لە هەولێر رێوڕەسمێك بۆ یادی كارەساتی 1ی شوبات بەڕێوەچوو

11:47 - 2025-02-02
کوردستان
149 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

دوێنێ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حزبی و حكومی و كەسوكاری شەهیدان، رێوڕەسمێك لە یادی 21 ساڵەی كردەوە تیرۆریستییەكەی 1ی شوباتی ساڵی 2004ی هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی و لقی دووی پارتی بەڕێوەچوو، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەس لە سەركردە و فەرماندە و كادر و دۆست و لایەنگرانی هەردوولا شەهیدبوون و ژمارەیەكی زیاتریش برینداربوون.
لە رێوڕەسمەكەدا تاجەگوڵینەی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان و كەسوكاری شەهیدانی یەكی شوبات، لەسەر مۆنۆمێنتی ئەو كارەساتە لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر دانرا.
ساڵح ئاسۆ كوڕی شەهید ئاسۆ موعەلیم یەكێك لە شەهیدانی كارەساتی 1ی شوبات، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەیادی 21 ساڵەی كارەساتی 1ی شوباتی خوێناویی، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو كارەساتە دادەنەوێنم و هیوای تەندروستییەكی باش بۆ برینداران دەخوازم، كە تا ئێستاش بەشێكیان بەدەستییەوە دەناڵێنن، وتیشی: ساڵانە لەم رۆژەدا برینی كەسوكاری شەهیدان دەكولێتەوە، كە منیش یەكێكم لەو خانەوادانەی لە رووداوەكەدا كەسێكی ئازیزمان لەدەستداوە.
باسی لەوەشكرد كە تەقینەوەكەی هەردوو بارەگای مەڵبەندی یەكێتی و لقی پارتی، جگەلەوەی 102 فەرماندە و سەركردە و كادری بەتوانای هەردوولا و ژمارەیەك میوان شەهیدبوون، هاوكات ئەو رووداوە دەنگدانەوەیەكی زۆری لە دەرەوە و ناوەوە هەبوو، كە كارەساتەكە لە جەژندا بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان