ئەمڕۆ دانیشتنى دادگاى فیدراڵى بۆ گفتوگۆکردن لەسەر 13 سکاڵا بەڕێوەدەچێت کە چوار سکاڵایان تایبەتە بە هەرێمى کوردستان.
یەکێک لە سکاڵاکان لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و سکاڵاکار داوا دەکات هەموارى یاساى باری کەسیى ژمارە 188 ساڵى 1959 کە تایبەتە بە وەرگرتنى رەزامەندیى هاوسەرى یەکەم بۆ ئەنجامدانى هاوسەرگیریى دووەم لە بەردەم دادگا بەنایاسایی بناسێنێت.
سکاڵایەکى دیکە لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ناوخۆ تۆمار کراوە، کە سکاڵاکار دەڵێت، وەرگرتنى باج و رسوماتەکان بە گوێرەى یاساى ژمارە 86ـى ساڵى 2004 تایبەت بە تۆمارى ئۆتۆمبێل نایاساییە و وەزیرى ناوخۆ دەسەڵاتى ئەوەى نییە سزاکان کەم و زیاد بکات و سزادانى شۆفێر بەهۆى خێراییەوە زیاتر لە جارێک لە یەک کات و شەقامدا نایاساییە، چونکە لەسەر یەک سەرپێچى نابێت کەسێک دووجار سزابدرێت.
سکاڵایەکى دیکەی پەیوەست بە هەرێمى کوردستان، لەسەر سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە و سکاڵاکار دەڵێت، ناوى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان نایاساییە و پێویستە بکرێتە دامەزراوەى شەهیدان و ناوى ئەنفالکراوانى لێبکرێتەوە.
نۆ سکاڵاکەى دیکە ژمارەیەکیان پەیوەستن بە تێپەڕاندنی سێ یاسا مشتومڕاوییەکە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و سکاڵاکاران دەڵێن، ناکرێت سێ پرۆژەیاسا پێکەوە دەنگدانى لەسەر بکرێت و داوا دەکەن دادگا ئەنجامى ئەو کۆبوونەوەیەى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە.