سامان حسێن سەرۆكی یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان، لەڕێگەی كوردستانی نوێ-وە پەیامێك ئاڕاستەی سەرمایەدار و خاوەن كار و كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان دەكات و داوای بەدەنگەوەهاتنی كەمئەندامان دەكات، كە بارودۆخیان زۆر خراپە.
لە پەیامەكەیدا دەڵێت: لەم مانگی رەمەزانەدا كەمئەندامان تەنها مووچەیەكیان وەرگرتووە كە بڕەكەی 100 بۆ 150 هەزار دینارە، ئەوەش بڕێكی زۆر كەمە و بەشی نیوەی پێداویستییەكانی رۆژانەیان ناكات، ئێستاش كە بەرەو جەژن دەچین، كەمئەندامان ناتوانن پێویستییەكانی خۆیان و خێزانەكانیان دابینبكەن و كەوتوونەتە بارودۆخێكی نالەبارەوە و بەتەواوی نائومێدبوون.
سەرۆكی یەكێتیی كەمئەندامان، داوا لە خێرخوازان دەكات لەپاڵ هاوكارییەكانیان لە پاكێجینی خۆراك بۆ كەمدەرامەتان و كەمئەندامانی ئەم شارە كە پێویستییەكانی رۆژانەیان لە خواردن دابیندەكات، بڕێك پارەش وەك هاوكاریی بدەنە كەمئەندامان بۆ كڕینی پێویستییەكانی جەژنیان.