سەرۆك كۆمار: كاری جددی بكرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی رێگرن لە گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان

12:21 - 2025-01-15
عیراق
18 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە موسەننا سامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا باسیان لە «چۆنیەتی بەهێزكردنی كۆدەنگیی سیاسیی نێوان لایەنەكان كرد بە ئامانجی سەقامگیری و چاكسازی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان».
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە كە «پێویستە هێزە سیاسییەكان كاری جددی بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی رێگرن لە گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان و كۆتاییهێنان بە زۆرێك لەو پرسانەی هۆكاری قەیرانەكانی وڵاتن»، لەو چوارچێوەیەشدا داوایكرد پەیوەندی و متمانەی بەهێز لەنێوان فراكسیۆنەكاندا دروست ببێت و بەرەوپێش بچێت، ئەویش لەڕێگەی گفتوگۆوە بەدیدێت».
سەرۆك كۆمار، جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگی بەهێزكردنی رۆڵی یاسادانان و چاودێریكردنی ئەنجومەنی نوێنەران و بەدواداچوون لەسەر جێبەجێكردنی سیاسەت و بەرنامەكانی حكومەت و باشتركردنی كاری دامەزراوەكان و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە یاساكانەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم، رایگەیاند: قۆناغی ئێستا پێویستی بە هاریكاریی زیاتری نێوان لایەنەكانە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشتركردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان.

كۆبوونەوە لەگەڵ وەفدێكی كوتلەی سادقون

لەمیانی پێشوازیشی لە وەفدێكی كوتلەی پەرلەمانتارانی سادقون بە سەرۆكایەتیی د.حەبیب حەلاوی ئەندامی لیژنەی یاسایی، سەرۆك كۆمار، پشتیوانی بۆ كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتكردەوە و داوایكرد پەلەبكرێت لە دەركردنی ئەو یاسایانەدا كە بۆ ئێستا زۆر پێویستن و هۆكاری چارەسەری كێشەكانن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان