لە هەولێر، كارگەكانی دروستكردنی دەرگا و پەنجەرەی ئاسن ناچار بەداخستن دەكرێن

11:14 - 2025-02-05
دووتوێ
9 جار خوێندراوەتەوە
ئەو كارگانەی لەو ناوچە پیشەسازییەکان ماون، بازاڕیان كز بووە

ئا: رەهێل سەمەد

 
ماوەی زیاتر لە چڵ ساڵە لە نێوان گەڕەكی ئازادی و راستی شاری هەولێر، ناوچەیەكی پیشەسازی تایبەت بە كارگەی دروستكردنی دەرگا و پەنجەرەی ئاسن دامەزراوە و لەوكاتەوە بەشێوەیەكی بەردەوام بەرهەمەكانیان دەخەنە بازاڕەوە، هاوكات بەهۆی ئەوەی دەستكردی خۆماڵییە، ئەو بەرهەمانە خواستێكی زۆریان لەسەرە. كەچی دوای ئەو ماوەیە لەكاتی ئێستادا مەترسی نەمانی ئەو ناوچە پیشەسازییە و كارگەكانی بەرهەمی ئاسن دەكرێت، هۆكارەكەشی بۆ ئیدارەی پارێزگای هەولێر دەگەڕێتەوە، بەوپێیەی خاوەن كۆگا و موڵكەكانی ئەو شوێنانە هاندەدا، شوێنی كارگەكان بكەن بە كۆمپانیای بازرگانی و پێشانگای كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، وەك پیشەوەران ئاماژەی بۆ دەكەن، بەو هەنگاوە حكومەت پارەیەكی زیاتری دەست دەكەوێت، بەڵام زیانێكی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆ دەكەوێت و ژمارەیەكی زۆر لە كارگەكان دادەخرێن.
فەیسەڵ حسێن، وەك یەكێك لە خاوەن كارگەكانی دروستكردنی دەرگا و پەنجەرە بۆ كوردستانی نوێ وتی: ژمارەی دروستكردنی پێشانگای ئۆتۆمبێل لەم شوێنە رۆژ بەڕۆژ لەزیادبوون دایە، بەڵام لەجێگای هەر پێشانگایەكی ئۆتۆمبیل، كارگەیەك یان شوێنێكی پیشەسازی تێكدەچێت، ئەمەش وایکردوو کە ژمارەی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل زۆر لە كارگەكان زیاتر بێت، لەهەندێك شوێندا كارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل تێكەڵ بوون، ئەمەش ئاستەنگی بۆ هەردوولا دروست كردووە.

شارەوانی، مۆڵەتی ساڵانەی ئەو كارگانە تازە ناكاتەوە، تەنیا ئەگەر پیشەكەیان بۆ بازرگانی و كۆمپانیای تۆتۆمبێل و بابەتەكانی تایبەت بە خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێل بگۆڕن، تا باج و رسوماتی  زیاتریان  لێوەربگرن

وتیشی: ئەو كارگانەشی لەو ناوچە پیشەسازییە ماون، بازاڕیان كز بووە و كڕیاران بەهۆی جەنجاڵی و نەبوونی رێگا، ناتوانن سەردانمان بكەن، هەروەها رێگای هاتنەژوورەوەی كەلوپەل و پێداویستیی كارگەكەمان زەحمەت بووە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی بەشێك لە خاوەن كارگەكان بیر لە چۆڵكردن و وازهێنان لە پیشەكەی خۆیان بكەنەوە، چونكە  هەست دەكەن ئیتر ناوچەی پشەسازی دەرگا و پەنجەرە، بە كەڵكی كاركردن نەماوە.
ئەو خاوەن كارگەیە ئاماژەی بەوەشكرد: یەكێكی تر لە هۆكارەكانی چۆڵبوونی ناوچەی پیشەسازی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شارەوانی مۆڵەتی ساڵانەی ئەو كارگانە تازە ناكاتەوە، تەنیا ئەگەر پیشەكەیان بۆ بازرگانی و كۆمپانیای تۆتۆمبێل و بابەتەكانی تایبەت بە خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێل بگۆڕن، تا باج و رسوماتی  زیاتریان لێوەربگرن.
سامی عەبدوڵڵا، خاوەن كارێكی دیكەی شوێنەكەیە لە بارەی ئامانجی گۆڕینی پیشەی ئاسەنگەری بۆ بازرگانی ئۆتۆمبێل پێیڕاگەیاندین: یەكێك لە ئامانجی حكومەت لەو هەنگاوە، قازانجكردنی زیاتری پارە و داهاتە، چونكە  بۆ وەرگرتنی باج و رسوماتی ساڵانە لە پێشانگای تۆتۆمبێل یان هەر كارێكی بازرگانی، بڕە پارەیەكی زیاتر بەراورد بە كەرتی پیشەسازیی و كارگەكان وەردەگرێت.
باسی لەوەشكرد: راستە ئەو شوێنە پێشتر بەشێكی پێشانگای ئۆتۆمبێل لێبووە، بەڵام خۆی ناوچەیەكی پیشەسازییە، چونكە جگە لە كارگەكانی دروستكردنی دەرگا و پەنجەرەی ئاسن،  پێشتر كارگەی رستن و چینی لێبوە، كە رۆژانە قوماشی پلەیەكی لێ بەرهەم دەهات، بۆیە دەكرا شوێنی گونجاو بۆ كارگەكان دابین بكەن، كە نزیك بێت لە شار و خزمەتگوزاریی بۆ دابین بكرێت.
هەر پەیوەست بەو بابەتە حاجی دێدەوان، خاوەنی یەكێك لە پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، كە پێشتر  شوێنەكەی كارگەی  دروستكردنی دەرگا و پەنجەرە بووە پێیوتین: راستە لە ئێستادا ناوچەی پیشەسازی كارگەكانی ئاسن گۆڕانكاریی بەسەرداهاتووە و رۆژبەرۆژ ئەو گۆڕانكارییانە زیاتر بەدیدەكرێت، ئەوەش گۆڕانە بۆ شوێنی بازرگانی ئۆتۆمبێل، چونكە ژمارەی ئۆتۆمبێل رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە.
وتیشی: ئێمە یەكێك بووین لەوانەی كاری خۆمان لە كارگەوە بۆ پێشانگای ئۆتۆمبێل گۆڕیوە، هەرچەندە سەرەتا نیگەران بووین لەوەی ناتوانین لە كاری پیشەیی خۆمان بەردەوامبین، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوروپشتمان هەمووی بوو بە پێشانگای ئۆتۆمبێل، ئێمەش ناچار بووین واز لەكاری پیشەسازی بهێنین و روو لەكاری بازرگانی  ئۆتۆمبێل بكەین.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان