قەزای مەخموور لە نێوان دەسەڵاتی دوو پارێزگادا

12:05 - 2025-01-15
دووتوێ
24 جار خوێندراوەتەوە
قەزای مەخموور

ئا: رەهێل سەمەد

لە چەندین خزمەتگوزاری بێبەشكراوە
قەزای مەخموور كەوتۆتە بناری شاخی قەرەچوخ و نێوان هەردوو زێی گەورە و بچوك، بە یەكێك لە قەزا دێرینەكانی كوردستان دادەنرێت و هەرچوار پارێزگای كەركوك و نەینەوا و هەولێر و سەڵاحەدین (تكریت) بەیەكەوە دەبەستێتەوە، پێكهاتەی دانیشتوانەكەی زۆرینەی كوردە، لەگەڵ بەشێك لە عەرەبی رەسەن، لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقدا سەر بەپارێزگای هەولێر بووە، بەڵام لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو و لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بە بڕیارێكی(مجلس قیادة الثورة) گوازرایەوە سەر پارێزگای نەینەوا.
شارۆچكەی مەخموور ژینگە و كەشوهەوایەكی نیمچە گەرمی هەیە و خاوەن زەوییەكی بەپیت و بەرەكەتە، لەرووی چاندنی گەنم و جۆ، بەجۆرێك بە یەكێك لە باشترین ناوچەی عیراق لەڕووی كشتوكاڵی دادەندرێت، سنووری مەخموور جگە لەوەی نەوتی هەیە، شاخ و چیا و خاكەكەی دەوڵەمەندە بەچەندین پێكهاتەی جیاواز، كە بۆ دروستكردنی گەچ و چیمەتنۆ سوودی زۆری لێوەرگیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هاووڵاتیانی ئەو سنوورە لە چەندین خزمەتگوزاریی بێبەشن و ناوچەكە وەكو پێویست ئاوەدان نەكراوەتەوە.
لەوبارەیەوە غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە و دانیشتوی  مەخموور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: مەخموور چەندین كێشەی  هەیە وەك: دامەزراندنی گەنجان و كێشەی ئاو و كارەبا و رێگەوبان، ئەمە جگە لەوەی هاوكاریی خەڵكی گوند و دێهاتەكان نەكراوە، تابگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و سوود لە زەوییەكانیان وەربگرن. 

مەخموور چەندین كێشەی  هەیە وەك: دامەزراندنی گەنجان و كێشەی ئاو و كارەبا و رێگەوبان، ئەمە جگە لەوەی هاوكاریی خەڵكی گوند و دێهاتەكان نەكراوە، تابگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و سوود لە زەوییەكانیان وەربگرن

وتیشی: لەگەڵ تێكدان و كاولكردنی گوندەكانی كوردستان لە سەردەستی رژێمی بەعس، سەرجەم گوندە كوردنشیینەكانی ئەم سنوورە خاپوركران، هەرچەندە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق لە 2003 بەشێك لە گوندەكان ئاوەدانكرانەوە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێم و بێ باكی بەغدا، تەنوانرا تەواوی ئەو گوندانە ئاوەدان بكرێنەوە، بەتایبەتی دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش، رێژەیەكی زیاتر لە گوندەكان چۆڵكران و روویان لە شاری هەولێر و شوێنەكانی تر كرد.
یوسف حسێن هاووڵاتییەكی دیكەی مەخموورە بۆ كوردستانی نوێ وتی: مەخموور جگەلەوەی لە چەندین خزمەتگوزاریی بێ بەشكراوە، لەهەمانكاتدا بوونی سوپای عیراقی بەناوی پاراستنی ناوچەكە لە تیرۆر، خەڵكەکەی بێزاركردووە، بەتایبەتی لە نێوان سەنتەری مەخموور و گوند و ناحیەكان، چونكە لەكاتی هاتوچۆدا، رێگرییەكی زۆر لە خەڵكی دەكەن و رێگا بەگواستنەوەی كەلوپەلی كشتوكاڵی و سووتەمەنی نادەن.
 وتیشی: پێویستە مەخموور لە نێوان هەولێر و موسڵ یەكلابكرێتەوە، چونكە لەنێوان ئەو دوو پارێزگایەدا، خەڵكەکەی بۆتە قوربانی، لەهەمانكاتدا ئیدارەی شارۆچكەكە كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە و لە هەولێرەوە دانراوە، دەسەڵاتی بەسەر شارەكەدا نییە و ناتوانێت داواكاریی خەڵك وەكو پێویست جێبەجێ بكات، بەجۆرێك لەكاتی گرفتەكان بەهانای خەڵكەوە نایەت.
ئاماژەی بەوەشكرد: مەخموور یەكێك لەو قەزایانەیە كە هیچ بەرەو پێشچوونێكی بەخۆیەوە نەبینیوە، بە نموونە لە ساڵانی هەشتاكاندا نەخۆشخانەی لەدایكبوونی هەبووە، كەچی ئێستا بنكەی تەندروستی هەیە و دایكان بۆ حاڵەتی لەدایكبوون روو لە شارەكان دەكەن، لەحاڵەتێکدا دەبوو دانیشتوانی سنووری مەخموور لەچوارچێوەی ماددەی 140دا، قەرەبوو بكرێنەوە، بەو پێیەی لەسنووری ناوچە دابڕاوەكانە، بەڵام لەو رووەشەوە بەشێكی زۆر لە خێزانەكان بێ بەشكراون و قەرەبووەكەیان وەرنەگرتووە.
هەرلەبارەی قەزای مەخموور، محەمەد جاسم كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ كوردستنی نوێ وتی: لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە ئیدارەی مەخموور لەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانە، تا ساڵی رابردوو، بەبڕیاری ئەنجومەنی پارێگای نەینەوا، بەهۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ژمارەیەك پۆست لەو حزبە وەرگیرایەوە، لەوانەش قائیمقامی قەزای مەخموور، درا بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەچی تائێستا ئامادەنییە دەست بەرداری ئەو پۆستە بێت و بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا جێبەجێ بكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا باسی لەوەشكرد: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەرفەتێكی باش بوو، تا ئیدارەی  قەزا و ناحیەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، چونكە بەشێكیان ماوەیەكی زۆرە لەو پۆستە ماونەتەوە و پێویستیان بەوەیە، کە كەسانی تر شوێنیان بگرێتەوە، بۆیە ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگا، بەردەوام جەخت لە دانانی كەسانی شیاو لە شوێنی شیاو دەكەینەوە، تابتوانن باشتر خزمەتی خەڵكەكە بكەن، بەتایبەتی سنوورێكی وەك مەخموور، كە نەدەبوو بەو جۆرە پشتگوێبخرێت، لەكاتێكدا ناوچەكە خۆی بەچەندین سامانی سروشتی دەوڵەمەندە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان