قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن کۆبووەوە

06:47 - 2025-02-26
کوردستان
228 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی ئەراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. هاوکات بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم، ماڵئاوایی لە کونسوڵی گشتیی ژاپۆن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەموو هاوکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە و یارمەتیدانی مۆزەخانەی سلێمانی و گەڕاندنەوەی کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویی بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.

هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن لە بوارە جیاوازەکاندا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوای کرد حکومەتی ژاپۆن لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازییەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان