێمە پێمانخۆشە و بە شانازییەوە داواكاریەكەت قبوڵ دەكەین، ئەوەبوو وەك لێپرسراوی لاپەڕەی پێنج و شەشی رۆژنامەكە دەست بەكاربووم.
دواتر دكتۆر عەبدولواحید ئیدریس، مامۆستای زانكۆ وتی: من لەو رۆژنامەیە وەكو نووسەر و كارمەند كارم نەكردووە، بەڵام وەكو خوێنەرێك و نووسەرێك لێی نزیك بووم، من باسی ئەو رۆژنامەیە لەڕووی دیموكراسی و لاپەڕەی ئازاد دەكەم، كە دوای چەندین ساڵ ئینجا رۆژنامەی تر بەناوی ئۆپۆزسیۆن دەرچوون و ئەوانەی لە كوردستانی نوێ دەنووسرا، ئینجا ئەوان دواتر دەیانووسی، ئەمەش شانازییەكی گەورەیە بۆ كوردستانی نوێ، لەكاتێدا ئۆرگانێكی حزبیش بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لاپەڕەیەك یا دوو لاپەڕەی بۆ بیروڕای ئازاد تەرخانكردبوو، بۆئەوەی خەڵكی رای خۆیان لەهەموو بوارەكاندا دەڕببڕن.
پاشان تەها عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووس و سەرپەرشتیاری دوو توێی(كوردستانی نوێ هەولێر) رایگەیاند: هەرچەندە بڕیار بوو سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەكە ئامادەی ئەم كۆڕەبن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك چالاكی بەو بۆنەیە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بۆیە داوای لێبوردنیان كرد.
وتیشی: ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم دوو توێی (كوردستان نوێ هەولێر)ە، كە تائێستا حەوت ژمارەی لێدەرچووە، بۆیە لێرەدا بەدەرفەتی دەزانم، داوا لە نووسەران و رۆشنبیران بكەم بە نووسین و وتارەكانتان هاوكارمان بن، چونكە یەكێك لەو رەخنانەی لەو دووتوێیە دەگیرێت ئامادەنەبوونی نووسەران و رۆشنبیرانی هەولێرە.ئاماژەی بەوەشكرد ئامانجی سەرەكی دەركردنی ئەو چوار لاپەڕە تایبەتەی كوردستانی نوێ بە هەولێر، بۆئەوەیە بابەتەكانی ئەم شارە زیاتر لە رۆژنامەكە رەنگ بداتەوە.پاشان هەریەكە لە د. هیمداد حسێن نووسەر و سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد و عیسا حسێن نووسەر ئەکادیمی و د. ئەحمەد حەمەدەمین نووسەر و مامۆستای زانكۆ و ژمارەیەك لە بەشداربووانی كۆڕەكەی ساڵۆنی لاپەڕە9، چەند وتەیەكیان بەو بۆنەیەوە پێشكەشكرد و تیشكیان خستە سەر مێژووی كوردستانی نوێ و گرنگی دەركردنی رۆژنامەیەكی رۆژانە لەو كاتانەدا، هەروەها ئاماژەیان بە گرنگی پاراستنی ئەرشیفی رۆژنامەگەریی كوردیدا، بەتایبەتی كوردستانی نوێ، بۆئەوەی نەوی نوێ، ئاشنای ئەو مێژووەبن و رووداوەكانی ئەو رۆژانە لە دووتوێی ئەو رۆژنامەیە بپارێزرێت.