ئا: رەوەست نەوزاد
قەڵای بانەمان، یەكێكە لە قەڵا مێژوویی و كەلتورییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر بەشێوەیەكی ئەندازەیی كوردی دروستكراوە، بەپێی وتەی شوێنەوارناسان مێژووی دروستكردنەكەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆران دەگەڕێتەوە، كە كەوتۆتە سەر رێگای هەولێر پیرمام، لە نزیك گوندی بانەمان، هەرچەندە بەگوێرەی یاسای شوێنەواری عیراق، هەر شتێك تەمەنی كەمتر لە 200 ساڵ بێت، بە كەلەپووری ئەژمار دەكرێت، بەڵام ئێستا تەمەنی قەڵای بانەمان زیاترە، بۆیە قەڵاكە لە كەلتورییەوە گۆڕا بۆ شوێنەوار.
عەلی بانی شاری شوێنەوارناس لەبەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر لەبارەی ئەو قەڵایە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: قەڵای بانەمان نزیكەی 22 كیلۆمەتر لە چەقی شاری هەولێر دوورە و بەرزیەكەشی 40 مەترە، تائێستا لایەنە مێژووییەكەی لەدەستنەداوە و گەشتیارێكی زۆر سەردانی دەكەن و چوونە ژوورەوەی بەخۆڕاییە، هەروەك چەندین ئامێری رووناك كردنەوەی بۆ دانراوەو رێگای چوونە سەر قەڵاكەش چاككراوەتەوە و پاسەوانی هەیە.
د.جەمال جەمیل پسپۆڕ لە بواری نۆژەنكردنەوەی بینا و شوێنەوارییەكان و كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دروستكردنی ئەو قەڵایە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی میر محەمەدی پاشای میرنشینی سۆران دەگەڕێتەوە، كە لە ساڵی 1813تا 1834زایینی فەرمانڕەوایی كردووە، رایەك هەیە دەڵێت، لە ساڵی 1827ی زایینی دروستكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی دروستكردنەكەی بەتەواوی روون نییە كەی بووە، ئەو زانیاریەش راست نییە، كە دەوترێت لە سەردەمی خانزادی میری سۆران دروستكراوە، چونكە ئەو ژنە لە سەدەی حەڤدەی زایینی فەرمانڕەوایی كردووە، كە پایتەختی میرنشینەكەی لە دەشتی هەریر بووە و پایتەختەكەشی لە قەڵای خانزاد بووە كە لەچیای بەنی هەریر دروستیكردووە.
د. جەمال ئەوەشی ئاشكرا كرد قەڵای بانەمان یەكێكە لە قەڵا سەربازییەكان كە میر محەمەد ویستوویەتی میرنشینەكەی فراوان بكات بۆ فراوانكردنیشی پێویستی بەدروستكردنی قەڵا و ناوەندی سەربازی هەبووە. لە ساڵی 2005 نۆژەنكراوەتەوە، بە دووری 500 مەتر لە خوار قەڵاكە شوێنەواری كۆن دۆزراوەتەوە، كە پێدەچێت لە سەدەی حەڤدە و هەژدەی زایینی ئاوەدانییەكی زۆری تێدا بووبێت، بەتایبەتی كە چەند گۆڕستانێكی كۆنی لە دەوروبەری هەیە، ئێستا بۆتە شەقامی گشتی خێرای پیرمام، بەڵام زیادەڕۆییەكی زۆری كراوەتە سەرو بەشێكی تێكچووە.
ئەو پسپۆڕی شوێنەوارییە باسی لە كەرەستەكانی بینای قەڵاكە كرد و وتی: كەرەستەی سەرەكی خڕە بەردی سروشتی بووە، بەڵام ماددە لكێنەرەكانی بریتین لە گەچ و قسڵ و خۆڵەمێش، كە ئەوەش وادەكات وەكو ترشاندنێكی لێبێت و بەهۆیەوە بیناكە بەهێز بێت، بەتایبەتی بۆ پاراستنی لە دزەكردنی ئاو.
وتیشی: دوای ئەوەی میر محەمەد دەسەڵاتەكەی لەناودەچێت، دەسەڵاتی رەهای عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و رەواندز و كۆیە، كە پێشتر قەڵەمڕەوی میرنشینی سۆران بوون، ئەم قەڵایانە پشتگوێ دەخرێت، تا سەردەمی پاشایەتی عیراق، كە لە ساڵی 1921 دەستپێدەكات، دووبارە سوود لە قەڵاكە بینراوەتەوە و وەكو بنكەیەكی سەربازی و ناونووسین بەكاریانهێناوە و نۆژەنیان كردۆتەوە.