میدیاکانی میسڕ بڵاویان کردەوە، بەهۆی تێکشکانی ژێردەریاییەکی گەشتیارییەوە لە دەریای سور، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 29 کەسیش رزگار کراون.
میدیاکانی میسڕ رایانگەندووە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژێردەریاییەکی گەشتیاری لە شاری غوردقەی میسڕ کە پێدەچێت 45 کەسی هەڵگرتبێت، لە دەریای سوردا تێکشکا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسیش بریندار بوون، هەروەها 29 کەس رزگار کراون.
ئەوەش هاتووە، ژێردەریاییەکە بە "سینباد" ناسراوە و لە ئێستادا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت، گەڕان بەدوای سەرجەم گەشتیارەکانی دیکەشدا بەردەوامە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی خێرا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاشکرا کردنی ناسنامەی گەشتیارەکەن پێکهێنراوە.