محەمەد سەعید كوردە
ماوەیەکی زۆر جووەكانی شاری هەولێر بەشێوەیەکی ئاشتییانە و برایانە لەگەڵ برا مسوڵمانەکانیان ژیاون. جووەكان پۆشاكیان كتومت وەك پۆشاكی خەڵكی شار هەولێر بووە، تەنیا بە ناوەكانیان لە مسوڵمانان جیا دەكرانەوە، هەروەها بەزۆری ئیشی عەتاری شەكر و چاو و خمچێتی و كوتاڵفرۆشی و قەسابی و بەقاڵی و زەڕنگەریی و ئیشی دەستی و زۆر كار و كاسبی دیكەیان دەكرد، لە هەمووشیاندا شارەزاییەكی باشیان هەبوو.
هەروەها لە هونەری شێوەكاریشدا هاوتایان نەبووە، باشترین نموونەش مامۆستای هونەر(مونیر قەساب) و (دانیاڵ قەساب) بوون، كە ناوێكی دیار و پرشنگدار بوون بە جۆرێك چەندین قوتابی نموونەیی وەك (جابیر پیرداود)ی پەیكەرتاش و(ئەسكەندەر عوسمان)ی وێنەكێش و (عەبدولواحید مەرجان)ی وێنەكێش و فرە بەهرە و دەیانی دیكەی پێگەیاند، كە ناویان بە پاكی چووە لاپەڕە گەش و پڕشنگدارەكانی مێژووەوە.
هەر شایەد حاڵەكان زیاتر پێمان دەڵێن، كاتێک جووەكان لە كۆتایی ساڵی چلەكان و سەرەتای ساڵی پەنجاكان بە گریان و چاوی پڕ لە فرمێسكەوە بە سواری فڕۆكە خوا حافیزیان كرد و بۆ زێدی خۆیان گەڕانەوە، چونكە تاسەر ئێسقان شاری هەولێریان خۆشدەویست و ئینتمایان بۆ خاك و نەتەوە بە ئەمەكەكەی هەبووە، كە ساڵانێكی زۆر تێیدا ژیابوون، لە بەرامبەر ئەوەشدا مسوڵمانەكانی هەولێریش زۆر نیگەران و دڵتەنگ بوون بە رۆیشتنی جووەكان، چونكە ساڵانێكی زۆر بوو بە یەكەوە لە شاری هەولێر دەژیان و ببوونە دۆستێكی گیانی بە گیانی یەکتری.
جێی وەبیرهێنانەوەیە جووەكانی هەولێر لە گەڕەكی تەعجیل نیشتەجێ ببوون، هەروەها بەشێكی گەڕەكەكەش بەناوی تەعجیلی جووەكان بوو، بەشەكەی دیكەشیان تەعجیلی مسوڵمانەكان بوو، بۆیە ئەوكات هەموویان پێكەوە ژیانیان دەكرد و تەبایی و برایەتی زاڵبوو بەسەریاندا، ئەوكات ژیان لە شاری هەولێر لەوپەڕی لووتكەدا بوو، خەڵكەكە دوور لە دین و ئایدیای جیاواز یەكتریان خۆشدەویست و ئەوپەڕی رێزیان لەیەكتر دەگرت و لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكدا لەگەڵ یەكتردا هاوكار بوون، بەوەش هێندەی دیكە شارەكەیان جوان كرد بوو.
هەر بۆ مێژوو دەڵێین جووە ناسراوەكانی ئەوكاتی هەولێر بە زۆری ناویان(موشی سلێمان و ناجی شاول و موراد سیتۆ و شوعە مخلوف و عەزرا یەڵدا) و چەند ناوێكی دیكە بوون، ئەو جووانە بە زمانی كوردی و توركی و سریانی و عبری قسەیان دەكرد
هەندێك لەو جووانەش ئایینی خۆیان جێهێشت و بە ئاشكرا هاتنە سەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام، وەك حاجی (مراد میر موهتەدی)، كە ئێستا بنەماڵەیەكی دیندارن لە شاری هەولێر و نەوەیەكیشی بە ناوی دكتۆر(محەمەد عەبدوڵڵا فەقێ موراد)ه، كە رۆژانی هەینی لە مزگەوتەكەی باپیرەی(حاجی موراد) لە گەڕەكی سێتاقان وتارخوێنە و خۆیشی پسپۆڕی لە نەخۆشییەكانی قووڕگ و گوێ و لووت هەیە.
دەگێڕنەوە لە گەڕەكی تەعجیل جووەك هەبووە بەناوی (نیسان كالۆ) كشتوكاڵ و نیوە تۆی لەگەڵ مسوڵمانەكانی خۆمان كردووە، جامبازەكانیشیان بە هەمانشێوە ئاژەڵ و جەرەبیان لەگەڵ یەكتر كڕیوە و لە مامەڵە و كڕین و فرۆشتندا شەریك بوون، هێندە سیقە و متمانەیان بە مسوڵمانەكان هەبووە، هەتا كاڵا و شتوومەكی گرانبەهایان بە قەرزی درێژخایەن پێداون.