كتێبـی (جەنگی سارد 1917-1991) نووسینی پرۆفیسۆر د.ئیڤان ڤاندێن بێرخ-ە، كە رێكەوت ئیسماعیل لە هۆڵەندییەوە كردوویەتی بە كوردی، نوێترین كتێب و چاپكراوی (بۆردی هۆشیاری) سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و بە تیراژی 500 دانە بڵاوكرایەوە.
جەنگی سارد، زاراوەیەكی سیاسییە كە گوزارشت لە دۆخی گرژیی و بێ متمانەیی و نائارامیی نێوان دوو، یان چەندین دەوڵەت و هێزی سیاسی دەكات. ئەم چەمكە مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام وەك حاڵەتێكی جێگر لە دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917 و كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم (1918) خۆی سەپاند.
نووسەر باس لەوە دەكات كە لە زۆربەی قۆناغەكانی جەنگی سارددا، سەركردە گەورەكان هەمیشە دەیانزانی كە دوژمنی بەرامبەریان نایەوێت هێرش بكات، زۆرجار رای گشتییان لە خشتە بردووە و زۆرجار سەركردەكان جەنگی ساردیان كردۆتە بیانوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە زۆر كەس جەنگی سارد بە فریودانێكی گەورە سەیر دەكەن.
كتێبەكە لە هەشت بەش پێكهاتووە و هەر بەشێك باس لە ناوچەیەكی جیهان لە سەردەمی شەڕی سارد دەكات. بۆ نموونە شەڕی نێوان چین و ژاپۆن، شەڕی كۆریا و زۆر بابەتی دیكە.