بەهۆی خراپی رێگاوبان و نەبوونی خزمەتگوزاریی

ناوچە گەشتیارییەكانی هەولێر لە پاشەكشەدان

12:17 - 2025-01-15
دووتوێ
18 جار خوێندراوەتەوە
ناوچەیەکی گەشتیاریی لە هەولێر

ئا: رەوەست نەوزاد

 

هەندێك شوێنی گەشتیاری لە هەولێر هەیە، بۆ مەبەستی تایبەتی حزبی و كەسی قۆڕخكراوە و هیچ كەسێك بۆی نییە هەر سەردانی بكات و بەلاشیەوە دابچێت

لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین شوێنی گەشتیاری جوان و دڵڕفێن هەیە، لەسەرئاستی هەرێمی كوردستان و عیراقیش ناسراون و ناوبانگیان دەركردووە، لەوانە(شەقڵاوە، بێخاڵ، جوندیان، گەلی عەلی بەگ، رواندوز، ناوچەی بارزان) و چەندین هاوینەهەواری دیكە، بەڵام بەهۆی كەموكوڕی خزمەتگوزاری و خراپی رێگاوبانەكان، نەتوانراوە وەكو پێویست سوود لەو شوێنە گەشتیارییانە وەربگیرێت.
ئەڤین عومەر، هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە ساڵانە چەندجارێك سەردانی ئەو ناوچە گەشتیاریانە دەكات و بۆ كوردستانی نوێ وتی: هاوینەهەوارەكانی پارێزگای هەولێر، بەتایبەتی ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شوێنی زۆر دڵڕفێنن، بەڵام چەندین كەموكوڕییان هەیە، نەبوونی پارك و باخچەی گەورە و شاری یاری فراوان بۆ منداڵان و باخچەی ئاژەڵان و خراپی و ناڕێكی پاركەكانی وەستاندنی ئۆتۆمبێل، هەروەها پێویستی بە فراوانكردنی شەقامەكانیش هەیە.وتیشی: ناوچەكانی خەلیفان و وەرتێ، دوو ناوچەی گەشتیاریی پارێزگای هەولێرن، خاوەنی چەندین سەرچاوەی ئاون، هەرچەندە خاوەن شوێنەكان، كەپر و خانووی گەشتیاریان لەسەر ئاوەكە دروستكردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەبێ پلان و بەشێوەیەكی سادە و ناشارستانی دروستكراوە، لەجیاتی جوانكردنی دیمەنی ناوچەكە، بۆتە هۆی شێواندن و لەدەستدانی سروشتی جوانی شوێنەكە. 
هاوسەر عەلی، گەنجێكی دانیشتووی شاری هەولێرە، ئەو باسی لە گرفتی ناوچەی تری گەشتیاریی پارێزگای هەولێر كرد و وتی: پارێزگای هەولێر خاوەنی چەندین شوێنی گەشتیارییە، بەڵام لەبەرئەوەی شوێنەكانیان شاخاوی و سەختن، گەشتیار بەزەحمەت دەستی پێدەگات، لەكاتێکدا دەبوو حكومەتی هەرێم رێگاوبانەكانی ئەو شوێنانە چاكبكاتەوە و ئاسانكاریی بۆ گەیشتن بەو ناوچە گەشتیارییانە بكات، بەڵام بەداخەوە هەندێك شوێن تائێستا قیرتاو نەکراوە، ئەمەش وایكردووە گەشتیار كاتێكی زیاتری پێویست بێت تا دەگاتە ئەو شوێنانە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ناوچەی بارزان ناوچەیەكی فراوانی پارێزگای هەولێرە، چەندین شوێنی گەشتیاریی سەرنجڕاكێشی تێدایە، لەوانە(گەلی زۆرەگڤان)، كە شوێنێكی سروشتی ناوازەیە، بەڵام ئەم شوێنەش هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی وەكو دروستكردنی كەپری گەشتیاریی تێدا نییە و رێگاكانی گەیشتن پێی خراپە، هاوینەهەواری(ئیسۆ مەلیان)یش كە لەهەمان ناوچەیە، كێشەی خراپی رێگاكەی هەیە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێكی زۆر بەرز نەبێت، كەس ناتوانێ سەردانی بكات. 
ئەحمەد كەیفی، هاووڵاتیەكی دیكەی هەولێرە زۆربەی كات سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكە دەكات پێیوتین: جگە لەوەی زۆربەی ناوچە گەشتیارییەكان گرفتی رێگاوبان و شوێنی حەوانەوەی خێزان و WC و خزمەتگوزاریی شارەوانیان هەیە، لەهەمانكاتدا زۆربەی كارمەندی ئەو شوێنانە كەسانی بیانین، بەشێكیان زمانی كوردی نازانن، ئەمەش وادەكات گەشتیاری كورد هەست نەكات لە وڵاتەكەی خۆیەتی.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە وەك خێزانی خۆمان چەندجارێك هەوڵمانداوە سەردانی هەندێك ناوچەی گەشتیاریی لە سنووری برادۆست بكەین، بەڵام بە بیانووی بوونی هێزی سەربازی و قەدەغەكردنی راو، رێگرییمان لێكراوە و نەیانهێشتووە سەردانی بكەین، ئەمە جگە لەوەی هەندێك شوێنی گەشتیاری لە هەولێر هەیە، بۆ مەبەستی تایبەتی حزبی و كەسی قۆڕخكراوە و هیچ كەسێك بۆی نییە سەردانی بكات و بەلاشیەوە دابچێت.
نەریمان فازڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاریی هەولێر  لەبارەی ئەو گرفتانە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ رێكخستنەوەی كۆی گشتی بواری گەشتیاریی لە سنووری پارێزگای هەولێر پڕۆژەی جوان ئامادەكراون، بەتایبەتی ئەو پڕۆژەیەی كە لەسەر چیای سەفین جێبەجێ دەكرێت، كە تەنیا جێبەجێكردنی ماوە.
وتیشی: بەدروستكردنی ژمارەیەك بەنداو لە سنووری هەولێر، ناوچە گەشتیارییەكان گۆڕانكاریی باشیان بەسەردا دێت و كەموكوڕییەكان چارەسەر دەكات، لەبارەی خزمەتگوزارییەكانیش بەهەمانشێوە پلان و بەرنامە هەیە، بۆئەوەی كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان